ڕێواز فایەق:

متمانە بە دادگا هەبووایە گومان لە سەر بڕیاری سزادراوانی بادینان نەدەبوو

لڤین:

‌ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر متمانەی تەواو بەدادگا هەبووایە، کەس نەیتوانی گومان بخاتە سەر بڕیاری سزادانی ڕاگیراوانی بادینان، هاوکات باس لە پاشەکشەی ئازادییەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان.

د.ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەچاوپێکەتنێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، سەبارەت بە چەند پرسێک قسەیکرد.

لەبەشێکی قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، ئازادی رادەربڕین لەهەرێمی کوردستان، لەناو حزبەکان و تەنانەت لەناو خێزانیشدا لەپاشەکشەدایە و ئەوەش بەشێکی پەیوەندی بە میدیا و بەشێکی دیکەشی پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسیەوە هەیە، هەندێک میدیاش پاساو دەدەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەست بۆ ئازادییەکانیش ببات، جەختیش دەکاتەوە ئەگەر “متمانەی فیعلی بە دەسەڵاتی دادوەری و بە دادگا لە هەرێمی کوردستان هەبووایە کەس نەیدەتوانی گومان بخاتە سەر بڕیاری دادگا بە زیندانیکردن یان بە حکومدانی ئەو راگیراوانی بادینان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە لەسەر بڕیاری سزادراوانی بادینان “ئەوەی کە قسەی کۆتایی دەکات دەبێت دادگای پێداچونەوە بێت لە هەرێمی کوردستان”

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

پەیوەست بە ناڕەزایی بەشێک لە پەرلەمانتاران کە داواکارییەکانیان ناخرێنە کارنامەی دانیشتنەکان یاخود بڕیاری لەبارەوە نادرێت “دەمەوێت باسی ئەوە بکەم فراکسیۆنی پەرلەمانی هەیە، بۆ نمونە پەرلەمانتارێک تەنها خۆیەتی بە تەنها دەڵێت دەبێت بڕیارێک بدەین و وابکەین و وانەکەین بڕیار بە دەنگدانە، فراکسیۆن هەیە چوار کەسە و دەڵێت دەبێت ئەم پەرلەمان بڕیار بدات وابکات و وابکات، فراکسیۆن هەیە حەوتە و فراکسیۆن هەیە هەشتە ئەو ژمارانەیە هەیە فراکسیۆنەکە بووە بە دوو سێ پارچەوە و دەڵێت دەبێت ئەم پەرلەمانە بڕیار بدات ئاخر چۆن بڕیار بدات لە کاتێکدا بڕیار بە دەنگدانە! دەنگدانیش بە ژمارەیە، ئەمە ئەسڵە بەڵام دەڵێن خەتای سەرۆکایەتیە کە پەرلەمان بڕیار نادات! ئەی ئەوان دەنگیان نییە و ئەندامیان نییەو ئەو ژمارەیەیان نییە کە بتوانن بڕیاری پێ بدەن، ئەوان خۆیان ژمارەیان نییە بیشیخەمە دەنگدانەوە بە خراپی دەیدۆڕێنن، ئەمە ئیشکالەتەکەیە، ئیشکالیەتی ناو پەرلەمانی کوردستان ئیشکالیەتێکی ژمارەییە، ئیشکالیەتی نە مەبدەئە و نە لاوازی ئێمەیە و نە هیچ شتێکە.”

ئاماژەی بەوەشکردوە، “دوو شت هەیە بۆ ناچارکردنی سەرۆکایەتی بۆ نموونە بابەتێک بخاتە دەنگدانەوە یان پرۆژە بڕیارێک بخاتە دەنگدانەوە بێجگە لەو ئامادەکاریانەی دەیەوێت لە ڕووی ڕێکارییەوە، دوو شت هەیە یان خستنە دەنگدانە بۆ ئەوەیە ئەو شتەی کە دەیانەوێت بیبەنەوە بیچەسپێنن ئەویش دەبێت لە ناو فراکسیۆنەکاندا هەموویان بایی ئەوەندە دەنگیان کۆکردبێتەوە کە بتوانێت بڕوات ئەوە بۆ بەرژەوەندی خەڵکە و دەیانەوێت ئەنجامیان دەستبکەوێت، دانەیەکی تر هەیە بۆ ئەوەیە کۆمەڵێک دەنگبدەن و کۆمەڵەکەی تر زۆرینەکە دەنگ نادات یان بە پێچەوانەوە دەبێت حاڵەتەکە، ئەو گروپەی کە بۆ نموونە خۆیان دەنگیان بە بابەتەکە داوە بەڵام دۆڕاندوویانە گرنگ نییە بەلایانەوە ئەنجامەکە لە کۆتاییدا چییە ئەوەندەی گرنگە بەلایانەوە بێنە دەرەوە و بڵێن ئێمە دەنگمان نەدا بەڵام بەشی ئەولا دەنگیاندا لە کاتێکدا ئەمە بۆ پەرلەمان و بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان مادەم ئەنجام نییە بەرهەمی نییە واتە هەندێک بابەت هەیە بۆخۆم نامەوێت لێکترازانەکان لەناو پەرلەمانی کوردستان زیاتربێت ئەسڵ ئەوەیە ئیشی ئێمە ئەوەیە کە ئیدارەی ناو جیاوازییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان بکەین. ”

