وەزیری نەوتی عێراق: بەشێوەیەكی كردەیی بەرەو جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕۆشتووین

لڤین:

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەشێوەیەكی كردەیی بەرەو جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕۆشتوون و سوربوونی بەغدای دەربڕی لەسەرئەوەی، كە ئەوەی لە بەڕێوەبردنی نەوتدا لە بەسرە جێبەجێ دەكرێت بەسەر هەرێمیشدا جێبەجێبكرێت.

ئیحسان عەبدولجەباری، وەزیری نەوتی عێراق لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (الفرات) باس لە هەنگاوەكانی دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم و كرد و جەختیكردەوە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.

ئیحسان عەبدولجەباری، وەزیری نەوتی عێراق وتی: ئێمە بەشێوەیەكی كردەیی بەرەو جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕۆیشتووین، هەرێم دەڵێ پێمانوانییە بڕیاری دادگای فیدراڵی بەسەرماندا جێبەجێ ببێت، پێیانوانییە ئەو بڕیارە ئەوان پابەند بكات، بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەو بڕیارە پابەندە لەسەرمان.

دەشڵێت: سێ خاڵمان بە فەرمی داوە بە سەركردایەتی هەرێم‌ و ئەو شاندەی كە هاتووە، یەكەم: پێداچونەوەی گرێبەستەكان‌ و چارەسەركردنی هەموو ئەو كەموكورتییە بازرگانیانەی كە تێیاندایە.

دووەم: دروستكردنی كۆمپانیای نەوتی كوردستان، كە حكومەتی فیدراڵی خاوەندارێتیی دەكات‌ و بارەگاكەی لە هەولێر دەبێت ‌و لایەنی یەكەم دەبێت لە هەموو كۆمپانیاكاندا لە هەرێم.

سێیەم: سیاسەتی پەرەپێدانی كێڵگەكان‌ و نرخی نەوت فیدراڵی دەبێت، واتە بە شەراكەت دەبێت لەنێوان هەرێم‌ و بەغداد، ئەمە بڕیاری وەزارەتی نەوتە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، هیچ چارەسەرێكی ترمان لانییە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button