لە ئەنجامی هێرشەکەی داعش ١٠ کەس گیانیان لە دەستدا

لڤین:

وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی شەهیدبوونی حەوت پێشمەرگە و سێ هاوڵاتی ڕاگەیاند کە شەوی رابردوو لە ئەنجامی ڕاوەدونانی چەکدارانی داعش کەوتونەتە کەمینەوە. 

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش، پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەو پەلامارە دڕندانەیەدا، کوێرانە کەوتنە دەستڕێژی کردن لە خەڵکی سڤیلی گوندەکە، لە ئەنجامدا سێ ھاوڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون. ھێزەکانی پێشمەرگە بەزوویی بەھانای خەڵکی گوندەکەوە چوون و توانیان لەماوەیەکی کەمدا، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و تیرۆریستان راو بنێن.
دواتر ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەھید بوون.
وەزارەتی پێشمەرگە، راشیگەیاندوە، ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و ھاوپەیمانان، پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و  بەبێ چاوەڕوانی کردن دەبێت ئۆپەرسایۆنی ھاوبەش دەست پێبکەن و نابێت چیتر رێگە بدەن، تیرۆریستان مۆڵگەو شوێنی حەوانەوەکانیان وەک خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان ھەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button