دین و هەڵگەڕاوەکەی

جوانترین فۆڕمی دینداری، کە ئەشێ ڕاستەقینەکەشی بێت، ئەوەیە کە دڵییەو بەینی خۆت و خوایە. خراپترین فۆڕمی دینداری، ئەوەیە کە هەژمونگەرایەو بۆ دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. یەکەمیان تۆ ئەباتە ناو ئاشتییەکی ناوەکیی و ئامادەت ئەکات بۆ پێکەوەژیانێکی دەرەکیی. دووەمیان پڕت ئەکات لە ڕق و شەڕەنگێزی و دنیات بۆ ئەکات بە مەیدانی شەڕو خۆسەپاندن.
لەڕاستیدا هەڵگەڕانەوەی دینی، ئەوەنیە کە لە دینێکەوە بچیتە سەر دینێکی تر، ئەمە تەنیا هەڵگەڕانەوەیەکی ڕووکەشییە، چونکە لە جەوهەردا دین هەمووی هەر یەکێکە. بەڵکو هەڵگەڕانەوەکە، ئەوەیە کە دین ئەبێتە ئایدۆلۆژیاو ئینقلیلاب بەسەر ناوەڕۆکی خۆیدا ئەکا. ئاخر یەکەمیان ئەیەوێ دنیای ناوەوە چاكبکاو دووەمیان ئەیەوێ دنیای دەرەوە داگیربکات. داگیرکردنی دنیای دەرەوەش، ڕێك بەناو کاولکردنی دنیای ناوەوەدا ئەڕوات. ئەمەش ئینقیلاب و هەڵگەڕانەوەکەیە!
یەعنی لەڕاستیدا (هەڵگەڕاوەکان) ئەوانە نەبوون کە دوای وەفاتی پێغەمبەر، لە سەحابە هەڵگەڕانەوە. بەڵکو سەحابە خۆیانبوون کە دینیان ئینقیلاب پێکردو لە دینێکی ڕۆحی و دڵییەوە، هەڵیانگێڕایەوە بۆ دینی سوڵتەو هەیمەنە. ئەوەشی کە بە ئێمە گەیشتووە، ئەمەی دووەمیانەو لەڕاستیدا مێژووی ئیسلام، مێژووی دینی سوڵتەیە نەك هی دینی دڵ. چونکە دینی دڵ، ئەسڵەن مێژووی نیەو لەناو کتێب و تەفسیرو سیرەو ڕیوایەتدا نایدۆزرێتەوە، بەڵکو هەر لەناو دڵ و دەروون و ئاگایی خۆتدا، ئەیناسیت و ئەزانیت خۆی چیەو هەڵگەڕاوەکەشی چییە!
ئەوەی کە ڕۆحی و دڵییە، پێتئەڵێ دین بریتییە لە چاکبوونی خۆت. ئەمەش سەرەتای قبوڵکردنی جیاوازیی و فەهمکردنی فرەییە. چونکە چاکبوون شتێکی جەوهەرییەو فۆڕمێکی نیە کە بیسەپێنیت و یەکڕەنگیی پێ دروستبکەیت. بەڵکو تۆ بە هەر ڕەنگ و شێوازێکەوە، ئەتوانی چاکبیت و خراپیش. بەڵام ئەوەی کە هەژمونگەراو سوڵتەوییە، پێتئەڵێ دین بریتییە لە یەکڕەنگکردنی کۆمەڵگاو وەکخۆت لێکردنی ئەوانیتر. ئەمەش بە فۆڕم و شێواز ئەکرێ و لێرەدا شتەکە بە زەرورەت شکڵییەو جەوهەریی نیە. لە شەڕی سەپاندنی ئەم شێوازەشدا، هەم ناخی خۆت و هەم دنیاکەش خراپ ئەبێ و ئامانجی هەرە باڵای دینیش بەتاڵئەبێتەوە، کە چاکبوونە!
ئازادی چەقی مرۆڤبوونەو لە دینی دڵدا، تۆ هۆشیارئەبیتەوە بە ئازادی و تێئەگەیت لەوەی کە چاکبوون، ئەوەیە کە لە ئیرادەی ئازادەوەبێت. سەپاندن و ناچارکردنیش، جگە لەوەی پێشێلی ئیرادەو ئازادییە، دروستکەری نیفاقیشە،، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا خراپەو خراپیش ناتوانێ چاکبوون بخولقێنێ و ئامانجەکەی دین بەدیبێنێت!
