بەڕێز جەنابی ئایەتوڵا خامنەیی

بەناوی خوای گەورەو میهرابان… خالق و خاوەنی خاکی پیرۆزی کوردستان
بەڕێز جەنابی ئایەتوڵا خامنەیی
سڵاوی گەرم…
لە ناو میلەتی ئێمەدا جەنابت بە کەسێکی قاتیل و پیاو کوژ ناسراویت… بۆچی وایە؟
لەوانەیە لە سێبەری دەسەڵاتی ەڕێزتا ئینسانەکان بە بێ تاوان کوژرابن… بەڵام خۆت بە شەخسی پەنجەت لەسەر پەلەپیتکەکە نەبوە. ئیتر هەتا کوێ جەنابت تاوانباری بە کوشتنی خەڵکی کورد؟… با ئەو بڕیارە بۆ خوای پەروەردگار و ویژدانی ئیسالامی و ئێرانی بەڕێزتان بمێنێتەوە.
هاوڕێیەکم گوتارێکی بەڕێزتانی بۆ ناردم کە باس لە هەژار موکریانی و وەرگێڕانی کتێبی قانون (یان الشیفا) دەکەن لە عەرەبیەوە بۆ فارسی دەکەیت. لە قسەکانتانا ئینسان ئینتیباعێک وەر دەگرێت کە جەنابتان بە ئیعجابەوە باسی هەژار ئەکەن. لە ڕاستیشا بە پێچەوانەی زۆرینەی مەلاکانی ئەهلی سوننەو شیعە، کە خۆیان بە نوێنەری خودای یەکتا ئەزانن و هەڕەشە لە خەڵک ئەکەن و جنێو فرۆشن، جەنابتان لە قسەکانتادا زۆر بەڕێزو مەوزونن… سوپاس بۆ خوا.
هەژار کوردە، بەڵام سەیر لەوەدایە کە لەژێر سێبەری حوکمڕانی جەنابتانا مناڵی ئێمەی کورد بەم ڕۆژگارە ئیعدام ئەکرێت، حەشدی شەعبی بە فرمانی سوپای پاسداران تەعەدەمان لێ ئەکەن. کوا فرمانی (الرحمان الرحیم)؟… کوا خۆشەویستی بۆ مافەکانی ئینسانی کورد کە مەخلوق و خۆشەویستی خوایە، وەک فارس، عەرەب، ئازەری، ئینگلیز، ئەفغانی و تورک؟… چۆن ئەبێت جەنابتان ئەم ناحەقیە قوبوڵ بکەن؟ ئەی (ولقد کرمنا بنی ادم) شمولی کورد ناکات؟… چی ئەبێت ئەگەر کورد شان بەشانی فارس و ئازەری بەشدار بێت لە بەڕێوەبردنی ئێرانێکی بەهێزا؟… بۆ نابێت؟
لەوانەیە هیچ کەس لە حوسێن (سید الشهدا) زیادتر نموزەجی قورربانیدان لە پێناو مەبدەئی ئینسانیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا نەبێت. ئەی کوا کاردانەوەی ئەو مەبدەئە بەرامبەر بە خەڵکی کورد؟… هەندێک لە کوردانی سەر بە مەزهەبی سوننە زۆر لە مێژە تەعەداکانی تیرۆریستەکانی سەر بە عومەری کوڕی خەتتابیان بۆ سەر کچانی حەوت ساڵی ئەم نیشتیمانە حەڵاڵ کردوە و بە غەزوەی ئیسلامی تەعریفی ئەکەن، کە لە ڕاستیا ئەو کردەوە نا ئینسانیە پڕۆسەی یەکەمی ئەنفالی بەدناوە دژی میللەتی کورد.
ئێمە سەرمان لێ تێک چوە…! خۆشمان نازانین کێ موسوڵمانی ڕاستەقینەیە؟… ئەوانەی کە ١٤٠٠ بەر لە ئێستا ئایینی (ئاشتی)یان بە زەبری شمشێر بەسەر میللەتانی فارس، ئازەری، کورد و ئەفغانی و… تا دێت فەرز کرد؟… یان ئەمەی بەناوی (امیر المومنین و سید الشهدا) ملی مناڵەکانمان ئەکات بە ئەڵقەی قەنارەدا؟…
ئێمە کێین؟… ئێمە چین؟… عەجەبا میللەتێکی لە توخمی جنۆکەین؟… عەجەبا لەبەر ئەوەی کابرای عەرەب (عومەر) سەحابە بوە، ئیتر مافی هەبوە بە چەپ و ڕاست میللەتەکەمان قەتلوعام بکات؟…
عەجەبا لە لای بارەگای خوای گەورە مافی ئەوەمان نیە بپرسین کێ ئەو حەقەی بە (عومەر) داوە؟… عەجەبا (عومەر) پێغەمبەرە؟… عەجەبا (عومەر) خوایە؟… کێ ڕێگەی پێدا ئەو هەموو تاوانە بەرابەر ئێمەی کورد بکات؟… عەجەبا ئۆمەتی ئیسلام دەبێت عەبدی خوا بێت، یان عەبدی عومەر؟… کامیان گەورەتر و پایەدارترن؟…
سەیرە ئێوەی پەیڕەوەی مەبدەئی ئیسلامی شۆڕشگێڕ بە هەمان ڕێڕەوی (عومەر) دا بچنەوە… سەیرە ئێوەش (لە نەگبەتی کورد) بێنە سەر مەزهەبی سونە و، تەعامولتان لەگەڵ ئامۆزاو هاو ئاینی خۆتان وەک ئەوەی (عومەر) بێت؟…
لە هەمو جێیەکدا کە وشەی عومەرم بەکار هێناوە مەبەستم سیستەمی بیرکردنەوەی (عومەر) و فەرماندە جەبانیەکانێتی، کە لە پاش قەتڵوعامی پیاوەکانمان، زۆر نامەردانە، کەوتونەتە گیانی ئافرەت و مناڵەکانمان. بە واتایەکیتر مەسەلەکە لەسەر کەسایەتی (عومەر) نیە، چونکە بۆ کەسی موسوڵمانی ڕاستەقینە ئەوەی جێی خۆشەویستی و پەرستشە خوایە و ئەوەشی نموزجە پێعەمبەرە و لەو چوارچێوەیەدا(واتە پەرستش و بەیعەت) هیچ تاکە ئینسانێک محەللی لە ئیعرابدا نیە. ئەم قارەمانانە ی فتوحاتی ئیسلامی، هەموو ئەم تاوانەیان (بەحسابی خۆیان) لە پێناو خواو پێغەمبەردا کردوە…!
عەقڵی ئینسان دیاری تایبەتیی خوای گەورەیە بۆ ئێمەی بەندە. کام مەنتیقی عەقڵانی لای پەسەندە کە پەیامی ئاشتی (ئیسلام) بە زەبری شمشێر و کوشتن و بڕین و وێران کردنی شار و گوند بە میللەتان بناسێنرێت؟…
هەژار کوردە و خەڵکی سابڵاخە. هەر بۆ زانیاری بەڕێزتان، هەژار برای ئەو ئێرانیە نیشتیمانپەروەرەیە کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە جیاتی ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵدا بکرێت، لە بەڕلین و لە پێناو کوردایەتی، لە لایەن ئیتلاعاتەوە شەهید کرا. جەنابتان ئامادەن لەگەڵ شەیتانە گەورەکە بچنە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەی بۆ کێشە ناوخۆییەکان لەگەڵ کوردەواری، لە بری فیشەک، بە زمانی شیرینی کوردی و فارسی چارەسەر ناکەن؟…بۆچی پەیامە ڕاستەقینەکەی (امیر المومنین و سید الشهدا) ناگەیەننە خەڵکی کوردستان؟… ئەو پەیامەی کە ئاشتی و ئازادیە. چونکە هەموو مەتیقێکی ئینسانی و ئیسلامی وا ئەڵێت.
خوای گەورە کوردستان و ئێران و خۆرهەڵاتی ناوەڕات لە پیلانی نیفاق بپارێزێت.
لەگەڵ ڕێزم…
ئاری محەمەد هەرسین
١٤\٧\٢٠٢١ سلێمانی
تێبینی:
بەندە ئەمتوانی ئەم نوسراوە بە زمانی شیرینی فارسی بنوسم، چونکە بە خۆشحاڵی و شانازیەوە ئەگەر فارسیەکەم لە کوردیەکەم باشتر نەبێت کەمتر نیە. بەڵام پێم باش بوو هاوڵاتیانم لە کوردستانی عێراق شاهێدی ئەم قسانە بن.
بەندە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانم و بەرپرسیارێتیم هەیە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. ئەم بۆچونانە تەعبیر نیە لە ئەفکاری حیزبەکەم، ئەم شتانەی عەرزم کردن بۆچون و بیرکردنەوەی شەخسین.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button