لە کەناراوەکانی تونسدا نزیکەی ٢٠ کۆچبەر خنکان

لڤین:

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیس بووک بڵاوی کردەوە بەلەمێک کە ٤٠ کۆچبەری هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی سفاقس لە ڕۆژهەڵاتی تونس تێکشکا و لە ئەنجامدا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٧ کەسیش بێسەروشوێنن.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە لە ڕۆژی هەینی، پۆلیسی کەناراوەکانی سفاقس لە ڕۆژهەڵاتی تونس ئەوەی ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی تێکشکانی بەلەمێک لە کەناراوەکانی سیدی مەنسور کە نزیکەی ٤٠ کەسی تێدابووە، ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا کە ١١ پیاو و ٨ ژن و هەروەها منداڵێکیشی تێدابووە. تەنها ٣ ڕزگاربوو هەیە و بەپێی وتەی ڕزگاربووەکان ١٧ کەسی دیکە لە بەلەمەکەدا بوون کە لە ئێستادا بێسەروشوێنن.
ئاماژە بەوەیش دراوە بە پێی دواین زانیارییەکانی دەزگای لوتکە، کۆچبەرەکان ئامانجیان گەیشتن بووە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.
لە کۆتایدا دەزگاکە ڕایگەیاندووە چەندین جار هەوڵی لەو شێوەیە دراوە بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست و تەنها لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ٢٩٢ کۆچبەر لەو ڕێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button