لە دینی دڵدا، وتن نیە، ناسین هەیە. پێتناوترێ چی چاکە، بەڵکو خودی چاکیی ئەناسیت. کە ناسیت ئیتر ئازادانە ئەکەویتە ناو چاکبوونەوەو شتەکە لەبەر خودی چاکەیە نەك لەبەر تەماحی پاداشت و ترسی سزا. لە دینی دڵدا، نە چاوت لە بە هەشتەو نە ترست لە دۆزەخ، بەڵکو تەنیا خۆت ئەناسیت وەکو مرۆڤ و ئەتەوێ مرۆڤ بیت.
لەویتردا، ناسین نیەو وتن هەیە. ئەسڵەن هەموو شتەکە لەسەر وتی وتی دامەزراوەو تۆ خۆت نازانی چی چاکە، ئەبێ ئەوێك پێت بڵێ و شتەکە لە وتنەکەی ئەودایە نەك لە ناسینی خۆتدا. لێرەشەوە ئیتر تۆ ناکەویتە ناو چاکبوونەوە، چونکە چاکبوون شتێکی خودییەو تەنیا بە ناسین ئەکەویتە ناوی، نەك بە تەقلیدو وەرگرتن. بەڵام لەبری چاکبوون، نمایشی چاکبوونت بۆ دروستئەکەن و ئیتر تۆ، کە ئەکەویتە ناو نمایشەکەوە، وائەزانیت لەناو چاکبووندایت!
ئیتر تۆ ئەشبیتە کەرەستەیەکی خاو بۆ خراپە، چونکە تەنیا ناسین و فلتەری ناوەکیی لە خراپبوون ئەتپارێزێ، نەك وتن و فلتەرە دەرەکییەکان!
لە دینی دڵدا، بێ هۆشیی کفرە. چونکە تۆ تەنیا لە هۆشیارییدا خۆتیت و بەشێك نیت لە مێگەل. بەپێچەوانەوە لە دینی هەژموونگەرادا هۆشیاریی کفرە، چونکە کارەکە بە میگەل ئەڕواو تۆش تەنیا لە بێهۆشییدا ئەکەویتە ناو میگەل. جا بۆ بەدیلی هۆشیاریی، هەستیارییت بۆ دروستئەکەن و ئیتر تۆ کە کار لەسەر هۆشی خۆت ناکەیت، ئەوان کار لەسەر دەروونت ئەکەن و بەردەوام کەشی حەماسی و شەڕو هەستیاریی و دوژمنی وەهمییت بۆ دروستئەکەن و لەوێوە کۆنترۆڵت ئەکەن!
بەڵێ لە دینی هەڵگەڕاوەدا هۆشیاریی کفرە، بۆیە هەموو حەکیم و عارفەکان، وەکو دەرچوویەك لە دین مامەڵەیان لەگەڵ کراو کوژراون و دەرکران. دەی خۆ ئەوانیش هەر بە ڕاستی لە دینەکە دەرچووبوون، چونکە ئەو فۆڕمەی دین، کە پێشمەرجەکەی بێهۆشییە، مرۆڤی هۆشیار ناتوانێ لێ ی دەرنەچێ و پێ ی کافر نەبێت!
لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا وشەی فەتح، زۆر بەرچاوەو لە دین و هەڵگەڕاوەکەشیدا، ئەم چەمکە ڕێك پێچەوانەیە. لە یەکەمیاندا فەتحەکە تەنیا کرانەوەی خۆتە لە تاکڕەهەندییەوە بۆ فرەڕەهەندیی. لە دووەمیاندا فەتحەکە شەڕو غەزایە لەگەڵ ئەودا، بۆ سەپاندنی تاكڕەهەندیی. ئەوەشی کە دوای دانسەکە، خەڵكێك ئەچێ لە هەمان شوێن نوێژ ئەکات، لەڕاستیدا ئەمانە وائەزانن ئەو ڕووبەرەیان لێ داگیرکراوەو ئەچن جارێکی تر فەتحی ئەکەنەوە! ئاخر کە تۆ لەسەر عەقڵی هەژموونگەرابوویت، ئیتر لە شەڕدایت و هەموو جوڵەیەکی بەرامبەر وەکو بەشێك لە شەڕەکە ئەبینیت. ئەمەش ماهییەتی هەموو عەقڵێکی ئایدۆلۆژییە، بە چەپ و ڕاست و دینی و نادینییەوە.
