لەنێوان تەشریفاتی و قیڕەقیڕدا

ئاسایی نیە شار تاڵان بکەن تۆش بە شۆی خاکیبوون و سادەییبوون بتەوێ وانیشان بدەی کە لەگەڵ خەمەکانی خەڵکدای. زمانشیرینی کۆمەک بە دۆخی شار ناکات. کوڕە لاسارەکانی حزب کۆی داهاتی سەرخان و ژێرخانی شاریان تاڵان کردووە و تۆش بە بڕینی قردێلەی ساڵۆنێک دەتەوێ وا پیشان بدەی لەگەڵ خەمی خەڵکدای. کوڕانی حزب شاریان وەک قومارخانە و سۆزانیخانە دەوێ و لەبەرامبەریشدا دەخوازن ناڕەزایی خەڵک دامرکێننەوە، بۆ ئەم دۆخە تۆ ڕۆڵێکی باش دەبینی و بەرپرسی وەک تۆ خواناردویەتی بۆ کوڕە لاسارەکانی حزب.
ئەم تەمسیلە بێتامە چیە گۆڕان دەیکا؟ قیڕەی پارلەمانتارەکەی دەگاتە کەشکەڵانی فەلەک و لە شاشەکانەوە دەڵێ بەرپرسان خەریکی قاچاخی هێلەی پیس و دوگ و دەرمانی بەسەرچوو و نەوتن، کەچی بەرپرسێکی شاریش بێنی بڵێی وەزعی شار باشە و هەر خەریکی بۆنە و بەشداری ئاهەنگ بێت.
پێش ئەوەی پۆست وەرگری خوێنکارە توڕەکانی زانکۆی سلێمانیت دەخستە دوای خۆت و لەو سەرای ئازادییە هاوارت دەکرد خۆپیشاندان مۆڵەتی ناوێ، کە دەبیتە پارێزگار خۆپیشاندەرە ناڕازیەکانی ئەم وڵاتە بە هەڵگرتنی چەک تۆمەتبار دەکەیت و بە خۆپیشاندەرەران دەڵێی مۆڵەتیان نیە.
کۆی کایەکانی شار و هەرێمی کوردستان نابووت بووە، ڕۆڵی حەبی سەریەشە بۆ لەبیربردنەوەی کێشەکان چارەسەری ئەو دۆخە ناکا. لەنێوان تەشریفاتی و قیڕەقێڕدا ڕێگەی ترمان پێویستە. دنیای ئێمە، شاری ئێمە، لەوە ئاڵۆزترە بە تەشریفاتی و زمانشیرینی یان قیڕەقیڕی مەبەستدار چارەسەر بکرێت. سنورێک بۆ ئەم دۆخە دانەنرێ بە هەنگاوی عەقڵانی و بیری ورد، ئەوا یان دەبێ گوێبیستی دەنگەدەنگی مەبەستدار بین، یان بە پیشاندانی خاکیبوون ئەم قۆناغە بە برینێکی تر و خەمێکی تر و قەیرانێکی تر بسپێرین.
ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە جێهێشتنی سەردەمی قیڕەقێر و تەشریفاتی و خاکێتییە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button