تەڵاقی بێعەقڵیی

– کاتێ کوڕەکان ئەگرن، ئەمە ستەمکارییە. بەڵام کاتێ کەسوکاریان ئەگرن، ئەمە لە ستەمییش لای داوەو تۆزێ ئەولاتریشە. یان با تۆزێ خاترتان بگرین. کاتێ کوڕەکان ئەگرن، هەمووی خەتای ئێوە نیەو بەشێکی خەتای کوڕەکانیشە. چونکە ئەگەرچی داواکان گشتی و ڕەوان، بەڵام بڕێك ئەجندای حیزبی و کەرەستەی ململانێشی تێدایە. کە ئەمەش دیسان هەر ڕەوایە، بەڵام عەقڵی بچوکی نادیموکرات بۆی هەزم ناکرێ. وەلێ کاتێ کەسوکاریان ئەگرن، ئیتر لەوێدا ستەمکاریی پڕئەبێ و هەرهەمووی بە کاملیی خەتای ئێوەیە. چونکە ئەم کەسانەی دووەم، هیچ داوایەکی سیاسی و گشتییان نیەو هیچ ڕەگەزێکی ململانێش لەگۆڕێدا نیە. ئەوەی کە هەیە، تەنیا مناڵێکە باوکی ئەوێ و تەنیا خوشکێکە براکەی ئەوێ و تەنیا ژنێکە داوای مێردەکەی ئەکات.
– وەڵامی قەیران و ناڕەزایی، تەنیا چاکسازییەو چاکسازییش ڕیشەییەکەی نا. چونکە کە وتمان ڕیشەیی، ئیتر شتەکە ئەبێ لەسەر ئێوە جێبەجێ بکرێ، نەكئەوەی ئێوە خۆتان کارەکە بکەن. یەعنی مەبەستم لە چاکسازییەك کە ئێوە بیکەن، تەنیا دوو شتە: یەکەم هەر ئەونەی کە خراپتری نەکەن و گەندەڵی لەم ئاستەی ئێستادا بوەستێت. دووەمیش هەر تۆزێ پاشەکشێ ی پێبکەن، زۆر نا!
– داواکارییەکەش بۆیە هەر ئەونەیەو زیاتر نیە، چونکە هەم هێزی ناڕەزایی، بایی گۆڕانکارییەکی گەورەنیەو لەوە زیاتری پێناکرێ. هەم دەسەڵاتێکی فاسدو ستەمکاریش لەوە زیاتری لێ چاوەڕوان ناکرێ. ئەو تۆزە داوایەش هەر بۆئەوەیە کە باجی قەیرانەکە، هەمووی خەڵك نەیداو بەشێکیشی لەسەر شانی خودی ستەمکاریی بێت.
– وەلێ ئەم قسانە هیچ سودێکی نیەو گوێیەكیش نیە بیبیستێ. چونکە فەسادی ئێمە، لەو جۆرەیە کە هۆشیار نیە بە خۆی. ئاخر فەساد، لەوپەڕی بێعەقڵی خۆیدا، هێشتا بایی ئەونە عەقڵی هەیە، کە لەپێناو مانەوەدا شتانێك بکات. بەڵام فەسادی ئێمە ئینتیحارییەو ئەوەشی نیە! ئەمەش خراپترین جۆری فەسادە، چونکە لێرەدا فەساد، بەتەنیا خۆی ناکوژێ، بەڵکو هەموو شتێك بەخۆیەوە ئەکوژێ.
– فەساد بەگشتی خراپە. بەڵام فەسادی هۆشیار بە خۆی، بڕێك ئەهوەنترە. مەسەلەن فەسادی خلیج، هۆشیارە بە خودی فەساد، بۆیە لەپێناو مانەوەی خۆی، مێگەلەکەی بە باشی ئەلەوەڕێنێ و ئەخافڵێنێ.. بەڵام فەسادی ئێمە، هۆشیارنیە بە خودی فەساد. بۆیە لەدزیدا، تەنانەت ئەوەش ئەدزێ، کە بۆ مانەوەی خۆی پێویستە!