لەڕاستیدا هیچ کێشەیەك لەوەدا نیە کە باڕێك و پەرستگایەك هاوسێ بن. کێشە ئەوەیە کە باڕەکە بچێتە جێگای پەرستگاکە، یان پەرستگاکە بچێتە جێگای باڕەکە. لەڕاستیدا ئەوە کێشە نیە، لە مزگەوتەکەی سەهۆڵەکە خەڵك نوێژبکاو تۆزێ لەولاترەوە خەڵك سەما بکات. ئەوە کێشەیە کە سەماکەرەکە شوێنی نوێژەکە داگیربکات، یان نوێژکەرەکە شوێنی سەماکە داگیربکات. یەعنی شوێنی ڕاستەقینەی جیاوازەکانی کۆمەڵگا، تەنیشتی یەکە، نەك داگیرکردنی جێگای یەکتر. ئەسڵەن کێشەکە لە شوێندا نیەو لە عەقڵدایە. کە عەقڵ کرایەوە بە ڕووی فرەییدا، ئیتر ئۆتۆماتیکی جیاوازییەکان ئەکەونە تەنیشتی یەك و کە عەقڵیش داخراو لە ڕەهەندێکدا گیری خوارد، ئیتر جیاوازەکان، سوار شان و ملی یەك ئەبن و لە دنیاکەدا جێیان نابێتەوە!
موسوڵمان زۆر دڵی بەوە خۆشە کە بە ژمارەو بە زاوزێ، لەچاو دینەکانی تردا بەردەوام زیادئەکات، کە ئەمە هیچ فەزیلەتێکی تێدانیە، چونکە خودی فەزیلەت، پرسێکی چۆنێتییە نەك چەندێتی!
یان موسوڵمان زۆر دڵی بەوە خۆشە، کە لە ئەوروپا، کەنیسەیەك بکات، بە مزگەوت و ئەمە بە فەتحێکی موبین ئەزانێت،، لەکاتێکا فەتح و فەزیلەتی ئەمە، بۆ یاساو عەدالەتی ئەو وڵاتە علمانییەیە کە ڕێگەی ئەوەت ئەدات. وە بۆ دڵی گەورەی مەسیحییەکانە، کە ڕێگا ئەدەن، کۆنە کەنیسەیەکیان کە ئیشیان پێ ی نەمانەوە، بکرێت بە مزگەوت!
دینداری کوردەواری، سەرەڕای خەلەل و کەموکوڕییەکانی، هێشتا مرۆڤ تیایدا موسوڵمانێکی ئاساییەو دین بەینی خۆی و خوای خۆیەتی و دینبازی و فرۆشتنەوەی تێدانیە. یەعنی تا ئێرا تۆ خەریکی مرۆڤبوونی خۆتی و چەنێكیش مرۆڤبیت، ئەونە لەخواوە نزیکیت. بەڵام ئیسلامی سیاسی هات، خەڵكی بردە سەر دینی هەڵگەڕاوە، کە دینی فرۆشتنەوەو ڕووکەشبازییەو ئیتر تۆ چەنێك ڕووکەشبازیی بکەیت، ئەونە دینداریت! ئا لێرەشەوە، کاتێ تۆ ئەچیتە سەر دینی بانگخوازەکان، لەڕاستیدا هەنگاوێك لە خواو لە دین دوورکەوتوویتەتەوە نەك نزیك!
ئاخر تۆ موجەڕەد بە مرۆڤبوون، لەسەر دینی خودایت، بەڵام توجاری دین، هەر بەونە لێتناگەڕێن و هەمیشە لە دینی خوداوە وەرتئەگێڕن بۆ هەڵگەڕاوەکەی. چونکە دینی خودا، خۆت و خوداو نیەت و کردەوەکانتەو وەسیت و توجارو دوکان و بازاڕی ناوێت. دینێکی ڕۆحی و جەوهەرییەو ڕوکەشبازیی تێدانیە، کە کاڵای تیجارەتەکەیە!
سەیر ئەوەیە کە ئیسلامی سیاسی، خۆی کردوە بە پارێزەری کولتوری ئێمەو ئەڵێ شتە مۆدێرنەکان نامۆن بە کولتوری ئێمە، لەکاتێکا خۆشی هەر تازە هاتووەو هەر نامۆیە بە کولتوری ئێمە. دەی خۆ سی ساڵ لەمەوپێش، کۆمەڵگای ئێمە لەسەر ئەم دینە تاکڕەهەندە نەبوو کە ئیسلامی سیاسی هێنای!
