یاخوا ئەوەی ئێمە دیمان ئێوە نەیبینن

لڤین: حاكم شێخ لەتیف

دایکم تەمەنی سەرو ھەشتا ساڵە، 17 ساڵیشە لەسەر جێیە چونکە توشی شەلەلی نیمچەیی بوەو دەست و قاچێکی کار ناکات.

حەفتەی رابردو توشی پەتای کۆرۆنا بو، دکتۆر بۆی نوسی لەنەخۆشخانەی کۆماری«سەرقەبران» داخل ببێ، ھەندێ چارەسەریشی بۆ نوسی، کە تەلەفۆنمان کرد بۆ ئوتومبێلی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە، بۆ ئەوەی بێن بیبەین بۆ نەخۆشخانە وتیان جێگا نییە.

پەیوەندیمان کرد بە نەخۆشخانەی شۆڕش وتیان نەخۆشخانەی ئاسا «کە خێرخوازان دروستیان کردوە بۆ نەخۆشی کۆرۆنا» داخراوە چونکە بەناو حکومەت پێداویستی و یارمەتی کارمەندە خۆبەخشەکانی بڕیوە.

پەیوەندیمان کرد بە نەخۆشخانەی بەخشین وتیان ئێمە تەنیا 5 جێگامان ھەیە ئەویش بۆ چاودێری وردەو وتیان جێگامان نییە.

بەناچاری پەیوەندیمان کرد بە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، وتیان لای ئێمە تەنھا شوێنی مانەوەکە شەوی بەیەک ملیۆن دینارە، پارەی دکتۆرو عیلاج و فەحس و تیشک و ھەر شتێکی تر لەسەر خۆتانەو جێگاشمان نییە.

بەڕاستی من توشی شۆک بوم، نەخۆشخانەیەک کە زەوییەکەشی ھی گشتییەو بە بەلاش پێیان دراوە بۆ دەبێ تەنھا نرخی شەوێک مانەوە بە یەک ملیۆن بێ؟

ھەرچەندە ئێمە ناتوانین بەو پارەیە بیگرین، بەڵام پارەم لێ بڕژێت ئامادە نیم و پێم کوفرە ئەو پارەیە بدەم، ئاخر موھیمترین ئوتێلی 5 ئەستێرە نرخەکەی لە 150 دۆلار تێپەڕناکات، یەعنی چی تەنھا نرخی مانەوە یەک ملێۆن بێ.

دواجار دوای چۆڵ بونی جێگایەک لە نەخۆشخانەی کۆماری داخل کرا، بەڵام تا گەیشتە ئەوێ شەکرەی فڕی و جەڵتەیەکی تر لێیدایەوەو ئەمجارە تەواو گۆج و ئیفلیجی کردو تەنھا بەسەر زیندوەو ناتوانێ قسەش بکات لەڕێی بۆری لە لوتیەوە بۆ ناو مەعیدەی شەربەت و شیرو شۆربای کەم کەمە دەدرێتێ.

لەنەخۆشخانەی کۆماری سەرەڕای ھەوڵ و ماندوبونی دڵسۆزانەی بێ وچانی دکتۆرو کارمەندەکانیان بۆ بەپیرەوە چونی نەخۆشەکان بەوپەڕی لەخۆبوردەیی و ئازایەتییەوە، بەڵام لەدەسەڵات و توانایان زۆر زیاترەو بیناو شوێنەکەش نەک ھەر لەبینای نەخۆشخانە ناچێ بەڵکو زۆر کۆن و خراپ و ماندوە، نەخۆشەکان بەسەریەکدا ھەڵترشاون، ئەوەی نەخۆشیش نەبێ لەوێ نەخۆش دەبێ.

سەیرە شاری سلێمانی بە قەزاو ناحیەکانیشیەوە کە تەنھا ھێندەی یەک گەڕەکی بەغدایە ئاوای لێبکرێ؟

من کە ئەمە دەنوسم بۆخۆمی نانوسم چونکە دایکم تازە باجەکەی داو باوەڕناکەم ھەرگیز چاکیش بێتەوە بەڵام بۆ خەڵکمە بەتایبەتی خەڵکی ھەژارو بێ دەرامەت.

چ رەوای حەقە شارێکی وەک سلێمانی نەخۆشخانەی کۆرۆنای ئاوابێ، دەڵێم یاخوا کەس بەتایبەتی خەڵکی بێ دەرامەت توشی ئەو پەتایە نەبێ و رێگای نەکەوێتە نەخۆشخانەکان.

ئێستا کە سەروبەندی ھەڵبژاردنە چۆن رویاندێ داوای دەنگ دان بکەن، لەکاتێکدا ھەمو مەسریفی نەخۆشخانەکە لەوانەیە بەیەک لەسەر دەی ئەو پارەیەی ھاوسەرۆکان لەمانگێکدا بەناحەق و ناڕەوا لەپارەی دزراوی خەڵک تەخشان و پەخشانی دەکەن و بەسەر پیاوەکانی خۆیاندا دەیبەخشنەوە کەمترە.

پێتان دەڵێم تۆزێک شەرم بتانگرێ، لەجیاتی نمایشکردن و خۆبادان و قاقای پێکەنینی بێخەمانەتان لەبەردەم میدیاکان بەجلی مارکەو مۆدیل و ریزە ئوتومبێلە بێ کۆتاییەکانتان، تۆزێک غیرەتتان بێ و سەردانی نەخۆشخانەی کۆماری و نەخۆش و دکتۆرو کارمەندە دڵسۆزەکانی بکەن و لەو پارەی کە پێویستە بۆ ئەوان و شوێنە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تر تەرخان بکرێ و ئێوە بەناحەق دەیبەن بەشێکی کەمیش بێ بۆیان بگێڕنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button