ئەنفالبازی و ئەنفالناسی

گومانی تیانیە، کە جینۆسایدو کارەساتەکان، بورکانێك لە سۆزو عاتیفە ئەتەقێننەوەو دنیایەك زەرەری مادییش ئەدەن.. بەڵام دیوە عاتفی و مادییەکە، تەنیا ئاستێکی نزمی شتەکەیەو ئەم بابەتە ئاستی باڵاتری هەیە کە بۆی هەڵکشێین!
کە ئەڵێم دیوە عاتفییەکەی نزمە، مەبەستم سوکایەتی نیەو ناڵێم شاعیرەکان شیعرەکان نەنوسن و گۆرانیبێژەکان نەیلاوێننەوەو کەسوکارەکان نەگرین..
کە ئەشڵێم ڕەهەندە مادییەکەی نزمە، مەبەستم ئەوەنیە کە زیانلێکەوتووان قەرەبوو نەکرێنەوەو ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین نەکرێ..
نا هەردووکی پێوستە. بەڵام تا ئێرا، پلەی یەکەمی قادرمەکەیەو پێویستە سەرکەوین بۆ پلەکانی سەرتر.
لەڕاستیدا شین و شەپۆڕە عاتفییەکەو کڕوزانەوە مادییەکە، لەوە دەرچووە کە تەنیا پلەیەکی پەیژەکەبێت. بەڵکو بووە بە هەموو پەیژەکەو ئیتر ئێمەش هەر لە خوارەوەی شتەکەداین و هەنگاومان نەناوە بۆ سەرەوەو بۆ پلەکانی تری تێگەیشتن لە جینۆسایدو کارکردن لە سەری.
یەعنی پلەی یەکەم گرنگەو ناکرێ بازبدەین بەسەریدا. بەڵام هەر بەقەت خۆی گرنگە، نەك بەقەت هەموو پەیژەکە. یەعنی ئەوە گرنگە کە شتەکە، لە ڕەهەندە عاتفی و مادییەکەوە، حەقی خۆی بدەینێ و تا ئێرا “ژیانە”. بەڵام کە ئەم ڕەهەندە، سەری ڕەهەندەکانی تر ئەخوات، ئیتر ئەوە مەرگ و گەوجاندنەو ئەبێ بوەستێنرێ!
لە ئێستادا، شین و شەپۆڕو کەشە عاتفییەکە، بابەتێکی مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتمانی نیە.. بەڵکو تەنیا بابەتی فریودان و خۆشاردنەوەی ستەمکارە خۆماڵییەکانی ئیمڕۆیە، لەپشتی ستەمکارە بێگانەکانی دوێنێوە!
چارەسەر نەکردنی جانبە مادییەکەو هێشتنەوەی خەڵکەکەش لە دۆخی کڕوزانەوەدا،، ڕاهێنانێکی سی ساڵەی خەڵکە، لەسەر دەستپانکردنەوەو بێ ئیرادەیی و کەسایەتی تێکشکاو!
بۆیە پێویستە هەڵکشێن بۆ دۆخە باڵاکەی هەڵەبجەو ئەنفال. ئەمەش تەنیا بەوە ئەبێ، کە حەڵقە عاتیفییەکەی کۆتایی پێبێنین و حەڵقە عەقڵییەکەی دەستپێبکەین. حەڵقە عاتفییەکەی، وەکو حەڵقەی تورکی وایە، سی ساڵە ئیش ئەکاو سی تریش تەواو نابێ. ئەگەریش ئەوە نەخەینە ژێر پرسیارەوە، حەڵقە عەقڵییەکەی هەرگیز دەستپێناکات!
لەم پرسەدا، دەسەڵات لەسەر وەتەری “کڕوزانەوە”و شین و شەپۆڕ، عەزفی خۆی ئەکاو موعارەزەش لەسەر وەتەری “کڕوزانەوە”و توڕەبوون.
سەیرکە کڕوزانەوە لە هەردوکیا هاوبەشە. یەعنی هەردوکیان لەوێدا وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر تێکشکاویی ئێمە ئەکەن!
سەیرکە شین و توڕەبوونیش هەردوکی هەر لەناو عاتیفەدایەو ئەوان بە هەردوکیان کەشێکی سایکۆلۆژیت بۆ دروست ئەکەن و یاری بە دەروونت ئەکەن،، بۆئەوەی هەر بێ هۆش بیت و نەچیتە قۆناغی عەقڵیی و ئاگایی شتەکە!
