دەستپێکردنی ستراتیجییەتی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی راگەیەندرا

لڤین:

دەستەی دەستپاکی عێراق، دەستپێکردنی ستراتیجییەتی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە ئامانجی گێرانەوەی پارە بەقاچاغبراوەکان بۆ دەرەوە راگەیاند.

بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی عێراق، ستراتیجییەتی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستی پێ کردووە ئەوەیش بە هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمپانیا جیھانییەکان کە لە 2021ەوە تا 2024 بەردەوام دەبێت.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،” بە ھەماھەنگیی لەگەڵ کۆمپانیا جیھانییەکان، کە خاوەن شارەزایی و لێھاتووین لە بواری گێرانەوەی پارە بەقاچاغبراوەکان و دەستگیرکردنی کەسانی تۆمەتبار بە گەندەڵی، کار دەکرێت بۆ گێرانەوەی پارە بەقاچاغبراوەکان بۆ دەرەوە”.

ئاماژە بەوەیشدراوە،”ستراتیجییەتیەکە کاراکردنی بەشداریکردن لە پڕۆسەی دەستنیشانکردنی دیاردەکانی گەندەڵی لەگەڵ دابینکردنی دەرفەتی راھێنان و پەرەپێدان بە توانای کادیرەکانی دامەزراوە و کەرتە پەیوەندیدارەکان لەخۆدەگرێت “.

ساڵی رابردوو مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی پێکھێنابوو و ئەرکی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی گەندەڵکارانیشی بە ھێزێکی تایبەت راسپاردبوو.

بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، لە 23ی ئایاری ئەمساڵدا، ئاشکرایکردبوو کە لە ساڵی 2003وە، 150 ملیار دۆلار لە چوارچێوەی گرێبەستەکانی گەندەڵی، بەقاچاغ براونەتە دەرەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button