کازمی… بژاردەی ویلایەتی دووەم

هیچ شتێک لەوە گرانتر نیە کەلەعیراقدا قسە لەسەر سبەی بکەی، چونکە ئەگەری هەیە کەلە لەحزەی کۆتایدا هەموو شتەکان پێچەوانە ببنەوە و شتێک رووبدات کە کەس پێشبینی نەکردبێت.
هەروەها هیچ شتێک بەقەدەر ئەوە نالۆژیکی نیە کەلەعیراقدا ، هەر لەئێستاوە قسە لەسەر سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بکەیت، بەتایبەتی کەهێشتا لەسەرەتای بانگەشەداین و دەیان دەرگای سەیرو سەمەرە لەبەردەم ئەم هەڵبژاردنەدا بەکراوەیی ماونەتەوە
کازمی کەبۆقۆناغێکی راگوزەر و بۆ ئەنجامدانی چەند مەهامێکی دیاریکراو، وەبەرمەبنای خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩ هاتە پێشەوە. لەرووکەشدا وادەرکەوت کەدوای بەجێهێنانی ئەرکەکەی دوور دەکەوێتەوە و تەنانەت لیستی دروست نەکرد و گەنجەکانی مەیدانی تەحریری نائومێد کرد، بەڵام لەناواخن و قوڵایدا کاری گرنگ و ستراتیژی گرتە بەر بۆئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران لەویلایەتی دووەمدا، وەتوانی تارادەیەک لەم خەونەی نزیک بێتەوە لەرێگەی؛
١- بەجێهێنانی پەیمانی هەڵبژاردنی پێشوەخت کەلەکارنامەی کابینەکەی خاڵی بنەرەتی بوو
٢- پێکهينانی لیژنەکەی ئەبورەفیف ، بۆ رووبەرووبونەوەی گەندەڵی، کە لەماوەی ساڵی رابردوو کۆمەڵێک بەرپرسی گەورەی حکومی و ئەمنی و ئیستخباراتی زیندانی کرد، تەنانەت لەگەرێکیدا بەرپرسێکی ئیستخباراتی دایە دادگا لەسەر ئەوەی کەبەجل و بەرگی سەربازیەوە قورئانی پیرۆزی خوێندوەتەوە
٣- جوڵەی دیپلۆماسی کازمی و سەردانی وڵاتان. هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی ئیران و سعودیە، زیاد لەمە باس لەوەیش دەکرێ کەهەوڵی ئەوەی داوە کە رۆڵی هەبێ لەدانوستانی ئەتۆمی نێوان ئیران و کۆمەڵگەی نيودەوڵەتی لەژنێف
٤- لەماوەی ساڵێک ، دوو سەرۆکی ئەمریکی لەکۆشکی سپی بینی. هەفتەی پێشتریش لەتاران گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئیران پێشوازیان لێکرد، کەئەم کۆکردنەوانە لەبۆتەی پەیوەندیەکاندا گرنگ و کاریگەرن بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران لەعیراق
٥- لەماوەی مانگێکدا ئەنجامدانی (لوتکەی بەغداد )و هاتنی ماکرۆن و پێشتریش پاپا بۆ عیراق، وە دوێنێیش کۆنگرەی گەرانەوەی پارە دزراوەکان لەدەرەوە.
٦- لەگەمەکەی سەدر کەپاشەکشەی کرد و دواتر پەشیمان بویەوە و هاتەوە ناو هەڵبژاردنەکان، هیچ کەس وەک کازمی سودی لەمە نەبینی، تەنانەت خودی مقتدی لەوتاری گەرانەوەدا تەنها بەکازمی وت سوپاست دەکەم
٧- راگرتنی هاوسەنگی لەپەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنە کوردیەکان، ناردنی برێک پارە کە دوو سەد ملیار دینارە بەشێوەی سولفە. کەبەهیوا دەبین دوای هەڵبژاردنەکان بەردەوام بێت، لەمەیشەوە جۆرێک لەهەماهەنگی بۆ دوای هەڵبژاردنەکان لەگەڵ هەرێم دروست کردوە
هەموو ئەمانە دەربری ئەو حەزە شاراوانەن کەئەم پیاوە هەیەتی بۆ وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەم و لەهەندێک باردا رەنگە لەناوەکانی تر شیاوتر بێت.
ئەمەسەرباری ئەوەی کەهێزەکانی حەشد و وەلائیەکان لەتۆڵەدا بۆی دەگەرێن و دەبێت چاوەروانی رۆژانی داهاتوو بین و هەموو ئەگەرێک بخوێنینەوە، تا ئەو سنورەی کە بەنەکردنی هەڵبژاردن یان بە هەڵایسانی ئاژاوە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەشەوە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button