کولتور شتێکی وەستاوی پیرۆزنیە کە شایەنی ڕەخنە نەبێت، بەڵکو شتێکی جوڵاوەو حەوزێکە، جگە لەو کانییانەی لەناوەوە هەڵئەقوڵێ، لە چەندین جۆگەشەوە بەردەوام شتی تازەی تێئەڕژێ و شتی کۆنی لێ دەرئەچێ.. وەلێ هەموو ئەوەی لە حەوزەکەدایە، بە کۆن و نوێوە، هیچی پیرۆز نیەو هەمووی ئەبێ لە فلتەری ڕەخنە بدرێ، بۆ ئەوەی بەردەوام “کولتور” بە دیوی فرەیی و پێکەوەژیاندا ئەپدەیت ببێتەوە.
ئەبێ هەمووی بدەین لە فلتەری ڕەخنەو و کولتورێکی فرەیی بەرهەم بهێنین، نەكئەوەی یەکێ لە جۆگەلەکان بکەین بە هەموو ئاوەکەو بیسەپێنین و حەوزێکی تاکڕەهەند دروستبکەین. یەعنی هەموو جۆگەلە کولتورییەکان، پێکەوە کولتورن و ئەمەش جوڵاوەو کۆمەڵگاش بە سروشتی خۆی، کراوەیەو دانەخراوە بەڕووی دنیادا. بۆیە هەوڵی داخستنی کۆمەڵگا لە ڕەهەندێکدا، پێش هەر شتێك، دژە بە سروشتی کۆمەڵگاو کولتور!
یەعنی ئایدۆلۆژیا ئەتوانێ بێت و دەسکارییەکی کولتوری کۆمەڵگا بکات، بەڵام ناتوانێ هەموو کولتوربێت. ئەتوانێ فۆڕمێکی تری دینی دابهێنێ، بەڵام ناکرێ هەموو دین بێت. ئیسلامی سیاسییش، وەکو بەشێك لە کولتوری فرەیی با هەبێ. بەڵام وەکو “هەموو دین”و “هەموو کولتور”و داگیرکردنی کۆمەڵگا، ئەمەیان نا. ئەم نایەش بۆ هەر هەوڵێکی تاکڕەهەندانەی داگیرکردنی کۆمەڵگاو کولتورە، چ ئیسلامییانەبێت یان مارکسییانە..
لە دیندا، شەیتان ئەگەری خراپبوونی تۆیە، بۆیە ئیتر چاوت لەسەر خۆتەو نابیتە پۆلیسی ئەخلاق و حەرەسی دین و حیمایەی خواو ڕەقیبی ژیانی ئەوانیتر. لێرەشەوە دین ئەبێتە ڕێگایەك بۆ مرۆڤبوون و ئاشتی و خۆشەویستی.. بەڵام لە دینی هەڵگەڕاوەدا، شەیتان هەمیشە لە دەرەوەی تۆدایەو ئەوێکە، کە ئەبێ شەڕی لەگەڵ بکەیت. ئیتر دینیش ئەبێتە ڕێگای شەڕەنگێزی و مەکینەی ڕق و تێکدانی ژیان!
ئایدۆلۆژیا یەعنی ئەوێکی شەیتان و تۆیەکی ڕقاوی، کە ئیش و کارت شەڕکردنە لەگەڵ ئەو شەیتانە. ئەوەی کە ئیمڕۆ شەیتانی ئایدۆلۆژیایەکەو ئایدۆلۆژیستەکان هیوایەتیان نەمان و سڕینەوەیەتی،، خۆ ئەگەر نەشمێنێت یارییەکە لەوێدا کۆتایی نایەت، بەڵکو خێرا ئایدۆلۆژیاکە شەیتانێکی ترت بۆ دائەتاشێ و لە شەڕو ڕقێکی ترەوە ئەتگلێنێ،، چونکە ئەو شەڕو ڕقەیە کە سیحری یارییەکەیەو وەسیلەی بێ هۆشکردن و مێگەلسازییەکەیە!
کاری ڕاستەقینەی مرۆڤی دینداریش، هەر ئەوەیە کە، ئەو دینەی کە هەڵگەڕاوەتەو بووە بە ئایدۆلۆژیا، لەناو خۆتدا هەڵیگەڕێنیتەوەو بیکەیتەوە بە دین. بۆ ئەوەی لە شەڕەنگێزێکی ڕقاویی ناو مێگەلەوە، ببێتەوە بە مرۆڤێکی ئازادو ئارامی ناو پێکەوەژیان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button