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باس لە ئیدارەدانی پەرلەمانی دەکات و لەو ڕووەوە وتی” هەوڵیشمانداوە ئیدارەی جیاوازییەکان بین بە جۆرێک کە فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و فراکسیۆنە گەورەکان بە بەردەوامی پێمان دەڵێن تۆ بە بەردەوامی چاوت لەسەر لای چەپە ئەو شوێنەی کە ئۆپۆزیسیۆنی لێیە بە بەردەوامی یەکەم جار ناوی ئەوان دەنوسین، یەکەم جار دەرفەت دەدەین بە ئەوان جگە لە جارجارێک بۆ ڕازیکردنی بۆ نموونە پارتی و بۆ ڕازیکردنی یەکێتی و گۆڕان دەرفەت دەدەین بە ئەوانی تر بەڵام هەستێکم بۆ دروستبووە هەتا زیاتر نەرمییان لەگەڵدا دەنوێنیت مرۆڤ هەندێک جار پەشیماندەبێتەوە لە نەرمی نواندنی زۆر چونکە هەستدەکەم خەریکە کاردانەوەی توند لەلای فراکسیۆنە گەورەکان دروستدەبێت بەرامبەریان، ئەسڵیش ئەوەیە واجبی ئێمە ئەوەیە هەموو لایەک بپارێزین.”

دەربارەی بڕیاری بەشداری نەکردنی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی هەرێم تا ئەوکاتەی داوای لێبوردن دەکات؟ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی” نامەوێت زۆر قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەم، هەتا ئەو شوێنەی کە ئەندامێکی پەرلەمان لە دەرئەنجامی توڕەبوونێک هەندێک جار مرۆڤ ڕەنگە دەسەڵاتی بەسەر خۆیدا نەمێنێت ڕەفتارێک بکات کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕێپێدراوی پەیڕەوییە لە ئەنجامی توڕەبوونێک ئەمە تاڕادەیەک قابیلە بۆ ئەوەی تۆزێک ئاسانتر بابڵێین بە نەرمیەکی زیاتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئەم ئەزموونە لە دنیادا هەیە و بە درێژایی ئەمساڵ و وا نزیک دەبینەوە لە دوو ساڵ زۆرجار قسەی زۆر قورسی ناخۆشیان بەرامبەر خۆم کردووە پێشم ناخۆشبووە زۆر زۆریش لە دڵەوە لێی نیگەران بووم بەڵام لەسەری نەڕۆیشتووم و وتومە پەرلەمانتارە و توڕەبووە و ساتێکە قسەیکردووە و خۆشم ڕەنگە لە کاتێکدا توڕەبووبم قسەم کردبێت تەمەنەکانیشیان تێکڕایی تەمەن لە پەرلەمان 39 ساڵە کە بە ڕاستی تێکڕاییەکی کەمە.”

