حەماس رەزامەندی بۆ پێکهێنانی ئاگربەست دەربڕی

لڤین

بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس رەزامەندی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە پێشنیارەکانی میسر و قەتەر بۆ پێکهێنانی ئاگربەست. دەشڵێت، سبەی شاندی حەماس سەبارەت بە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئاگربەست و تەواوکردنی دانوستانەکان دەچێتە قاهیرە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس سەبارەت بە رازیبوون بە مەرجەکانی ئاگربەست پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان سەرۆک وەزیرانی قەتەر و عەباس کامیل وەزیری هەواڵگری میسردا ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا، ئیسماعیل هەنیە رەزامەندی پیشانداوە سەبارەت بە پێشنیارەکانی هەردوو وڵات بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

ئەوەشی خستە روو، سبەی شاندی حەماس سەبارەت بە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئاگربەست و تەواوکردنی دانوستانەکان دەچێتە قاهیرە.

باسی لەوەش کرد، حەماس سورە لەسەر گەیشتن بە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و ئازادکردنی دیلەکان و دابینکردنی فریاگوزاری بۆ دانیشتوانی غەززە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە خاپوربووەکان.

رۆژی رابردوو، بەشێک لە دانوستانەکانی نێوان حەماس و میسر و قەتەر لە قاهیرە کۆتایی هات و شاندی حەماس بەمەبەستی ئەنجامدانی راوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی بزوتنەوەکە قاهیرەیان جێهێشت.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و دوای ٤٨ رۆژ لە جەنگ و گەمارۆدان ٢٤ ـی ١١ـی ساڵی رابردوو ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس ئاگربەستێکی چوار رۆژەیان دەستپێکرد و دواتر بۆماوەی دوو رۆژ درێژیان کردەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوەی حەماس ٥٠ دیلی ئیسرائیلی و بیانی رزگار بکات و لە بەرامبەر هەر یەکیان ئیسرائیل سێ دیلی فەڵەستینی رزگار بکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button