تاریکیی دووەم

تەجروبەی ئەفغانستان و عێراق پێمان ئەڵێ، وڵات لەناوەوە دروست ئەکرێتەوە. فاکتەری دەرەکییش تەنیا ئەو کاتە هاوکارە، کە هاوئاهەنگ ئەبێتەوە لەگەڵ فاکتەری ناوەکیداو تەنیا لێرەدا ئەتوانێ عاملی خێربێ. لەمە بترازێ، فاکتەری دەرەکی، هەر کاولکاری و کاتکوشتن و وزە بەفیڕۆدانەو دواجار ئەو کۆمەڵگایانە هەر دێنەوە خاڵی سفرو هەر لەوێوە دەستپێئەکەنەوە فاکتەری ناوەکی ئەیخوازێ!
لە ئەفغانستانیش پارادایم و دنیابینی و کولتورو عەقڵیەتی کۆمەڵگا، “تاڵیبان هەوایە”و تاکو لەناوەوەش پارادایم نەگۆڕێت، تالیبان هەمیشە خاڵی دەستپێکەو ئەگەر جار جار پچڕانێکیش ڕووبدا، فیلمەکە هەر دێتەوە ئەوێ!
یەعنی پارادایم ناوەکییەو لەناوەوە ئەگۆرێت. بۆئەوەشی بگۆڕێت، ئەبێ دەورانەکەی خۆی تەواوبکاو سیحرەکەی بەتاڵ ببێتەوە. لێرەشدا وا چاکە پچڕانەکان ڕوونەدەن، چونکە پچڕانەکان سیحرەکە ئەهێڵنەوەو لەم سیحرەشەوە گەڕانەوەکان ڕووئەدەن و فیلمەکان دووبارە ئەبنەوە!
ڕاستە فاکتەری دەرەکی بڕیاری لابردنی شاو پشتیوانی خومەینی دابوو، بەڵام ئەگەر لەناوەوە خەڵکەکە خۆی مەزهەبی و “خومەینی هەوا” نەبووایەو ملیۆنان کەس پێشوازییان لێنەکردایە، هەرگیز نیزامی ویلایەتی فەقێ، تەنیا بە فاکتەری دەرەکی دانەئەمەزرا. کە داشمەزرا، ئەوە شتێکی باشە کە بەردەوامەو سیحرەکەی خۆی بەتاڵئەکاتەوەو خەریکە چۆڕی تیانامێنێ. خۆ ئەگەر وانەبووایە، هەمیشە گەڕانەوەیەك بۆ خومەینیزم ئەگەرێکی کراوەبوو. بەڵام ئەگەر ئێستا خومەینیزم بڕوات، جارێکی تر گەڕانەوەی نیە، چونکە پارادایمە ناوەکییەکەی مرداربۆتەوەو هەر ئەو گەلەی کە بە عیشقەوە پێشوازی لە خومەینی کرد، چاوەڕێ ی دەرفەتێکە، بە ڕقەوە فڕێ ی بدا!
ئەی بۆچی تالیبان تەجروبەشکراوە، کەچی خەڵكێك دیسان پێشوازی لێئەکاتەوەو تەجروبەی ئەکاتەوە؟ چونکە پارادایمەکەی ماوەو بواری نەدرا وەکو خومەینیزم سیحرو چزووەکەی بەتاڵببێتەوە.
شۆڕشەکەی کاسترۆش کاتی خۆی بشکایە، ئێستاش ڕۆحەکەی زیندوبوو، کوبییەکان خەیاڵیان پێوەلێئەدا. بەڵام ئێستاو دوای پەنجا ساڵ لە سەرکەوتنی، ڕۆحە ناوەکییەکەی شۆرش بە جۆرێك مردوە، کە تاکە ئاواتی کوبییەکان، ڕاکردن و بەجێهێشتنی دۆزەخەکەی کاسترۆیە!
ڕاپەڕینەکەی ئێمەش ڕووینەدایە، ئێستاش خۆشترین دەنگ لەگوێمانا، دەنگی فەرهاد سەنگاویبوو. وەلێ ئێستا ئەو مۆدێلە، مایەی هێڵنج و ڕشانەوەیە. لە میسریش خراپترین شت کە ڕوویدا، ئەوەبوو کە ئیخوان دەورانی خۆی تەواونەکردو سیحرەکە بەتاڵنەبووەوە. بەڵکو کراسی مەزومیەتیشی لەبەرکردو سیحرەکەی تازەتربووەوە. کە ئەمەش ئیخوان ئەکات بە ئەگەرێکی ئامادەو ڕەنگە میسرییەکان دوای پەنجا ساڵی تر، دیسان لە ئیخوانەوە دەستپێبکەنەوە! بلۆکی سۆسیالیزمیش لەناو دەورانی خۆیدا نەکەوتایە، ڕەنگە جەنگی جیهانی سێیەممان هەڵگیرساندایە بۆ دامەزراندی ئەو بلۆکە!
