وەزارەتی دارایی بۆ چارەسەری کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چەند ڕێنماییەکی ڕاگەیاند

لڤین:
وەزارەتی دارایی، کرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەپێی گوندو شارەدێ و سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و لەبەرچاوگرتنی بڕوانامە دەبێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بە واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری، رێنمایی دارایی بۆ کرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو و چارەسەکردنی کێشەکانیان دەرچو.
لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ چوارشەممە بەئیمزای ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری، رێنمایی دارایی بۆ کرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو و چارەسەکردنی کێشەکانیان دەرچوە”.
رێنماییە داراییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە بە ژمارە (14) دەرچوە، ئاراستەی گشت وەزارەتەکان و دەستەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوەو تیایدا هاتوە، پاڵپشت بە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران و کۆنوسی کۆبونەوەی نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە لە 19ی 10ی 2021، شەش رێنمایی بۆ چارەسەری کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ دەرچوە کە تایبەتە بە دیاریکردنی کرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەپێی گوندو شارەدێ و سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و لەبەرچاوگرتنی بڕوانامە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم رێنماییە داراییە لە 1/9/2021ەوە جێبەجیدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابوری لەهەوڵی بەردەوامدا بو بۆ چارەسەری کێشەی مامۆستایانى وانەبێژو بۆ ئەو مەبەستەش، 17-10-2021 لە دیوانى وەزارەتى دارایى و ئابورى، وەزیرى دارایى و ئابورى بە مەبەستى چارەسەرکردنى کێشەى مامۆستایانى وانەبێژ لەگەڵ هەریەک لە وەزیری پەروەردە و سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران کۆبوەوە.