بۆ دەربازبوون لە ” وامزانی ڕادیۆیە”

قسەی یەکەم قسەی دڵی مرۆڤە جوان و بەهەڵوێستەکانی دنیای ئێمەیە و قسەی دووەم قسەی شەق و لێدان و چاوسورکردنەوەی هێزە ستەمکارەکانە. ئەوەی پارتی یه‌كیتی ئەنجامی دەده‌ن لە ترس و تۆقاندن تا سەر بەردەوام نابێت و ئەمە دروست کۆپی دەسەڵاتە ستەمکارەکانی دنیا و ناوچەکەیە. ترساندنی خەڵک لەسەر هەڵوێست تاسەر بڕ ناکا و هەموو دەزانین یەکەم هەڵوێست ڕای شەخسی ئەو پیاوەیە کە بەرماڵەکەی ڕاوەشاند. هەڕەشەی پارتی بۆ پاشگەزبوونەوە لە هەڵوێستی یەکەمی بەرماڵ بەدەستێک هیچ نیە جگە لە هەنگاوێکی تر بۆ تاریککرنی هەولێر و ناوچەکە.

کە هێزێک نەبێت بەرگری لە بەرماڵ و ساحێب بەرماڵەکان بکا، کە هێزێک نەبێت بەرگری لە شێروان و مامۆستا بەدەل و دەیان چالاکوانی تر بکا لە هەولێر و بادینان، ئیدی دەبێ گوێبیستی “وامزانی ڕادیۆیە” لای چەندان مرۆڤی دلساف و بەهەڵوێستی ئەم هەرێمە بین کە یەکەم هەنگاو و یەکەم قسە و شەقەی یەکەم بەرماڵ خۆی خاوەنێتی و قسەی دووەم و ڤیدیۆی دووەم و هەڵوێستی دووەم هی خۆی نیە و هەڕەشە و ترس و چاوسورکردنەوەی جەلادێک خۆی مەڵاس داوە.

بۆ دەربازبوون لە قسە و کردەی دووەم، دەبێت هێزێک هەبێت بەرگری لە تاکەکان بکا، دەبێ مشتەکۆڵەیەک هەبێ بۆ بۆ روخساری دەسەڵاتێک کە بە هەڕەشە قسە و هەڵوێستی دووەم بەزۆر بە تاکەکان دەردەبڕێ.

کەرامەتشکاندنی مرۆڤ هەروا ئاسان نیە و دڵنیام سەردەمێک دێت جەللادەکانتان ناتانپارێزن، بێ گومانم میدیا و کامێرا و ئاسایش و چاوسورکردنەوەکانتان فریاتان ناکەوێ.

هەموومان خاوەن قسە و کردەی یەکەمین و لەپشت هەموو قسە و هەڵوێستێکی پێچەوانەدا جەلادێک بە قامچیەوە خۆی حەشارداوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button