بەکورتی پارادایم لەناوەوە نەگۆڕێت، کەون و کائینات نایگۆڕێ و تاکە ڕێگای گۆڕانیشی وەرگرتنی فرسەت و تەواوکردنی دەورانی خۆیەتی. لەم دەورانەشدا یان ئەجوڵێ و خۆی ئەپدەیت ئەکاتەوەو ئەبێتە تەجروبەیەکی سەرکەوتوو. یان لە دۆخی ڕەقی و جمودی خۆیدا، سیحرەکەی ئەکەوێ و ئەمرێ.
یەعنی تالیبان ئەگەری سەرکەوتنی هەیە؟ بەڵێ هەیەتی و هەرگیز ئەو شەیتاندن و دێواندنە ئایدۆلۆژییە دوورو دەرەکییانە ڕاست نیە تەنانەت بۆ تاڵیبانیش! مەسەلەن هەر بە بڕیك دزیی کەمترو بڕێك نەرمی نواندن، تالیبان سەرکەوتووترئەبێ لە حکومەتە گەندەڵە ڕوخاوەکەو ئەمە ڕاستییەو بە حەزی منو تۆ نیە. یەعنی هێزێکی توندڕەو، دواجار یان کەمێ ئەکرێتەوەو خۆی ئەگونجێنێ، یان لە داخراویی خۆیدا ئەتۆپێ و هەردوکیشی هەر قازانجە!
پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئایا فکری توندو تاریکی تالیبان، بواری جیاوازی و فرەیی و کرانەوەی تێدایە؟ بە موتڵەقی نا، بەڵام بە نزیکەیی لە موتڵەق، جوابەکەی نەخێرە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاکە چارەسەر ڕێگاپێدانە نەك ڕێگەلێگرتن. چونکە ئەو فکرە تاریکانەی کە پێویستە بڕۆن، بە ڕێگاپێدان ئەڕۆن و بە ڕێگەلێگرتن ئەمێننەوە!
کێشەی فەساد ئەوەیە کە بەدیلە حازرەکەی هەمیشە توندڕەوییەو لەتاو فەساد بە توندڕەوییش ئەیژەنیت. کێشەی توندڕەویی ئەوەیە کە بەدیلە حازرەکەی هەمیشە فەسادەو لەتاو توندڕەوی بە فەسادیش ئەیژەنیت. کیشەی ستەمکاریی ئەوەیە کە بەدیلە حارزەکەی هەمیشە فەوزایەو کێشەی فەوزا ئەوەیە کە بەدیلە حازرەکەی هەمیشە ستەمکارییە. چونکە لە دۆخی فەوزاو ستەمدا ئیتر بۆت گرنگ نیە قۆناغی دواتر چیەو تەنیا ئەتەوێ لەوەی کە هەیە ڕزگارت ببێ!
کاری عەقڵ و هۆشیارییش ئەوەیە کە ئەو کێشەیە حەل بکاو لە سوتان بمانپارێزێ و پێمان بڵێ، چارەسەری هیچ ئاگرێك، ئاگرێکی تر نیە. پێمان بڵێت، دووڕیانە جەبرییە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان، شایەنی پێدا ڕۆشتن نین و ئینسانی ئازاد، تەنیا بە ڕێگای ڕۆشندا ئەڕوات و لەتاو تاریکی یەکەم، خۆی فڕێناداتە تاریکی دوومەوە. هەروەها پێمان بڵێت، دیموکراسی پارادایمێکی ناوەکییەو هەرگیز لاسایکردنەوەی دیموکراسی، نابێتە دیموکراسی خۆی. پێشمان بڵێت، “هەڵبژاردن” لەناو پارادایمی خۆیدا ڕاستییەو لەناو پارادایمی ناخۆیدا درۆیە!
لە عێراق و هەرێمیش تاکو زووتر درۆی هەڵبژاردن کۆتایی پێبێت، ئێمە لە پلێت و پارادایمی خێڵەکی خۆمان نزیکتر ئەبینەوەو لە نماییش و ماسك و نیفاقی دیموکراسییش دوورترئەکەوینەوە. کە ئەمە شتێکی باشە ڕووبدا. باشە بەو مانایەی تاکو بێ پەردەو ڕاستەوخۆ دەورانی خۆمان تەواونەکەین، پارادایم ناگۆرێ و ناکەوینە دەورانێکی تر!
