دوای مانگی رەمەزان؛ چۆن هاوسەنگی خۆراک بگەڕێنینەوە؟

لڤین

لە کۆتایی مانگی رەمەزاندا زۆر کەس رووبەڕووی چەند گۆڕانکارییەک دەبنەوە کە دەبێتە ئالەنگاری بۆ هەندێکیان، ئەم گۆڕانکاریانە پەیوەندییان بە سەختی گەڕانەوە بۆ رۆتینی ئاسایی ژیانی پێش رەمەزان هەیە، بەو پێیەی لەو ماوەیەدا گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانی رۆژانەدا روویداوە وەک گۆڕینی کاتی خەوتن و گۆڕینی شێوازی تام و چێژ و کاتی ژەمەکان.

سارا الکثیری پسپۆری بواری خۆراک بە سکای نیوز عەرەبی راگەیاند: لە مانگی رەمەزاندا جەستە راهاتووە لەسەر نەخواردن لە رۆژدا، بۆیە هەڵەیە لە پڕێکدا بگەڕێینەوە بۆ خواردنی بڕێکی زۆرتر و ژەمی زیاتر، بۆیە دەبێت وردە وردە بگەڕێینەوە سەر خواردنی ژەمەکان، بۆ ئەوەی فشار بۆ کۆئەندامی هەرس دروست نەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە زۆر کەس لە جەژندا شیرینی کالۆری بەرز بە رێژەیەکی زۆر بخۆن، بۆیە لە دوای جەژن گرنگە میوەی تازە و وشککراوە و سەوزەی گەڵادار وەک سپێناخ، کاهوو و شۆربای سەوزە بخەنە ژەم و نێوان ژەمەکانیانەوە، چونکە یارمەتی جەستە دەدات لە ژەهرەکان رزگاری بێت و هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆر گرنگە بڕێکی زۆر لە هەندێک خۆراکی دیکە بخورێت، وەک هێلکە و ماست و گوێز و دانەوێڵە، هەروەها بڕێکی زۆر ئاو بخورێتەوە، بەو پێیەی لەش لە کاتی بەڕۆژووبووندا ئاوێکی زۆر لەدەست دەدات، بۆیە گرنگە دوای مانگی رەمەزان ئەوە قەرەبوو بکرێتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.

پزیشکەکە دەڵێت “لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین، گرنگە رۆژانە هەشت بۆ١٠ کوپ ئاو بخۆینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ئاوەی کە جەستە لەدەستی داوە، بە مەبەستی پاراستنی پێست و تەندروستی گورچیلە، هەروەها بۆ رزگارکردنی جەستە لە ژەهر.

جەختیشی کردەوە لەسەر کەمکردنەوەی خواردنەوەی کافاین و خواردنەوەی قاوە و چا بە رێژەیەکی مامناوەند، بۆ ئەوەی بتوانین کۆنترۆڵی کاتەکانی خەوتنمان بکەین، زیادەڕۆیی لە خواردنی کافایین لەدوای رەمەزان رەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی کاتژمێرەکانی خەوتن.

سەبارەت بە وەرزشکردن رەنگە پاراستنی وەرزشی رێکوپێک قورس بێت لە مانگی رەمەزاندا، بۆیە باشتر وایە لە دوای رەمەزان وردە وردە دەست بە وەرزشکردن بکەیت، دەتوانیت بە وەرزشی سووک وەک پیاسەکردن یان پاسکیلسواری دەست پێبکەیت، پاشان وردە وردە چالاکی زیاتر بۆ وەرزشەکە زیاد بکەیت، هەروەها رێکخستنی خشتەی خەوتن زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی کۆئەندامی هەرس و جەستە بەگشتی.

ئەو دووپاتی کردەوە لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی لە خواردنی خواردنە خێراکان و خۆراکە چەورەکان، بەو پێیەی ئەم خۆراکانە بڕێکی زۆر چەوری تێر و کاربۆهیدراتی پاڵاوتە و شەکریان تێدایە، کە لە ماوەی جەژندا خواستێکی زۆریان لەسەرە، بەو پێیەی ئەم ژەمانە کالۆرییەکی زۆر بۆ خۆراکەکە زیاد دەکەن بەبێ زیادکردنی هیچ بەهایەکی خۆراکی.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button