مەرجەعی بوون بە دۆلار نیە بە پێگەیە!

نازناوی مەرجەعیەت بۆ ‘بارزانی’ بێ بیرکردنەوەی پێشوەختەبووە، ئەمەش ھۆکاری نەبوونی مەرجەعیەتە، کە کۆمەڵە کەسانێکی موشتاق بە ‘دۆلار’ خەریکی ئەم جۆرە مەکیاجانانەن، دێن ئەم باسە بە گوێی خەڵکدا دەچرپێنن بۆ دەستکەوتی شەخسی خۆیان، ئەوەی سەیرە خودی بارزانی خۆیەتی؛ چۆن بیری لەوە نەکردۆتەوە کە خۆی سەرۆکی حزبێکە پاشگری دیموکراتییە، ئاخر لەڕووی سیاسیەوە زۆر نامەنتقییە تۆ ھەوڵی مەرجەعیەت و دیموکراتی لە یەک کاتدا بدەیت، چونکە ھەردووک چەمک، ھەم ‘مەرجەع’ و ھەم ‘دیموکراتی’ مێژووی نێوانیان ئێجگار کۆنە، ئەو خاڵە زۆر گرنگە کە دەبێت خودی بنەماڵە بیری لێبکەنەوە ئەوان بە دۆلار دەیانەوێت ببن بە مەرجەع کەچی خۆی دروستبوونی مەرجەعیەت بە سۆز و خۆشەویستیە، خوێندەوەیەکی لۆژیکی بۆ بنەماڵەی بارزانی دەربارەی نزیکبوونەوەیان بۆ مەرجەعیەت ھەمیشە ھەر ناو و خەیاڵ دەبێت، ھەرگیز نابێت بە ئەمری واقع، ئەمە ڕق نیە بەڵکو خوێندەوەیەکە ھەموو مرۆڤێکی ڕەوان دەتوانێت ھەڵسەنگاندنی بۆ بکات.
بڕوابوون بە مەرجەع یاخود دروست کردنی مەرجەع لەھەر جوگرافیایەک تەواوی، ماف و یاسا و دیموکراسی دەخاتەوە دواوە، ئەگەر سەیری مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بکەین دەبینین کە رێژەیەکی زۆری شیعەکان لە ژێر فەرمانی مەرجەعیەتی شیعی جوڵەدەکەن، ھاتنی داعش و نزیک بوونەوەیان لە بەغدا بە فەتوایەکی مەرجەع بە رێژەی نزیکی ملیۆنێک کەس دەستیدایە چەک بۆ بەرگریکردن و ھەزارانیان ئامادەیی قوربانیدانیان پیشاندا، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە ئەساسدا زۆر ترسناکە، بەڵام ئەوە جێگایی ھەڵوەستەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بە بڕیاری مرۆڤێکی تر ئامادە بێت خۆی بکات بە قوربانی، ئەو ھەست و سۆزە لە رۆحەوە شوێن دەگرێت ئەمەش بەڵگەی سەلمێنەرە کە عێراق خودی خۆی تا ئێستا ئامادەنیە خۆی لەو کۆیلایەتیە رزگار بکات.
لە ھەرێمی کوردستانیش بنەماڵەی بارزانی گەرەکیانە ھەمان بەرنامە و پلانی شیعەکان بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەن، بەڵام لەوەدا زۆر ھەڵەن، پێش ئەو بڕیارە و بیرکردنەوەیە دەبوو خۆیان بیر لەوە بکەنەوە، کورد لە سەردەمی ‘ماد’ەوە تاکو ئێستا ھیچ کاتێک ئەوەیان قبوڵ نەبووە کەسێک وەک مەرجەع ببێت بە بڕیاردەر، مەبەست لەو باسە دژایەتی نیە بەڵام لەناو کورد ئەوە بوونی نەبووە، ئەگەر ‘بارزانی’ بەراورد بکەین بە نموونەیەکی مەرجەعی شیعی لەسەر ھاتنی داعش و نزیک بوونەوە لە بەغدا، ئەوە تەواوی ئەو خەونەی بنەماڵە پووچەڵ دەبێتەوە، چونکە کە داعش خۆی نزیک کردەوە لە ھەولێر، خەڵکی ھەولێر خەریک بوو بە تەواوی ئەو شارە چۆڵ بکا کەچی بارزانی لە ڤێلا و باڵەخانە قەبە قەبەکانی پێش ھەمووان لە ھەوڵی رزگارکردنی کەس و کارەکەی بوو، پێچەوانەی سیستانی کە لە گەڕەکە ھەژارنیشینەکان و ناو خانووە بچووکەکەی جوڵەی، یەکێک لە خاسڵەتەکانی مەرجەع بوون خۆ بە بچووک زانینە بەرانبەر بە گەل نەک خۆ بە گەورە زان، ئێستا بارزانی دەبێت دڵنیا بێت نەوەیەک دروست بووە نەوەی مۆدێرن و سەردەمیە نە بڕوای بە مەرجەعە و نە مەرجەعی قبوڵە، بۆیە بۆ بارزانی وا باشترە ھەوڵی گەورەکردنی حزبەکەیان بدەن کە پاشگری ‘دیموکراتیە’ بۆ مانەوەی خۆیان و بنەماڵەکەیان کە جیھانی ئێستای سیاسەتدا زلھێزەکانیش باشتر مامەڵە لەگەڵ چەمکی ‘دیموکراتی’ سەردەمی دەکەن لەوەی مامەڵە لەگەڵ ‘مەرجەرع’ بکەن کە وشەیەکی کۆنی داتاشراوە.
