ئەوەی لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم نەكرا، لەگەڵ كازمی بیكەن!

دوای لێكترازانی باڵی مەكتەب سیاسی لەگەڵ مەستەفا بارزانی و تێكچوونی پەیوەندی كورد لەگەڵ حكومەتی عێراق لە ھەمان كاتی ئەو لێكترازانە بوو، عبدولكریم قاسم ئەوكات سەرۆكاریەتی حكومەتی عێراقی دەكرد، نامەیەكی بۆ باڵی مەكتەب سیاسی نارد و داوای لێكردن بچن بۆ بەغدا، وەك نوێنەری كورد داوای مافی كورد بكەن، رەفیق پشدەری سیاسی كورد زۆربەی كاتەكان وەك نوێنەری باڵی مەكتەب سیاسی سەردانی بەغدای كردووە، لە دیدارێك دەڵێت:

عەبدولكەریم قاسم نامەی نارد بۆ باڵێ مەكتەب سیاسی كە بچین لە بەغدا ڕێككەوین بۆ ئەوەی چیتر خەڵك بەكوشت نەدەین، دەقی گێرانەوەكەی “رەفیق پشدەری” بەم شێوەییە:

بەرێزان باڵی مەكتەب سیاسی؛ فەرموون وەرن لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین تا بتوانم مافی گەلی كورد بدەم، ئێوە كۆمەڵە گەنجێكی ھوشیار و خوێندەوارن كە دوورن لە بیری تائیفی و عەشیرەتگەری، تكایە وەرن با رێكبكەوین و چیتر خەڵك خوێنی نەڕژێت.

ئێستا دوای نزیكی 60 ساڵ خەریكە ھەمان دۆخ دێتە پێشەوە، ئەوەی جێگای سەرنجە، بۆچی ئەوەی لە ڕابردوو ڕوویداوە ناتوانین لە داھاتوو سوودی لێ ببینن، بۆچی لە پێناو بەرژەوەندی كۆمەڵێك بەناو سیاسی ھەمیشە خەڵك ماڵ وێران دەبێت و باجی قورسی نەزانینی ئەو سیاسیانە دەدات؟

ئەو ئەركە ئەوەندە قورس نیە كەچی نازانین بۆچی شان ناخەنە بەر ئەو ڕاستیە و تەواوی ھەرێم لەو مەرگە ساتیە رزگار ناكەن؟

ئێستا بۆ ھەموومان تەواو ڕوون بۆتەوە ئەو دەھۆڵەی چەند ساڵە بەناوی نەتەوە و نیشتیمان و ئاڵا دەیكوتن، تەنیا بۆ خۆدەوڵەمەندكردن بووە، ھەموومان تێگەیشتن جاڕدانی حوكمڕانی بەو شێوەیە رۆژ بە رۆژ بەرەو ھەڵدێرێكی خراپمان دەبات كە ئێستا رۆژانە بەناو تونێڵێكی تاریك دەسوڕێنەوە.

تا توانیان بە دروشمبازی خۆیان كرد بە ملیاردێر و دواتریش كە گەیشتن بە ھەڕەمی دەسەڵات دەستیان كرد بە برسیكردنی خەڵك، كە ئەمەشیان بۆ چووەسەر ئیتر لە ھەوڵی بێ دەنگكردنی ھەموو دەنگێكی ناڕازیدان، ئەمە كۆتا كاریان نابێت، وەك چۆن تیرۆری رۆژنامەنووسان بە نھێنی و دواتر بە ئاشكرابوو، كۆڵیان نەدا تا هەوڵی كپكردنی دەنگی ناڕازی لە هەموو كونج و كەلەبەرێكی كوردستان، ئێستاش دەستیان كردووە بە زیندانیكردنی ھەموو ئەو دەنگانەی یاخین لە چەوسانەوە و برسی كردنی خەڵك.

تكایە ئەوەی لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم نەكرا، ئێستا ئەنجامەكەی دەبینین چ ماڵوێرانیەكە، ئەگەر لەگەڵ كازمیش نەكرێت، نەوە لە دوای نەوە باجی ئەو سیاسەتە سەرەڕۆییانەی ئێوە دەدات و ژیانی كولەمەرگی بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.

بەڵام ئەوەش بزانن كە نە سیاسەت بە سەركێشی و سەرەڕۆیی دەبێ، نە مێژووش ڕەحم دەكا، خەڵكیش زۆر لەوە هۆشیارترە كەس بتوانێ لە داهاتوو مێژووێكی بە پینە و پەڕۆتان بۆ بنووسێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button