ژووری بارزگانی سلێمانی

نرخی مریشک دابەزیوە

لڤین:

كۆتایی مانگى رابردوو نرخى مریشك له‌ بازاڕه‌كاندا به‌شێوه‌یەکی به‌رچاو به‌رزبووه‌وه‌ و هه‌ر كیلۆیه‌ك مریشكى زیندوو گه‌یشته‌ نزیكه‌ى چوار هه‌زار دینار.

ژووری بارزگانی سلێمانی رایگەیاندووە، نرخى مریشك له‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان دابه‌زینى تۆماركرد و به‌ وته‌ى یه‌كێك له‌ خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان ئه‌مشه‌و یه‌ك كیلۆ مریشك له‌ كێڵگه‌كانه‌وه‌ به‌ دوو هه‌زار و ٢٥٠ دینار فرۆشراوه‌.

نازم جاف خاوه‌نى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌ر و جێگرى كۆمه‌ڵه‌ى كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان راگه‌یاندووە، “پێشتر باسى ئه‌وه‌مان كردووە به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى مریشك كاتییه‌، هۆكاره‌كه‌شى‌ په‌یوه‌ست نه‌بوو به‌ خاوه‌ن كێڵگه‌كان، به‌ڵكو ئه‌و زیانانه‌ى كه‌ پێشتر خاوه‌ن كێڵگه‌كان كردبوویان به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ له‌ ( ٪٧٠ بۆ ٪٨٠ ) ی خاوه‌ن كێڵگه‌كانى هه‌رێم و عێراق جوچكیان داخڵ نه‌كردبوو بڕه‌كه‌ زۆر كه‌م ببووه‌وه‌.”

جێگرى كۆمه‌ڵه‌ى كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان، ئەوەشی خستووەتەڕوو” لە ئێستادا جارێكى دیکە نرخى مریشك له‌ كێڵگه‌كان و بازاڕه‌كان كه‌مبووه‌ته‌وه‌ و شه‌وى رابردوو مریشك له‌ بازاڕه‌كان به‌ ( دوو هه‌زار و ٢٥٠ ) دینار فرۆشراوه‌، ئه‌وه‌ش نرخێكى كه‌مه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ خاوه‌ن كێڵگه‌كان له‌ زیاندان، چونكه‌ به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى عه‌له‌ف و جوچك و دۆلاریش، ئێسته‌ یه‌ك كیلۆ مریشك له‌ كێڵگه‌كان ( دوو هه‌زار و ٥٠٠ ) دینار ده‌كه‌وێت، پێشتر كه‌ دۆلار به‌رزنه‌ببوو یه‌ك كیلۆ ( دوو هه‌زار ) دینار ده‌كه‌وت”.

ئاماژەی بەوەیشداوە” له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا‌ زیانى خاوه‌ن كێڵگه‌كان به‌هۆى دابه‌زینى نرخى مریشك سه‌روو ( ٢٠ ملیار ) دیناره‌‌، لە کاتێکدا ته‌نیا بۆ چه‌ند رۆژێك مریشك گرانبوو، “هه‌مووان رووى ده‌میان له‌ ئێمه‌ بوو”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button