بازرگانیی عێراق: تا ئێستا ٢٧٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە

لڤین

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە نۆ پارێزگای عێراق دەست کراوە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، تاوەکو ئێستاش لەو پارێزگایانە ٢٧٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە.

ئەمڕۆ هەینی، حەیدەر نوری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە نۆ پارێزگای عێراق دەست کراوە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەش ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران.

ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا لەو پارێزگایانە ٢٧٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و لە ئێستادا لەو پارێزگایانەدا بەردەوام کار دەکرێت سەبارەت بە بڕی ئەو گەنمەی وەردەگیرێت و ئەو پارەش کە بۆیان خەرج دەکرێت.

ئەوەشی خستە روو، پێشبینی دەکەن وەرزی دروێنەکردنی ئەمساڵ بڕی شەش بۆ حەوت ملیۆن تۆن گەنم لە جوتیاران بکڕن جگە لەوەی لە ئێستادا بڕی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن گەنمی عەمبارکراو لە سایلۆکاندا هەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٤ـی نیسان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، پارەی تەواوی جوتیاران خەرج دەکرێت بۆ ئەوەی لەکاتی رادەستکردنی بەرهەمەکانیان بە وەزارەتی بازرگانی، راستەوخۆ پارەکانیان وەربگرن.

هاوکات، رۆژی ١٢ـی نیسان وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، دەستیان کردووە بە وەرگرتنی گەنمی ناوخۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٤. وتیشی، “هەوڵ دەدەین زۆرترین بڕی گەنم لە جوتیاران بکڕن”.

پێشتریش، وەزارتەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەمساڵیش وەکو ساڵی پێشوو هەر تەنێکى گەنم بە ٨٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button