بۆ پارتی؛ رۆژە رەشەکەیە.!

پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو ھێزەی تا ئێستا جاڕی سیاسەتی نە شیش بسوتێت نە کەباب دەدات، بێ ئاگابوون لە سیاسەتی سەردەمی و تیۆرە زانستیەکان زۆرجار بەرەو ھەڵدێر و کەوتنەخوارەوی نێوان پەنجەکانی دەستت دەدات.
ھەر ھێزێکی سیاسی لە دونیای سیاسەت ستراتیجی نەبێت، وەک ئێستای پارتی بەسەر دێت.
کەوتۆتە دۆخێک بە ھەر لایەک دا بکەوێت دۆخەکەی زۆر ئاڵۆزتر و لاسەنگتر دەبێت.

سیاسەت کردن بەو ستایلە کۆنەی ئێستا پارتی دەیکات، ھەر قابیلی ئەوەیە خراپتری بەسەر بێت، لۆژیکی سیاسی ئەوە نیە تۆ لە بەغدا ببیت بە داردەستی پیاوانی ئێران و بگەڕێیتەوە ھەولێر دەست بکەی بە دژایەتی ھەمان وڵات. لە کوێی دونیا سیاسەت بەو شێوەیە بووە، بە رۆژ لەگەڵ ئەمەریکیەکان کۆبوونەوە بکەیت و بە شەویش بگەیتە تاران و ناوەرۆکی کۆبونەوەکەیان بۆ ھەلبڕێژیت، سیاسەت کردن بەشێوازێک بەرچاوت لێڵ بێ؛ پێش ھەموو کەس رێگا لە خۆت ون دەکا وێڵ دەبێت.

لە کوردستان ھێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات بەڕاددەیەک سڕ بکەیت بەرانبەر ئێران وەک مجاهدینی خەلقی مەسعود و مەریەم ڕەجەوی لە ساڵانی هەشتاکان لە ئوردوگا و هۆتێلەکان داڵدە بدەیت، ئەدی چی وەڵامی وڵاتانی سونە مەزهەب دەدەیتەوە؟

پەیوەندی ژێربەژێر لەگەڵ سعودیە دروست بکەی بە بیانووی ئەوەی ھێزە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانیەکان لە ژێر دەسەڵاتی خۆتن، وەک ئەوەی ئێران لەگوێی گادا نوستبێ و ئاگای لە هیچ نەبێ؟

داوای ھاوپەیمانی لە حەشدی شەعبی بکەیت تا لە بەغدا پێت بڵێن؛ مەرجەع و بێیتەوە لای ئەمەریکیەکانیش بڵێیت؛
ئەو گروپانە تیرۆرستن! ئەو سیاسەتکردنەی لە ناڵ بدەی و لە بزماریش؛ ئەگەر رۆژی رەشی بەدواوە نەبێت، ئەوا بە دڵنیایەوە” درۆنی” بە دواوە دەبێت.

ئێران ئەگەر بەرانبەر ئەمریکاش زلھێز نەبێت، بۆ ئەو ناوچەیە زلھێزە، بەو ھەمووە نەزانینەوەتان یاری بە ئێرانیەکان بکەن، بە دڵنیایەوە دەبێت چاوەڕێی ئەوەش بن جارجارێک چەند مووشەکێک و یەک دوو درۆنتان بۆ بنێرن.

سەردەمی دوو فاقی بەسەرچووە، دەبێت خۆتان یەکلابکەنەوە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، مێژووش گەواهیدەری ئەوەیە کە قەردێکی زۆری ئێرانتان لەسەرە و کۆنە دۆستی باوانتانە. ئەمەریکا ھەڵبژێرن، وەک دۆست چاوەرێی خراپتر بن، ئێرانیش وەک کۆنەھەوار ھەڵبژێرن ھیچ دوورنیە رۆژتان ئاوا بێت، ئەگەر بەو شێوەیەش بەردەوام بن؛ رێک ئەو پەندە کوردیە بۆ ئێستاتان پڕ بە پێستە کە دەڵێت؛-
کەسێک لای ئاسنگەر دانیشێت؛ یا بەرگی دەسوتێ، یا سەری دێشێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button