لەسەر ساختەکاری لە کوالێتیی برنج کەسێک دەستگیرکرا
لڤین
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، کەسێک لەسەر فرۆشتنی برنجی بەشەخۆراک و تێکەڵکراو لە چەند جۆرێک کە برنجی ماوە بەسەرچووشی تێدابووە و بە جۆری باش بە هاوڵاتییانی فرۆشتووە، دەستگیرکرا.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەسە کە خاوەنی کۆگای خۆراکە لە بازاڕی سلێمانی، هەڵساوە بە هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتییان و فرۆشتنی جۆری خراپی برنج پێیان بە ناوی جۆری باشەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە برنجی ماوە بەسەرچوو و برنجی جۆری دیکە و برنجی بەشەخۆراکیشی تێکەڵکردووە و پاشان لە کیسەی جۆری باشدا برنجەکەی تێکردووەتەوە و دوریویەتییەوە.
بە گوێرەی خەمڵاندنی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڕی برنجەکە زیاتر لە 50 تۆن دەبێت و لەگەڵ تەواوی ئەو ئامێر و پێداویستیانەی لە ساختەكارییەكدا بەكارهێنراوە دەستی بەسەرداگیراوە و خاوەنەکەشی دەستبەسەرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.