مانگ لەکوێیە؟

گەڕان بەدوای مانگ بۆ ئەوەی بزانین کەی جەژنە، ئەو داواکارییە کۆمێدیەیە کە من لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەیبیستم. گەڕان بەدوای مانگدا وەک قسەیەکی شیعری جوانە بەڵام لەواقیعدا جگە لە نوکتەیەک زیاتر چیدی نیە.

بەڕاستی کارەساتە وڵاتانی دنیا بەر لە چەندین ساڵ بزانن کەی خۆر دەگیرێت و کەی مانگ دەگیرێت و کەی باران دەبارێت، کەچی تازە لەم عەسرەدا داوامان لێ بکەن بەدەستی بەتاڵەوە بچینە سەربانەکانمان و چاومان هەڵگڵۆفین و بەدوای مانگدا بگەڕێین. ئێستا لە دنیادا حکومەتەکان نوێترین ئامێری تایبەت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم بوارە دابین دەکەن و لە بوارەکانی فەلەکناسیدا شاەزایی بێوێنەیان هەیە، کەچی لای ئێمە لیژنەیەک لە پیاوانی ئایینی دروست دەکەن بۆ بینینی مانگ (وەک گۆڤاری سیخورمە لە ژمارەیەکدا دەنوسێت ئەندامانی لیژنەی بینینی مانگ یەکێکیان کوێرە). گەڕان بەدوای مانگدا و داواکردن لەخەڵکی کێ مانگی بینی پێمان بڵێت سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە کورد لەم هەرێمە هێشتا لەسەرتاکاندایە و لە زانستی فەلەکناسیدا تەواو فەقیرە (وەک چۆن لە کایەکانی تریشدا لە هەژارییەکی کوشندەدایە).

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button