“بت” چەقبەستنی کۆمەڵگایە لە شتێکدا. کاری عەقڵیش شکاندنی ئەوەیە کە کۆمەڵگای تیا چەقیوە. مەسەلەن کە کۆمەڵگا لە بێدەنگیدا چەقی، ئیتر کاری عەقڵ دەنگهەڵبڕینە لە جەهل و ستەم و فەساد. بەڵام کە کۆمەڵگا لە دەنگەدەنگ و چەلەحانێ و شەڕەجنێودا گیریخوارد، ئیتر کاری عەقڵ بێدەنگی یان جۆرێکی ترە لە دەنگ. ئاخر دۆخی چەقین، هەر ئەوەیە کە ئیتر دەنگێکی تیانەماوە، ئەگەرچی پڕیشبێ لە دەنگەدەنگ!
دەسەڵات دزیی نیەو ناڕەزاییش جنێودان نیە. خراپترین شتی پارتی و یەکێتی، ئەوەبوو کە سیاسەتیان یەکسانکرد بە دزی و درۆو بە شتێکی جیا لە ئەخلاق. خراپترین شتی موعارەزەش، ئەوەبوو کە سیاسەت و بوێریی و ئازادی یەکسان کرد، بە جنێودان بە دوو حیزب. ئێستا ئەشکەوتی سیاسەتی ئێمە، بەس ئەم دوو دەنگە ئەداتەوە، کە هەردوکی نادەنگەو هیچیان دەنگی عەقڵ و ئەخلاقی سیاسی نین!
لەڕاستیدا “دەنگ” تەنیا دەنگی عەقڵەو دەنگی عەقڵیش ئەوەیە کە تیشك ئەخاتە سەر نادیارەکان و پرسیار ئەخاتە سەر پرسیارلێنەکراوەکان. لەڕاستیدا “دەنگی سیاسی” تەنیا ئەوەیە کە لینکێك لەنێوان سیاسەت و ئەخلاقدا دروستئەکاتەوەو لەو دۆخی جیایی و دابڕاوییە ڕزگاریان ئەکات.
پەیوەست بە هەڵەبجەو ئەنفال، بۆ ئەوەی شتەکە بەرزکەینەوە بۆ تێگەیشتنێکی باڵاتر، گرنگە لەو یارییە ڕزگاری بکەین، کە سی ساڵە حیزبەکانی دەسەڵات پێوەی ئەکەن. لەو یارییەش ڕزگاری بکەین، کە چەن ساڵێکە حیزبەکانی موعارەزە پێوەی ئەکەین. بەڵکو جارێکی ترو لە دەرەوەی ململانێ و بەرژەوەندیدا، سەیرێکی کۆی وێنەکە بکەینەوەو تەواوی گۆشە نادیارەکانی بخەینە بەر باس و ڕوناکیی تەنیا بە ئامانجی تێگەیشتن.
بە ئامانجی ڕاستی و بە ئامانجی بیناکردنی داهاتوو. ئاخر نە داهاتوو لەسەر درۆو شاردنەوەی مێژوو بینائەکرێ. نە ڕاستیش هی ئەوەیە بکرێتە کەرەستەی ململانێ و چەلەحانێکانی ئەمڕۆو هەرکەس بە هەوای خۆی مێژوو بنوسێتەوە. بەڵکو ڕاستی خۆی، ئامانجی عەقڵەو عەقڵیش شتەکان لەسەر ڕاستی دائەمەزرێنێ و لەسەر درۆ بینا هەڵناچنێ!
مەسەلەن (بەبێ پاکانەکردن بۆ دوژمن)و (دوور لە چەلەحانێ و ململانێکانی ئێستا)، گرنگە پەنجە بخرێتە سەر هەڵەو سەهم و بەشی حیزبەکان، لە تاوانەکانداو ئەم گۆشە تاریکەی مێژوو ڕوونبکرێتەوە. بۆئەوەی لەمەولا هەرچی کڵاشینکۆفێکی گەڕی هەڵگرت، چەپڵەی بۆ نەکوتین و شاری خۆمان کاول نەبێ و خەڵکی خۆمان نەخەینە بەردەم ئەگەری جینۆساید.
