حکومەتی هەرێم داشکاندن بۆ هاوڵاتیان دەکات لە دانەوەی قەرزی کارەبا

لڤین:
سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، داشكاندنی ڕێژەی ١٥٪ی قەرزی كرێی كارەبا بۆ ئەو هاووڵاتیانە دەکرێت كە تاوەكو بەرواری ٣١-١٢-٢٠٢١ بڕی پارەی پێویست دەدەن، كە لە ئەستۆیانە.
ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ٢٧-١٠-٢٠٢١ بڕیاریدا بە داشكاندنی ڕێژەی ١٥٪ی قەرزی كرێی كارەبا و سزادانی دواكەوتن و سەرپێچی كارەبا.
ڕاشیگەیاند،” بڕیارەكە بۆ ئەو هاووڵاتیانەیە، كە تاوەكو بەرواری ٣١-١٢-٢٠٢١ بڕی پارەی پێویست دەدەن، كە لە ئەستۆیانە”.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاشكراشی كرد،” بڕیارەکە لە ١-١١-٢٠٢١ ەوە جێبەجێ دەکرێت”.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و تێیدا گفتوگۆ کراوە لەسەر:
یەکەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە هەنگاو و پڕۆژەکانی وەزارەت لە بواری ڕێکخستنەوەی کەرتی کارەبای نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان (بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان)، و پڕۆژەی تایبەت بە هاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەت لە قۆناغەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا.
دووەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم و ڕێژەی کوتانی هاووڵاتیان بە ڤاکسین بە تایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان، لەگەڵ خستنەڕووی بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سێیەم: خستنەڕووی بابەتی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان و دوا هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروسشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لەم بوارە.