نوێکراوەتەوە..موشەكە ئاراستەكراوەكانی هەولێر سێ برینداری لێكەوتووەتەوە

لڤین: چەند موشەكێك لە شۆنێكی نادیارەوە ئاراستەی هەولێر كران و دوو موشەك لە ناو گەڕەكەكانی هەولێر كەوتونەتە خوارەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا برینداربوونی سێ كەس راگەیەندراوە و چەند ئۆتۆمبێلێكیش زیانیان بەركەوتووە.
پەڕەی دژە تیرۆری كوردستان، لەو بارەیەوە رایگەیاند دوو مووشەك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كەوتنەخوارەوە و مووشەكێكیش بەسەر فڕۆكەخانەدا تێپەڕ بووە.
یەكێك لە موشەكەكان لەگەڕەكی وەزیران بووە كە بەر دیواری ئەمنی كونسوڵخانەی چین كەوتووە، یەكێكی دیكەش لە گەڕەكی ناز سیتی بووە كە بریندارەكە لەو گەڕەكە بووە، برینی ئەو كەسەش قورس نیە.
تا ئێستا هێزە ئەمنیەكانی شارەكە هیچ لێدوانێكیان لەوبارەیەوە بڵاو نەكردووەتەوە.