ئەرێ ئەو تەقوتۆقە موخابەراتییەی، کە بە پشتی دوژمی ئەلف، دژی دوژمنی بێ، هەڵئەگیرسێ، ئەوەیە شۆڕشی گەلێکی مەزڵوم؟ دواتر هەردو دوژمن و شۆڕش، هەرسێکیان پێکەوە، شارو گوندەکان کاولکەن و خەڵکەکەی بخەنە بەردەم ئەگەری کۆکوژی، بەجدی شۆڕش ئەوەیە؟
جا شتێك هەیە پێ ی ئەوترێ “شۆڕش”. تا پرسیار نەخەینە سەر ئەو شتەو تێگەیشتنێکی تری بۆ دروست نەکەین، شۆڕشی ڕاستەقینەی ئێمە دەستپێناکاو دنیای ئێمە ناگۆڕێت. شۆڕش لە مانایەکیدا یەعنی گۆڕانکاری ڕیشەیی. بەڵام ئەم وشەیە لە عەقڵی کوردیدا، خۆی بووە بە چەقبەستنێکی ڕیشەیی و بە بەربەست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی هۆشیارانەدا!
شتێكی لە شۆڕش تازەتریش لە زیهنی ئێمەدا پەیابووە، پێیئەوترێ “ناڕەزایی”. تایپێکە لە هاتوهاوارو چەلەحانێ و جنێودان و یەکسانکراوە بە فەزیلەتی سیاسی و بە بوێرێ و بە ئازادی و بە زۆر شت.. تا ئەوە نەخەینە ژێر پرسیارەوە، ناڕەزایی ڕاستەقینە لە دنیای ئێمەدا دروست نابێ و ئەمە دیوەکەی تری ڕازیبوونە بە دۆخی هەیی و مانەوەی!
شتێکیش لە یادەوەری و ویژدانی ئێمەدا هەیە، پێیئەوترێ هەڵەبجەو ئەنفال. تا تێگەیشتنێکی تری بۆ دروستنەکەین و لەوێدا فاکتەرە ناوخۆکانی دەستنیشان نەکەین، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر هەیەو کراوەیە!
بەڵێ تێگەیشتنێکی نوێ ی ئێمە، لە جینۆسایدو کارەساتەکانمان، ئەبێ لەوێوە دەستپێبکات، کە شتەکە فاکتەری ناوخۆشی هەیەو ئەگەر دەسەڵاتی دوژمن و فاکتەرە دەرەکییەکانیشمان نەبێ، لانیکەم ئەبێ فاکتەرە ناوخۆکانی بدۆزینەوەو چارەسەربکەین. لێرەشدا مەبەستم (هۆشیاربوونە بە خۆ) نەك جەڵدی زات و ستایشی دوژمن و خودنەفرەتی، کە ئەمەی دووەمیان، ڕێك دیوەکەی تری جەهلە بە خۆ!
ئاخر “نامۆبوون لە خۆ” دوو جۆری هەیە. جۆرێکیان ئەوەیە کە ناتوانێ پرسیار بخاتە سەر خۆی و هۆشیاربێت بە هەڵەو کەموکوڕییە ناوەکییەکانی. جۆرێکیشیان لەبری تێگەیشتن لەخۆ، زەڕبی لێئەداو ئەخلیسکێ بۆ قۆناغی ڕقبوون لە خۆ. بە نەفەسیك ئەکەوێتە کوتینەوەی خۆی، کە ئەچێتەوە سەر نەفەسی دوژمن.
جا ئەم دووانە، یەکەمیان جەهلە بە خۆ، دووەمیان خراپترین و توندترین لێکەوتەو کاردانەوەی جەهلەکەیە. یەعنی جەهلترە!
لەنێوان (کوێری و خۆنەبینین) لەلایەك و (دێزیی و پاکانەکردن بۆ دوژمن) لە لاکەی ترەوە، (کوردبینی و خۆناسین) هەیە. لەوێشەوە چاوێکمان بۆ دروست ئەبێت، کە ئیتر دوژمن و دنیاکەو سیاسەت و شۆڕش و جینۆسایدو مێژوو.. باشتر ببینین و ئایندەیەکی ڕوونیش تەنیا لەو چاوەوە دەرئەکەوێ. ئێمە ئەبێ تێبگەین لەوەی کە، خۆدروستکردن لە خۆناسینەوە دەستپێئەکاو ئەگەر لەوێوە دەستپێنەکەین، هیچ دروستناکەین و هەرچیش دروستکەین ڕووخاوە.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button