دەمێکە ڕۆژتان ئاوا بووە

بەبەرچاوتانەوە هاوڕێکانتان دەمرن و درەنگ یان زوو ئێوەش. بەبەرچاوتانەوە ئەم هەموو تاوانە ئەنجامدەدرێت و خۆتان بەشدارن لەم هەموو تاوانە و ئەزموون لە مەرگی هاوڕێکانتان وەرناگرن.
ڕشتنی فرمێسک بۆ مەرگی هاوڕێکانتان و کوشتنی کوڕی خەڵک چەند کردەیەکی درۆزنانەیە. برسیکردنی خەڵک و زیندانیکردنی چالاکوانەکان و چاوسوربوون لەسەر تەرمی هاوڕێکانتان چەند قێزەونە. سەردەمێک تێکەوتووین زۆرینەی خەڵک هەم دڵخۆشن بە مەرگی بەرپرسان یان لانی کەم خەمبار نین بە مەرگ و پیربوون و ناشتنی بەرپرسان. سەردەمێک تێکەوتووین مەرگی بەرپرسان وەک جۆرێک لە ڕزگاربوون لە بەلایەک وێنا دەکرێ. نەدەبوو بەم شێوەیە بێ، بەڵام بەرپرسانی وڵات ئەزموون لەو دوو مەتر زەوییە وەرناگرن کە زۆری نەماوە ببێتە ماڵی زۆرینەی باوکە بەناو شۆڕشگێڕەکان.
دیکتاتۆرەکان ئەزموون نە لەیەکتری نە لە گۆڕ و نە مردن وەرناگرن. دیکتاتۆرەکان دەمرن و دوای خۆیان زۆرینەی خەڵک بۆیان گرنگ نیە دەرمرن، کە بەلای خەڵکەوە دەمێکە مردوون. ستەمکاران دەمرن و دوای خۆیان زۆرینەی خەڵک هیچ شتێکی گرنگیان لەدەست نەداوە. دەبوو وانەبێ، بەڵام کوا ستەمکاران ئەزموون لە دیکتاتۆرەکان و مەرگ و دوو مەتر گۆڕ وەردەگرن.
فرمێسک بۆ مەرگی هاوڕێیانی خۆیان دەرڕێژن و گەنج لەسەر شەقام و لە زیندان و لەبرسا دەکوژن، ئێوە خەڵک بەچی دەزانن؟ دەتانەوەێ بە ستەمکاری بژین و خەڵکیش لەگەڵ خۆتان خەمبار بکەن بە مەرگی هاوڕێکانتان؟ دەتانەوێ لە دۆڵێکی تر بن و لەگەڵ مەرگیشدا زۆرینەی خەڵک لەگەڵ خۆتاندا شەریک بکەن؟ ئێمە لە دنیایەکی ترداین، لانی کەم لە ئێستادا هیچمان لەدەست نەیا، نەتوانین لەقەفەزی تاوانباراندا بەندتان بکەین، خۆ دەتوانین پشت بکەینە ئەو گوتارە درۆزنانەیەی کە بە ناوی کوردایەتی و شۆڕشگێڕیەوە لە بەڵا زیاتر سی ساڵە هیچتان بۆ کۆمەڵگە نەهێناوە.
لە عەسرێکداین مەرگی کەس دڵخۆشمان ناکا، بەڵام لانی کەم خەمباریش نین بە مەرگی ستەمکارێک.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button