گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە لە یەکەم ڕۆژی جەژندا

لڤین

ژمارەیەک وڵات کە فەڕەنسا یەکێکیانە لەڕێی فڕۆکەوە نزیکەی 110 تۆن کۆمەکی مرۆییان گەیاندووەتە کەرتی غەززەی بە شەڕ وێرانبوو، وەک سەرۆکی فەڕەنسا و لەشکری فەڕەنساش ڕایانگەیاندووە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی “فەڕەنسا بەردەوامە لە گەیاندنی پێداویستییە تەندروستییەکان و خواردەمەنی بۆ دانیشتوانی غەززە. بە بەشداری شانشینی ئوردون و هاوبەشەکانی تریش توانراوە زیاتر لە 110 تۆن یارمەتی بگەیەندرێتە دانیشتوانی غەززە.”

لەشکری فەڕەنساش ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاندووە کە بەریتانیا و ئەڵمانیاش بەشدارییان هەبووە لە دابینکردنی گەیاندنی یارمەتی کۆمەکەکان بۆ غەززە، بەڵام تا ئێستا فەڕەنسا بەشی هەرە زۆری لە ئەستۆ گرتووە.

گەیاندنی ئەو یارمەتییە مرۆییانە هاوکات بووە لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا.
لەگەڵ تێپەڕبوونی 6 مانگ بەسەر قەیرانی غەززەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاهی دەدات بەوەی ئەگەری زۆرە برسێتی بکەوێتەوە لە ناوچەکانی غەززەدا.

کارمەندانی بوارەکانی کۆمەک و بە هاناوەچوون دەڵێن گەیاندنی یارمەتییەکان لە ڕێگەوبانەکانەوە زۆر ئاسانتر و هەرزانتریش دەکەوێت، بەڵام بەهۆی سەختی ڕەوشەکەوە ناتوانرێت لە ڕێی زەمینییەوە بگەیەندرێن، هەربۆیە بە فڕۆکە ئەو یارمەتییانە هەڵدەدرێن بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button