– هەڵبەتە کە ئەشڵێم، هۆشیارنیە بە خۆی. لەڕاستیدا مەبەستم لێزانییە نەك (هۆشیاریی). یەعنی ئەمانە خەریکی ئیشێکن کە تەنانەت لە ئیشەکەی خۆشیان نازانن. چونکە لێزانییەکەی فەساد، ئەکاتە فەسادی رێژەیی و سنوردار، نەك فەسادی پڕو ڕەهاو ئەوپەڕی!
جا نەك هەر ستەمکارەکەی سەرەوە، بەڵکو مێگەلەکەی خوارەش لە ئیشەکەی خۆی نازانێت. چونکە مێگەلایەتیش، یەعنی ئازادی بەرامبەر لەوەڕ، نەك ئەوەی شتەکە خۆبەخشی و بێبەرامبەر بێت!
– بەڵێ لەو هۆشیارییەی سەرەوە، مەبەستم لێزانییە نەك هۆشیاریی. چونکە ئەوەی کە هۆشیاربێ بە ستەمکاریی، ئیتر ناتوانێ ستەمکاربێت. ئاخر خودی هۆشیاریی، خۆی لەخۆیدا، ستەمکاری ڕەفزو نەفی ئەکاتەوە. ئەوەشی هۆشیاربێتەوە بە مێگەل، هەر ئەوە هۆشیاربوونەوەشیەتی بە ئازادی و ئیتر مرۆڤەو ناتوانێ مەڕوماڵات بێت!
– هەڵبەتە لە وجودی ستەمکارییدا، بوونی مێگەل شتێکی غەریب نیەو ئاساییە. چونکە مێگەل و ستەمکاریی دووانەی یەکن و ستەمکارییەك نیە، بێ مێگەل و مێگەلێك نیە، بێ ستەمکاریی و هەردوکیان “هێزو بوون” لە یەکتری وەرئەگرن. بەڵام ئەوەی کە نائاسایی و غەریبە، ئەوەیە کە ستەمکارییەك هەبێ، بێباكبێ لە مێگەلەکەی! لەکاتێکا سروشتی ستەمکاریی وایە، کە زۆر خەمی مێگەلیەتی، چونکە دەسەڵاتەکەی لەسەر ئەوە ڕاوەستاوە. لەوە سەیرتر مێگەلێکە، کە کێشەی نیە لەگەڵ ئەو بێباکییەی خاوەنەکەیدا! لەکاتێدا سروشتی مێگەلایەتی ئەوەیە کە، لانیکەم لەڕووی مادییەوە تێربێ، موقابیلی ئەو شتانەی لەڕووی مەعنەوییەوە لێ ی وەرگیراوە.
– ئەو بێباکییەی دەسەڵاتیش پێمانئەڵێ، ستەمکاریی ئێمە، چیتر لەوە دەرچووە، کە لەسەر “پایەی ناوخۆیی مێگەل” وەستابێت. بەڵکو لەئێستادا تەنیا لەسەر پایەی دەرەکی و کلکایەتی ئیقلیمی وەستاوەو هیچی تر. بێباکییەکەی خوارەوەش دوو لایەنە. بەشێکی هۆشیارییە بەو هاوکێشە دەرەکییەو زانینی ئەوەیە کە لە وجودی ئەو هاوکێشەیەدا، ململانێ ی ناوەوە خراپتری ئەکا، باشتری ناکات. بەشێکیشی جەهلی مێگەلەکەیە بە مێگەل، هاوشێوەی جەهلەکەی ستەمکاریی بە ستەمکاریی. ئاخر ئەگەر مێگەڵ هۆشیاربێ بە خۆی، ئەزانێت کە مێگەلایەتی بێبەرامبەر نیە!
