نێچیرڤان بارزانی :هێرشەكانی داعش كاردانەوەی توند و خێراو بەرگری و سەربازیی تۆكمەی دەوێت

لڤین:
شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش، پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەو پەلامارە دڕندانەیەدا، کوێرانە کەوتنە دەستڕێژی کردن لە خەڵکی سڤیلی گوندەکە، لە ئەنجامدا سێ ھاوڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
دواتر ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەھید بوون.
لە ئەنجامی هێرشەکەی داعش ١٠ کەس گیانیان لە دەستدا
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەیدا لە بارەی هێرشەکانی داعش لە قەرەچوغ ڕایگەیاندووە،” هێرش و پەلامارى ڕۆژانهى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت”.
دەقی پەیامەکە:
ێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:
زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشى دڕندانهى شەوی ڕابردووى تيرۆرستانى داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووخ لە سنووری مەخموور بۆ سهر خهڵكى سڤيل دهكهين كه لە ئەنجامدا سێ برا لە یەک خێزان شەهید و چەند هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوون، لەگەڵ شەهیدبوونی ژمارهيهك پێشمەرگەى قارهمان و برینداربوونی ژمارهيەکی دیکەیان له كاتى ئۆپهراسيۆنى ڕاونانى تيرۆرستاندا.
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراستهى خانهواده و کەسوکاری سهربهرزى شەهیدان دەکەین و لە دڵەوە هاوسۆز و هاوخەمیانین. خوای مەزن گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە خێزان و کەسوکاریان ببەخشێت. هيواى زووچاكبوونهوه بۆ برينداران دهخوازين.
هێرش و پەلامارى ڕۆژانهى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت.
بۆ ئەم مەبەستە پێداچوونهوه به دۆخ و توانا سهربازييهكاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی بۆ هەماهەنگیی کاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشاییی ئەمنی و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان پڕ بکاتەوە.
لە ڕووی سیاسیشەوە دەبێ هەموو هێز و لایەنە عیراقییەکان بزانن کە تا پرۆسەی سیاسی ڕاستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەرکی لەپێشینەی نیشتمانیی تەواوی عیراقییەکانە تا زووە ناکۆکیی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی
تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین.