ئاری هەرسین لەسەر بێڕێزی کردن بە عومەری کوڕی خەتاب روونکردنەوە دەدات

ئاری هەرسین، لەسەر ئەوەی قسەی بە عومەری کوڕی خەتاب وتووە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت هەر بێڕەزیەک بەرامبەر بە ئاینی ئیسلام یان ڕابەرانی بکەم، ئەوا لەپێش هەموو کەسێکدا بێڕێزیم بە خۆم کردوە.

ئاری هەرسین ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەولێر، لەسەرئەو نوسینەی وەک نامەیەک ئاراستەی عەلی خامەیی رێبەری باڵآی شۆرشی ئیسلامی ئێرانی کردبوو روونکردنەوەیەکی بڵآووکردەوە و تیایدا دەڵێت: هەموو ئاینە ئاسمانیەکان بەمەبەستی ڕێکخستنی ئەخلاقیات و ئیدارەی کۆمەڵگە بۆ ئینسان نێردراون. بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوە ندی ئینسان و خوا شتێکی شەخسیە و، پەیوەندی بە هەردوو بنەمای ئیمان و خۆشەویستیەوە هەیە. ئینسان خوای گەورە ئەپەرستێت و نوێژی بۆ ئەکات چونکە خۆشی ئەوێت، نەک لەبەر ئەوەی لێی ئەترسێت، چونکە خوا (الرحمن الرحیم)ە.

ئەو دەشڵێت: لە بنەماڵەیەکی موسەڵمانم و، خۆشم لەخوا بەزیاد بێت کەسێکی ئیماندارم.  بۆیە ئەگەر هەر بێڕێزیەک بەرامبەر بە ئاینی ئیسلام یان ڕابەرانی بکەم، ئەوا لەپێش هەموو کەسێکدا بێڕێزیم بە خۆم کردوە.

ئەو دەشڵێت “لەنامەکەدا من باسی لەشکرێکی زل و زەبەللاحم کردوە کە سەرێکی لە میسر بوە و سەرەکەی تریشی لە سنوری ئەفغانستان و پاکستان. ناوەندی خەلافەت لە نیمچەدورگەی عەرەبی بوە و، مەسافەی فەرماندەی لەشکرەکە و سەربازەکانی بە هەزاران کیلۆمەتر لێک دوور بوە. بۆیە شتێکی سەیر نیە یەکەیەکی سەربازی سنوری ئەخلاقی تێپەڕاندبێت و لە ڕێنماییەکان لایان دابێت. ئەگەر ئەم سەربازانە لە وڵاتێکی دورەدەست تاوانێکیان کردبێت، بەندە نەهاتوم تاوانەکە بخەمە ئەستۆی خەلیفەی ئیسلام”.

ئەو دەشڵێت “لە ئەدەبیاتی ئیسلامی و بگرە ئەوروپیش دا خەلیفە عومەر بە کەسێکی ڕیفۆرمیست (ئیسڵاحی) ناسراوە. ئەگەر حاکمێک هیچ کەمو کوڕیەک لە سنوری حوکمڕانیەکەیدا بەدی نەکات، چ پێویستی بە ڕیفۆرم و چاکسازی هەیە؟… کەوابێ خەلیفەی موسوڵمانان خۆشی هەستی بە کەمو کوڕی لە کۆمەڵگەی ئیسلامی ئەو سەردەمە کردوە. ئیتر کەم و کوڕیەکان لەوانەیە لە جومگە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری یانیش دام و دەزگای سەربازیدا بوبێت”.

هەرسین دەشڵێت “ئەگەر ئینسان پێیڕەوی ئاینێکی تریش بێت نابێت دەست بۆ پیرۆزیەکانی ئاینێکیتر بەرێت، چ جای ئاینەکە ی خۆی. ئەوجۆرە بیرکردنەوەو کردارانەش لەبەندەوە دوورن، وابزانم هاوڵاتیانیش ئەو ڕاستیە باش ئەزانن”.

وتوشیەتی “ئەگەر لەداڕشتن و لە تەعبیردا، ئینتیباعێکی بەجۆرێک لای هەندێک لە هاوڵاتیان دروست بوبێت کە بەندە هێرشم کردبێتە سەر خەلیفەی ئیسلام ئەوا لەدڵەوە داوای لێبوردن ئەکەم. هەرچەندە دوپاتی ئەکەمەوە ناوی خەلیفەی ئیسلام لە چوارچێوەی مەنزومەی سەربازی ئەوسەردەمەی سوپای ئیسلام هاتوەو بەس”.

ئەندامەکەی سەرکردایەتى پارتى، نوسینێکی لە شێوەی نامەیەکدا بڵاو کردەوە کە  بە سەرەتای (بەڕێز جەنابی ئایەتوڵا خامنەیی ) بڵاو کردەوە و نوسینەکەش کاردانەوەی خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لێکەوتەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button