کاتێک بارزانی دەمرێت.!

مەلا مستەفا تا لە ژیاندابوو؛ بە شێوەیەک لەنێوان کوڕەکانی ھاوسەنگی راگرتبوو کە زۆر بە دەگمەن ھەست دەکرا لەناو بنەماڵەدا كێشەی پلە و پۆست ھەبێت، تەنانەت کۆنگرەی 8ی ساڵی 1970 بەشێوەیەک دەنگەکانی لە نێوان ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بەیەکسانی دابەشکرد، بەڵام دوای مردنی مەلا مستەفا، هاوسەنگیەکە بە تەواوی گۆڕا.
لە گۆڕینی ھاوسەنگی ھێز لە نێوان دوو براکەدا، سەرکردە سۆرانیەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەویان بینی. ھەر یەک لە جەوھەر نامیق و سامی عەبدولرەحمان و کەمال کەرکوکی و ئازاد بەرواری و رۆژ نوری شاوێس پشتیان لە ئیدریس بارزانی کرد و پارتی دیموکراتی کوردستانیان بە تەواوی خستە ژێردەستی مەسعود بارزانی و تا ئێستاش ئەو سەرۆکی حزبە.

ئەو ململانێیە لە باپیرەیانەوە شۆربووەوە بۆ کوڕ و دواتر بۆ کوڕەزاکان. مەسعود بارزانی نەک هەر نەیتوانی وەک باوکی ھاوسەنگی رابگرێت بەڵکو سەنگەکەی خستە لای کوڕەکەی و ململانێی ناو بنەماڵەی بارزانی بە تەواوی زەقکردەوە. سەرەتا حزبی بۆ کوڕە گەورەکەی قۆرخ کرد، دواتریش کردی بە کەسی یەکەمی حکومەت.
بێگومان وەک چۆن لە کۆنەوە هاتووە؛ ئەو ململانێیە هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە:
ئاخۆ بارزانی تا کوێی دەسەڵات دەستی کوڕەکەی دەگرێت و بەردەوامی دەدات بە گەیشتن بۆ لوتکە؟!

چیرۆکێکی کۆن ھەیە باس لە ماسیگرێک دەکات، رێبوارێک بە ماسیگرەکە دەڵێت؛ ماسیم پێ مەدە، فێری ماسی گرتنم بکە، ئەوەی شایانی ھەڵوەستەیە بۆ ئێمە و پێویستە بیزانین؛ ئاخۆ بارزانی کوڕەکەی فێری ڕاوەماسی کردووە یا ھەر ماسی بۆ گرتووە، چونکە مردن رێگایی ھەمووانە و کەسمان تا کۆتایی بۆ کەس نامێنین، زۆرجار لە پرسە سیاسیەکان مردنی سیاسیەک تەواو دۆخەکە پێچەوانە دەکاتەوە.
ئەگەر مەسعود بارزانی بمرێ، کوڕە گەورەکەی دەتوانێت بەردەوامی بە ململانێی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای بدات، یان ڕاستر بڵێین:
ئایا مەسرور بارزانی دەتوانێت بەرگری لەو دەستکەوتە حزبی و حکومیانە بکات کە لە رێی باوکی بۆی فەراھەم کراون؟ ئەگەرچی نێچیرڤان بارزانی لەناو حزب و حکومەت بە تەواوی لاوازکراوە بەڵام لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم پەیوەندییەکی پتەوی ھەیە کە مەسرور بارزانی لێی بێ بەشە و بگرە لە ناوخۆی ھەرێمیش زۆر خوازراو نیە، با چاوەرێ بین تا ھەموو ئەگەرەکان دەبن بە ڕووداو و ئەنجامەکانمان بۆ ڕوون دەبنەوە؟

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button