شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق:رەهەندی ھەماھەنگییەكان فراوانتر دەکرێن

لڤین:

شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش، پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەو پەلامارە دڕندانەیەدا، کوێرانە کەوتنە دەستڕێژی کردن لە خەڵکی سڤیلی گوندەکە، لە ئەنجامدا سێ ھاوڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.

دواتر ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەھید بوون.

لە ئەنجامی هێرشەکەی داعش ١٠ کەس گیانیان لە دەستدا

 

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لە پەیامەکەیدا لە بارەی هێرشەکانی داعش  لە قەرەچوغ ڕایگەیاندووە،” بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەھیدان و لەناوبردنی تیرۆریستان و راوەدوونانیان لە مۆڵگە و حەشارگەكانیان، رەهەندی ھەماھەنگییەكان فراوانتر دەکرێن”.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

لە ھەوڵێكی چەواشەكاریدا، بۆ سەلماندنی مانەوەیان، كە تیرۆریستان تەنیا خۆیان ھەڵدەخەڵەتێنن، بەشێوازێکی ترسنۆكانە رەنگدانەوەی بێدەسەڵاتی خۆیان و شوێنكەوتوانیان نیشاندا، لە رووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر ھێزە ئەمنی و سەربازییەكان لە سەرانسەری نیشتمان، ئەمەش دوای لێدانی گورزێکی كەمەرشكێن و ھەستیار لەڕێگەی بەدواداچوونی ھەواڵگری سەركەوتوو لە دژی پاشكۆ ھەڵاتووەكانیان.

لەدوا هەوڵی ترسنۆکانەیاندا، دەستی چەپەڵیان گەیاندە گوندی خدرجیجە لە قەدپاڵی چیای قەرەچوخ، لە ئەنجامی كردەوەیەکی وەحشیگەرانە ژمارەیەك ھاوڵاتی سڤیلی بێتاوان و ژمارەیەكی دیكەی پێشمەرگەیان شەھید و بریندار كرد.

لە كاتێكدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان سەرەخۆشی لە رۆڵەكانی گەلە ستەمدیدەكەمان دەكات، بەبۆنەی شەھیدبوونی دەستەیەك لە ڕۆڵەکانی، ھاوكات، جەخت لە ھەماھەنگی و ھاریكاری مەزن و بەردەوامی نێوان هێزەکانی سوپای عێراق و ھێزەكانی پێشمەرگە دەكات لە پارێزگاكانی دیالە، كەركوك و نەینەوا و بەدرێژایی ناوچە ئەمنییە ھاوبەشەكان.

بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەھیدان و لەناوبردنی تیرۆریستان و راوەدوونانیان لە مۆڵگە و حەشارگەكانیان، رەهەندی ھەماھەنگییەكان فراوانتر دەکرێن.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان

٣ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢١

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button