– ئەو جەهلە دوو سەرەیەش، یەعنی ئەوەی ئێمە، تەنانەت ستەمکارییش نیەو هەر چەتەییەکی ڕووت و قووتە. چونکە ستەمکارییش بە مانا سیاسییەکەی، سیستەمەو بڕێك ئوسوڵی خۆی هەیە. وە ئەوەی ئێمە تەنانەت مێگەلیش نیەو هەر تۆپەڵە خەڵکێکی ڕووت و قووتە. چونکە تەنانەت مێگەلیش مواسەفات و مەرجی خۆی هەیە.
– وەلێ دنیا بە قوڕ نەگیراوەو لەو نێوانەدا، محاوەلاتی فەردیش هەیەو چارەسەریش هەر محاوەلاتی فەردییەو هەر ئەوەیە کە هەرکەس خۆی، لە دۆخی مێگەلیی بێتە دەرو بچێتە ناو هۆشیاریی خۆی. هەر بەوە، ستەمکارییشی ڕەتکردۆتەوە. چونکە مێگەل و ستەمکاریی پاکێجێکە.
– مەترسیی یەکەمیش بۆسەر قەوارەکە، ناوەکییەو هەر ئەو ستەمکارییەیە، کە تەنانەت لە ستەمکارییش نازانێ و هەر ئەو مێگەلەیە، کە تەنانەت لە مێگەلایەتیش نازانێ. مەترسی دەرەکیش لە هەر چوار لاوە، هەیەو جدیشە. جۆرێکیشە لە گەمژەیی، کە لە کاردانەوەی مەترسییە ناوخۆکەدا، پێتوابێ مەترسییەکی دەرەکی لەئارادا نیە، یان تۆزێ زیاتریش بڕۆیت و پێتوابێ مەترسییە دەرەکییەکە چارەسەرە!
– ئەو کاردانەوە قێزەونەی کە لەبەرامبەر ستەمی ناوخۆدا ستەمی دەرەکیی بە چارەسەر ئەزانێ. ئەویش بە هەمان شێوەی دەسەڵاتە فاسدەکە، ئینتیحارییەو وەکچۆن ئەمیان سنوری نیەو هەموو شتێ ئەکاتە قوربانی فەسادەکەی خۆی،، ئەویش سنوری نیەو هەموو شت ئەکاتە قوربانی گرێکەی خۆی. هەردوکیان یەك شتن و هەمان کورتانیان فڕێداوە. ئەمەی دووەمیان نەك شتێکی ترنیە، بەڵکو خراپترین لێکەوتەی ئەوەی یەکەمیانەو ئەگەر یەکەمیان بگوشیت، لە خەستترین ئاستیدا، ئەوەی دووەمیانی لێ ئەچۆڕێتەوە!
– بەنەتیجەش ئیتر ئێمە ئەکەوینە نێوان دوو “خودنەفرەتیی”. یەکێکیان دەسەڵاتەکەیە کە بە کردەیی خودنەفرەتیی مومارەسەئەکاو نابووتمان ئەکات. ئەویتریان کاردانەوەکەیەتی کە بە زارەکی و لە زمان و دەربڕیندا خودنەفرەتیی ئەبێژێ و ڕقبوونەوە لە خۆ بەرهەمئەهێنێ. بە هاوکاریی هەردویکیشیان بەرەو نابووتبوونی یەکجارەکیی ئەڕۆین و ئەمەش ئەو مەترسییەیە کە هیچی کەمتر نیە لە مەترسی دوژمن و لەڕاستیشدا هەر ئەوەیە کە دوژمن ئەیەوێ.
– ئینجا ئازادی بۆ ئەو کوڕانەو کەسوکاریان. تۆزێ عەقڵیش بۆ ئەو دەسەڵاتە، کە هەر ئەڵێ ی تەڵاقی لەسەر بێعەقڵیی خۆی خواردوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button