ئەحمەد تورک: بڕیارەکەی دادگای ئانکەرە سیاسییە و سزادانی ڕێبازی ئاشتیخوازانەی کوردە

لڤین

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دێرینی کورد، دوای ڕاگەیاندنی سزاکانی دۆسیەی کۆبانێ، گوتی بڕیارەکەی دادگا بەتەواوەتی سیاسییە و سزادانی ڕێبازی ئاشتی و دیموکراسییە، هەروەها بۆ بێدەنگکردنی گەلی کوردە.

ئەحمەد تورک کە لە هەڵبژاردنی 31ی 3دا وەک هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی ماردین هەڵبژێردرا، بە کەناڵی ئیلکە‌ی ڕاگەیاند، بڕیارەکە لەلایەن دادوەرەکانەوە نەدراوە، چونکە بڕیارێکی سیاسییە.

دەشڵێت “دەزانین دۆسیەی کۆبانێ هیچ پەیوەندییەکی بە یاساوە نییە و بەتەواوی بڕیارێکی سیاسییە کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە سیاسەتی دیموکراسی، ژیانێکی ئازاد و دیموکراسیانە.”

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، سزادانی خۆی و هاوڕێکانی بڕیاری ئەو کەسانەیە کە دان بە دیموکراسیدا نانێن و دەیانەوێت دابەشکاری قووڵ لە کۆمەڵگەدا دروست بکەن.

ئەو سیاسەتمەدارە بەناوبانگە گوتیشی هۆکاری ئەم سزایانە دۆسیەی شەڕی کوردە لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

ئەحمەد تورک ڕۆژی پێنجشەممە پاش بڕیارەکەی دادگای تاوانەکانی ئانکەرە کە سزای 10 ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپاندووە گوتیشی “ئازایەتی کورد بەرامبەر چەتەکانی داعش هۆکاری دۆسیەیەکی سیاسییە، وەڵامدانەوەی دیموکراسیانەی کورد بۆ دڕندەیی داعش بنەمای ئەم دۆسیەیە و هەمووان دەزانن کە سیستمی داد بێلایەن نییە و لەژێر کۆنترۆڵی سیاسیدایە.گەلەکەمان کاردانەوەی دیموکراسی خۆی نیشان دەدات. ”

لەکۆتایی قسەکانیدا ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر حکومەت سزای قورسیش بەسەر خۆی و دۆستەکانیدا بسەپێنێت، ئەوا ئەوان لە خەباتی ئازادی و دیموکراسی ڕاناگرن و ئەگەریش نەبن، گەلی کوردستان بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان بۆی دۆزی ئەوان.

دادگاکە لەسەر ئەو خۆپیشاندان و چالاکییانەیە کە لە ڕۆژانی 6-8ی مانگی دەی ساڵی 2014 دژی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ کران. دوای هێرشەکانی داعش لەو کاتەدا هەدەپە و ژمارەیەک لە دەزگا و پارتە کوردەکانی دیکە لە تورکیا چالاکیان ئەنجامدا و داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد ڕێگەی ناردنی هاوکاری بدات بۆ شەڕڤانەکانی کە دژی داعش شەڕیان دەکرد، بەڵام داواکەیان ڕەتکرایەوە و ژمارەیەکیشیان لێ دەستگیر کران.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button