ڕیفراندۆم لەبەغداد؛ دوو بیرەوەری تاڵ…

یەکەم/

ڕۆژی ٢٠١٧/٨/١٩ وەفدێکی فراکسیۆنی یەکێتیی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەعات ٩ ی سەرلەبەیانی گەشتینە بارەگای سەفارەتی ئیران لەبەغداد. لەوێ ئیرەجی مەسجدی سەفیری کۆماری ئیسلامی و یاریدەدەرانی پێشوازی گەرمیان لێکردین.

ئاغای مەسجدی کەپیاوێکی کورتی خر، ریش سپی، سەر رووت بوو ، بەڵام قسە خۆش و مەنگ و بێدەنگ بوو. هەر لەسەرەتاوە کۆمەڵێک یادگاری خۆی و مام جەلالی بۆ گێراینەوە کە مێژووەکەی بۆ ساڵانی هەشتاکان و دواتریش دوای رووخانی رژێمی بەعس دەگەرانەوە.
ئاشنایەتی خۆی لەگەڵ هەندێک لەسەرکردەکانی یەکێتیی نەشاردەوە و ناویانی دەهێنا، هەروەک لەچەند شوێنێکدا پەرۆشی کۆماری ئیسلامی بۆ یەکگرتووی ناوماڵی یەکێتیی دووپات دەکردەوە و چیرۆکی لەوبارەوە باس دەکرد.

لەراستیدا ئێمەی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتیی بۆ هیچ یەک لەمانە داوای دیداری مەسجدی مان نەکردبوە، بەڵکو بۆئەوەبوو لەوکاتەدا گفتوگۆی پرۆژەیاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق دەکرا. تورکمان و عەرەب لۆبیەکیان دروست کردبوو بۆئەوەی لەناوپەرلەمان لەیاساکەدا دەنگ بدرێ بەوەی کەهەڵبژاردن لەکەرکوک تایبەتمەندی پێبدرێ یان لەو پارێزگایە نەکرێ، ئێمەیش دەمانویست لەرێگەی سەفارەتی ئیرانەوە گوشار لەلایەنە شیعیەکان بکرێ و دەنگ بەدواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکەرکوک نەدرێ و تایبەتمەندی کەرکوک نەگرێتەوە و بەهەمان میکانیزمی باقی پارێزگاکانی تری عیراق لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردنەکە لەپارێزگای کەرکوک ئەنجام بدرێ.

کاتێک لەقسەکان تەواو بووین، ئاغای مەسجدی وتی:
ئێوە بۆ یاسای هەڵبژاردن هاتوون، بەڵام دەزانن کەئێستا کەرکوک لەچ مەترسیەکدایە بۆ کورد و بۆ یەکێتیی؟
وتی:
ئێوە دەزانن لەچەند رۆژی ئایندە نەک هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ناکرێ بەڵکو کەرکوک بەتەواوی لەدەست دەدەن ئەگەر ئەو ریفراندۆمە بکرێ و ئێمە ئاگاداری تەواوی پیلانەکەین، برۆن واز لەیاساو شتی لەبابەتە بهێنن و بەسەرکردەکانتان بڵێن با ئەو ریفراندۆمە دوابخەن لەئێستادا چونکە یەکەم کەس کەزەرەری تیا دەگەن ئێوەن. وەمن لەبەر دڵسۆزی بۆمام جەلال و دۆستایەتی ئەمە بەئێوە دەڵێم
دوای چەند رۆژێک کەگەراینەوە بۆ کوردستان هەریەک لای خۆیەوە پەیامەکەی ئیرانیەکانمان گەیاند بەڵام گوێیان لێ نەگرتین

دواتر دەرکەوت ئاغای مەسجدی چی وت هەروا دەرچوو، یاساکە لەپەرلەمان دەرنەچوو ، کەرکوک و ناوچە کێشەدارەکان خۆمان خۆش. کەدەکاتە ٪٥١ خاکی کوردستان، بەم کەتنەشیان کوردیان گەراندەوە سنووری ناوچەی ئۆتۆنۆمی

دووەم/

هەفتەیەک بەر لە٩/٢٥ وەفدێکی باڵای ریفراندۆم هاتن بۆ بەغداد، لەناو خەڵک و راگەیاندن وابڵاوکرایەوە کەئەمە دوا وەفدی کوردە کەسەردانی بەغداد دەکات و ناویان نابوو( وەفدی ماڵئاوای)

ئەوەی لەیادمە ئەندامانی وەفدەکە بریتی بوون لە( فواد حسین،سەعدی پیرە، د.محەمەد ئەحمەد، مونا قەهوەچی، رۆمیۆ هەرکی و چەند کەسێکی تر لەحیزبە بچوکەکان)

وەفدەکە هەندێک لەسەرکردەی لایەنە شیعیەکانیان دی و هەندێکی تر ئامادە نەبوون لەگەڵیان دانیشن.

ئێوارەیەکی درەنگ داوای کۆبونەوەیان کرد لەگەڵ نوێنەرانی کورد و ئێمەیش رۆشتین.
لەسەرەتادا قسەیان کرد و لەفواد حسینەوە دەستی پێکرد، دیسانەوە قەوانە کۆنەکەیان لێدایەوە ، ئەوانەی کەلەوکاتانەدا هەموو رۆژێک مێشکیان پر دەکردین.

کاک سەعدی ناوی ئەوانەی دەنوسی کەدەیانویست قسەبکەن، ناوی من چوارەم کەس بوو بەڵام کەدەستیکرد بەخوێندنەوە چەند ناوێکی خوێندەوە و منی پەراند و گەشتە حەوتەم کەس، منیش خۆم پێنەگیرا وتم کاک سەعدی بۆ ناوی من ناخوێنیتەوە؟ وتی؛ ژنان لەپێشترن و مەسەلەکەی کردە رێزگرتنی ژن. کەلەکاتێکدا پێش بەندە چەند هاورێیەکی پیاویش قسەی کردبوو.بەڵام راستیەکەی ئەوە بوو حەزی نەدەکرد قسەبکەم
دواتر سەرەمهات:
وتم کاک سەعدی یەکێتییە من پرسیارەکانم لەوەوە دەستپێدەکەم و باسی پەیامی سەفیری ئیرانیمکرد
دواتر پرسیم لەد.محمدی یەکگرتوو ، جەنابت بۆ خواحافیزی لەعیراق هاتوویت ، مامۆستا سەلاح ی ئەمیندار دوێنێ دەڵێ قبوڵ ناکەین موچەی خەڵک دوا بکەوێ ، ئایا دوای ریفراندۆم و جیابوونەوە زەمانەتی موچەی خەڵک دەکەن؟
دواتر هەندێ پرسیار و سەرنج لەسەر قسەکانی د.فواد

دیارە هەڤاڵانی دیکەیش لەفراکسیۆنە کوردیەکان جگە لەوانەی پارتی مەترسیەکانیان نەشاردەوە و باسیان دەکرد، بەڵام
(وەفدی خواحافیزی لەبەغداد) تەنانەت گوێ یان بۆ نوێنەرەکانیان لەبەغداد نەگرت و بریاری خۆیان دابوو

دواتر سواری سەری خۆیان و ئێمەیش بوون

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button