ڕۆشنگەریی ئەوروپا، لە تاریکترین ساتەکانی ناوەوەی خۆیەوە هاتەدەرێ. شوێنەکانی تریش ئەبێ بە دەورانی خۆیاندا بڕۆن و بەر تاریکترین ساتەکانی خۆیان بکەون، ئینجا ئاسۆی ڕووناکی دەرئەکەوێ. ڕووناکی گەلانیش لەناو تاریکی ئەواندایەو تاریکی ئەوانیش بە ئینقیلاب و لەشکرکێشی و تەیارەو ساروخ و دەستێوەردانی دەرەکی کۆتایی نایەت، بەڵکو بە گەڕانەوە بۆ عەقڵی خۆیان کۆتایی دێت. ئەمەش ئاسان نیەو وەکو مناڵبوون بەناو ژاندا ئەڕوات!
گەلان بۆیە گرنگە بە دەورانی خۆیان و بە تاریکییەکانی خۆیاندا بڕۆن، چونکە وەكئەڵێن قولی ڕەش و سپی لە بواردا دەرئەکەوێ و تاکو بوارەکە ڕوونەدا، تاریکترین قولیش هەر ئیدیعای ڕووناکی ئەکاو سیحری ئەو ئیدیعایەش تەنیا لە بوارەکەدا بەتاڵئەبێتەوە. بۆیە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی کە بوارەکە بوەستێنێ، نەك هاوکاریی نیە، بەڵکو گەورەترین جەریمەیە بە حەقی مێژووی ئەو گەلە!
جا بۆئەوەی ئەو ژانی عەقڵە بمانگرێت، تاکە چاکەیەك غەرب لەگەڵماندا بیکات، ئەوەیە کە ئیتر ئەوان کاولی نەکەن و لێمانگەڕێن جارێك خۆمان کاولیکەین. چونکە لە کاولکردنەکەی ئەوانەوە، ئێمە دەمارگیرتر ئەبین و پارادایمی مەوجود تۆخترئەبێتەوە. بەڵام لە کاولکردنەکەی خۆمانەوە، ڕەنگە بکەوینە بەردەم شۆکی عەقڵ و لەدایکبوونی پارادایمێکی نوێ. ڕەنگیشە عەقڵ هاوکارمانبێ، پێش کاولکردنەکە هۆشمان بەخۆماندا بێتەوە!
تاکە ئەسەفێك کە لە ئەفغانستان ڕووبدا، پاشەکشێ ی ماف و ئازادییەکانی ژنە.کە لەڕاستیدا ئەمەش ئەسەفێکی ڕووکەشییە. بەو مانایەی کە “دۆخی ناتالیبان” ناکاتە باشی دۆخی ژن. سەیرکە دەسەڵاتی ئێمە تالیبانیش نیەو پەچەو پەڕو ناسەپێنێ، بەڵام دەیان جۆری تری ستەمکاری، بەرامبەر مرۆڤ و ژن لە ئارادایەو مەسەلەکە تالیبان نیە، مەسەلەکە ستەمە، کە سیستەمێکی کراوەو سیستەمێکی داخراو، هەردوکیان ئەتوانن بیکەن هەر یەکەو بە شێوازی خۆی. مەسەلەن ئەمیان ئەیانکا بە کەنیزەك و دایان ئەپۆشێ، ئەویان ئەیانکا بە مۆدێل و ڕووتیان ئەکاتەوە. هەردوکیشی هەر بۆ هەمان مەبەست!
لەڕاستیدا چارەسەری دۆخی ژن و پیاوی ئەفغان، هەر ئەوەیە کە یەکجار تا ئەوسەری تونێلەکە، بە تاریکییەکانی خۆیاندا بڕۆن و کۆی ڕێگاکە تەواوکەن و چیتر پچڕانێك نەیانباتەوە سەرەتای تونێلەکە. کە بێگومان ئەمە دۆخێکی دژوارە، بەڵام ئەشێ لەوسەرەوە ڕووناکییەکی تێدابێت. ڕووناکیی ئەوەی، کە ئیتر مرۆڤی ئەفغانی بیربکاتەوەو خۆی بڕیاری خۆی بدا لەبارەی مۆدێلی تالیبانەوە، نەك چاوەڕێ ی بڕیاری مەجلیسی ئەمن و خەڵکی تربێت. ڕووناکیی ئەفغانییەکان تەنیا ئەو بڕیارەی خۆیانەو جگە لەوە، هەرچی هەیە، فەسادو تاریکی دووەمە، نەك ڕووناکی و ڕزگاربوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button