ئەمەریکیەکان نەبن، ئێوە کێن؟

لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە بەرەی ھاوپەیمانان بە سەرپەرشتی ئەمەریکیەکان، بە ھەموو شێوەیەک لە ھەوڵی ئەوە دابوون کورد ببێتە خاوەنی قەوارەی خۆی، کەچی لەسەر رێکنەکەوتن لە نێوان خۆمان؛ تورکیا بەڕەکەی لە ژێر پێمان دەرھێنا و حەسەن خەیریەکی بە جلی کوردیەوە خستە ناو پەرلەمانی خۆی، گوتی؛ ئێمە دەمانەوێت تورکیا خاوەنمان بێت و ھەموو ریسەکە بووەوە بە خوری.

لە سەردەمی شۆرشی ئەیلول، دووبارە ئەمەریکیەکان بە ھەموو شێوەیەک ئامادەی ھاوکاری بوون بۆ کورد، بەو مەرجەی ھەموو ھاوکاریەکان بە نھێنی بێمێننەوە، دیسان خۆمان تێکماندا و لە ماوەیەکی کەم شتێک نەما بەناوی شۆرشی ئەیلول. شۆرش ئاشبەتاڵی پێکرا و کورد گەڕایەوە خاڵی سەرەتا.

لە ساڵی 1991 کە راپەڕین کرا، حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی زۆر توند ھێزی جولاند بەرانبەر بەو سێ پارێزگایە، ئەگەر فشاری ئەمەریکیەکان نەبوایە لە ئەنجومەنی ئاسایش کە سێ بەشی ئەو خەڵکە زیاتر ئاوارە بووبوون یان نە دەبوو بگەڕێنەوە یان دەبوو بێنەوە و بچنە ژێر گڵی نوگرە سەلمان و بیابانەکانی تکریت و کوت، کەچی لە سایەی ئەوان و دروستکرنی هێڵی پاراستنی 36؛ بووینە خاوەنی حکومەت و پەرلەمان.

لە ساڵی 2003 کاتێک حکومەتی عێراق ڕوخا، تورکەکان زۆر بە ئاشکرا ھەڕەشەی داگیرکردنی باشووریان کرد، تەنانەت ھەڕەشەکانیان تا ئاستی جوڵاندنی ھێزی کۆماندۆ ڕۆیشت کە بە فڕۆکە لە سەری ڕەش دایبەزێنن، کەچی بە ستۆپێکی ئەمەریکیەکان؛ کورد بووە خاوەن بڕیار لەسەر نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق.

لە دوای دروست بوونی ئەو حکومەتە پۆلیسیە، ھەموومان ھۆشداری ئەوەماندا کە بابەتی ئازادی رادەربڕین بە تەواوی سەرکوت دەکرێت، وریایی ئەوەمان گەیاند کە لە دوای ریفراندۆمەوە ھیچ پێگە و سەنگێکمان نەماوە، جاڕدانیش بەو شێوەیە لە حوکمڕانی بەرەو ھەڵدێرمان دەبات، کەچی رۆژ بە رۆژ ئازادی و دەنگی ئازاد بەرەو سەرکوت کردن دەچێ و خاوەن دەنگە هەقەکان زیندانی و شاربەدەر دەکرێن. ئیدی، کاردانەوە نێودەولەتیەکانیش زۆر بە ڕوونی دەبینین، لە سەرەتایی زیندانی کردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان، ئەمەریکیەکان پەیامێکی ھێمن و لەسەرخۆیان بە گوێی حکومەتە پۆلیسەکەی بارزانی کوڕدا چرپاند، کەچی دیارە باش لێی تێنەگەیشتوونە.

دوای ئەو پەیامە، ھاوکارییە مادییەکانی لیوا ھاوبەشەکانی پێشمەرگە بۆ دوو مانگە وەستا و دیاریش نیە کەی دەست پێدەکاتەوە، دوای ئەوەش ھاوکارییە لۆجستیەکان وەستا.

با حکومەتە پۆلیسیەکەی بارزانی بەردەوام بێت لە برسیکردنی خەڵک، داواکردنی نانیش لە کارە قەدەغەکراوەکان بێ، بەڵام کۆتاییەکەی گرنگە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەیبینین.

جگە لەوەی لە دوای ریفراندۆمەوە بە بنەماڵەی بارزانی گوتراوە کە دەست ھەڵگرن لەو تاڵان و بڕۆیەی کوردستان و برسیکردنی خەڵک و ھەرزان فرۆشتنی نەوت بە تورکیا کە ھاوپەیمانان باش دەزانن کە تورکیا چۆن پارەی نەوتەکە لە تیرۆر خەرج دەکات، بێگومان ئەوەش دژی سیاسەتی ھاوپەیمانانە بە تایبەت ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا.

دەبێ بنەماڵەی بارزانی لەوە تێ بگات کە لە چاو تروکانێک و کشانەوەی ئەمەریکیەکان، ھەموو یاریەکە پێچەوانە دەبێتەوە، وەک سەرەدەمی شۆرشی ئەیلول دەیانگەرێنێتەوە خاڵی سەرەتا، لە ھیچ شوێنێکی ئەو جیھانە شوێنیان نابێتەوە.

دەبێ لەوە دڵنیابن کە بەردەوامیدان بەو شێوەیە ھەر شکستی حوکمڕانییان نابینن، بەڵکو تا لێواری مەرگ دەیانبات، نموونەی وەک معەمەر قەزافی سەرۆکی لیبیاش زۆرن، با لەبیریان بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button