مەکتەبی سیاسيی یەکێتیی راگه‌یه‌ندراوێكى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن بڵاوكرده‌وه‌ و هه‌ڵوێستى خۆى ئاشكرا كرد

لڤین

سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی  کۆبووەوە.

له‌و باریه‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیى راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌، لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، پابەندین بەو وادەیەی کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى مەکتەبی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان:

مەکتەبی سیاسیی  بەسەرپەرشتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوووە و دیسانەوە تەئکیدی لەسەر ھەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی کردەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە  لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە ( 10-6- 204).

لە کۆبوونەوەکەدا  کە ئەمرۆ 2-4- لە دەباشان  بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی ھەڵبژاردنی یەکێتیی لەم بوارەدا بەرێوەچوو، بە تێکرا لەگەڵ پابەندێتیی ھەموو لایەک بوون بەو وادەی  کە لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی  باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە،  ھەروا جەختی لەسەر بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە  کە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی ھەڵبژاردنیش بەشێکە  لە ئاماژە جەوھەرییەکانی  پاک و بێگەردی پرۆسەکە، کۆبوونەوە دووپاتیشی کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم ھەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتیی گەلەکەشمان بۆ  داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتییانیش ھەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.

مەکتەبی سیاسیی ھەڵوێستی روون و ئاشکرای یەکێتیی تەئکید کردەوە کە ئەمرۆ داخوازی ھاوڵاتییان بۆ مووچە و بوجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنھا و تەنھا لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستوورییەکانی کوردستان  و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان  بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندنێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.

بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ ھەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی سەرۆک بافڵ و وەفدی باڵای یەکێتیی بۆ رووسیای فیدرال و دیدارەکانی لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە،  کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی  سەردانەکەی بە سەرکەوتوو  و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی  پەیوەندی یەکێتیی و رووسیا و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان .

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
2ى 4ى 2024

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button