لە قامیشلۆ شەڕ بە قورسی دەستی پێکردوەتەوە

لڤین:

لە قامیشلۆ شەڕ لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و چەکدارەکانی “بەرگریی نیشتیمانی” سەربە ڕژێمی سوریا، بە قورسی دەستی پێکردەوە.

بە گوێرەی زانیارییە بڵاو کراوەکانی میدیاکانی، ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتژمێر 6ی بەیانی ئەمڕۆوە، شەڕی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و چەکدارەکانی “بەرگریی نیشتیمانی” سەربە ڕژێمی سوریا، لە گەڕەکی ‘تەی‌ لە ناوەندی شاری قامشلۆ دەستیپێکردەوە و لە ئێستادا شەڕەکە بە قورسی بەردەوامە.

دەستپێکردنەوەی شەڕ لە کاتێکدایە دوای نزیکە 24 کاتژمێر ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان و چەکدارەکانی “بەرگری نیشتیمانی” سەر بە سوریا، 22ی ئەم مانگە بە نێوەندگیری پۆلیسی ڕوسیا، ئاگربەست ڕاگەیەندرا، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێن: بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارەکانی “بەرگریی نیشتیمانی” سەربە ڕژێمی سوریا، ئاگربەستەکەیان پێشلکردووە و دەستیانکردووە بە “هاوێشتنی هاوەن و ئارپیجی و ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، هەروەها نیشانشکێنەکانیان لە سەربانی بینا بەرزەکان جێگیر کردووە و بە بەردەوامی مەیدانی ئەلوەحدە و کۆڵانی کۆڕنیش دەکەنە ئامانج”.

بەم هۆیەشەوە شەڕ دەستیپێکردوەتەوە و لە ئێستادا پێشڕەویی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دژەتیرۆر بۆ پاککردنەوەی گەڕەکی تەی لە چەکدارەکانی “بەرگریی نیشتیمانی” سەربە ڕژێمی سوریا، بەردەوامە.

شەوی 21ی ئەم مانگە لە فولکەی وەحدە لە شاری قامشلۆ، چەکدارەکانی “بەرگری نیشتیمانی” سەر بە ڕژیمی سوریا، لە گەڕەکی تەییەوە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی هێزەکانی ئاسایش و لە ئەنجامدا شەڕڤانێکی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بوو، دوابەدوای ئەوەش هێزەکانی ئاسایش بەرپرچیان دایەوە و شەڕ و پێکدادانی قورس هاتە ئاراوە.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button