ئەوەشی خستوەتەڕو، ” هەرچی ئەوەی کەبرای بەڕێزم کاک دکتۆر کازم ، دوو سێ شتی زۆر زۆر ناخۆشبوو، یەکەم ئەو خۆی ئامادەکردبوو ئەو ئیشە بکات پێش ئەوەی ئێمە ڕێگەی پێبدەین قسە بکات یان قسە نەکات خۆی ئامادە کردبوو بە بەڵگەی ئەوەی “دوور لە ڕووی گوێگران”کە دەیڵێم هەردوو جووتە پێڵاوەکە بەدەستیەوە بووە کە دەستی بە قسەکردن کردووە واتە لە پێیدا نەبووە چونکە ئەگەر ڤیدیۆکە ببینین دانانێتەوە پێڵاوەکانی دابنێت، دووەم هەردووکی بە قەیتان پێکەوە گرێدرابوو، هیچ کەسێک نییە هەردوو جووتە پێڵاوەکەی بە قەیتان پێکەوە گرێبدات و پێوەی بڕوات، سێیەم من سێ چوار جار وتم برای بەڕێزم بە قوربان کاک دکتۆر کازم واتە وای لێهات بە ئسلوبێک هەندێک جار لە تەلەفزیۆن خۆم دەبینم ڕقم لە خۆم دەبێتەوە ئەوەندە ئیلحاحم لێکرد بۆ ئەوەی زۆر لەسەری نەڕوات بێگومان ئەو خۆی ئامادەکردووە و سووربوونی هەیە لەسەری و پەیوەندی بە توڕەبوونەوە نییە و پەیوەندی بە ناڕەزایی و هیچ شتێکەوە نییە واتە شتێکە و پێشتر خۆی ئامادەکردووە ئەوە بکات، هەروەها دەڵێت ئەوە من سەرۆکی حیزبەکەم کاک شاسوار پێی وتوم ئەوە بکەم! کاک شاسوار ئەوە ئەوەیانم تەواوکرد دوای ئەوە چی بکەم؟ بێگومان ئەگەر یەک تۆز سیاسی بێت نابێت ئەو قسەیە بکات تەنانەت ئەگەر سەرۆکی حیزبەکەشی پێی وتبێت چونکە پەرلەمانتارانی حیزبەکانی فراکسیۆنەکانی تریش حیزبەکانیان پێیان دەڵێن وا مەکە و وا بکە واتە ئەوە نییە بوترێت حیزب کاریگەری نییە و پێم ناڵێت چی بکە و ئەوانە بە ڕێگەیەک لە ڕێگەکان حیزب کاریگەری هەیە لە ئەوروپاش لەسەر ئاڕاستەکردنی پەرلەمانتارانی بەڵام لانی کەم نەدەبوو وا بڵێت ئەو دوو حاڵەتە تۆزێک بۆ ئێمە ناخۆشبوو.”

د. ڕێواز فایەق دەشڵێت” بە ڕاستیش نابێت ئەمە هەر ئاوا بە ئاسایی بڕوات ئێمە وتمان بەڵکو داوای لێبوردنێک بکات لە پەرلەمان چونکە دەمەوێت ئەو ڕاستیە باس بکەم پێڵاوەکانی هەڵنەدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڵکو هەڵیدایە بەردەمی خۆی لەلای ئەو مێزەی کە لە ئەسڵدا شوێنی میوانەکانی پەرلەمانی کوردستانە بۆ نموونە کە “وەزیرە بەڕێزەکان” دێن بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئێمە لەسەرەوەین دوای ئەوە لیژنەی یاسایی دانیشتوون دوای ئەوە منەسەیەکی تر هەیە، ترسنۆکانە پێڵاوەکانی هەڵدا بەڵام پێدەچوو واجبێک جێبەجێ بکات ئیستاش برایەکی ئازیزە و بۆخۆم لێی خۆشبووم هیچ شتێکی کەسی نییە وە لەوێش وام وتووە دووبارەشی دەکەمەوە بەڵام بووە بە دەنگدان و بڕیارێکی پەرلەمانییە پێڵاوهەڵدان لە ناو پەیڕەودا نییە بۆیە چارەسەری پەیڕەوی بۆ نەکراوە ئێمە ناچارین کە حاڵەتێک چارەسەری پەیڕەویی نەکرابێت ناچارین ئێمە بچین بۆ ڕێکارێک عادەتەن هەر ڕێکارێک بێت ڕێکار دەبێت بە دەنگدان بکرێت وە دوا جار ئەو شتانەی کە دەکرێنە یاسا کێ دەیکاتە یاسایی؟ بێگومان پەرلەمان دەیکاتە یاسایی.”

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕێگەنەدان بە بەشداریکردنی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆبونەوەکانی پەرلەمان هەتا ئەوەی داوای لێبوردن نەکات وتی” خۆی دوو شت هەیە یان ئەوەتا جارێکی تر ئەو بڕیارە لە ناو هۆڵی پەرلەماندا هەڵبوەشێتەوە چونکە ئێستا سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی هیچ دەسەڵاتێکی نییە لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا واتە ئێمە لە بەرامبەر ئەو بڕیارە وەکو تۆین کە لە کوردستانیش نیت ناتوانیین هیچ شتێکی بۆ بکەین دەبێت هەڵبوەشێتەوە بە دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمان، دووەمیش ئەوەیە کاک دکتۆر کازم داوای لێبوردن بکات هەردووکی ئەو دوو ڕێکارەیە کە دەتوانرێت جارێکی تر کاک دکتۆر کازم بێتەوە ناو دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان.”

سەرۆکی پەرلەمانی کورستان ڕەتیکردەوە لەم خولەدا زۆرترین پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران هەڵگیرابێت و نێردرابنە بەردەم دادگا کە هەندێک لە پسپۆڕانی یاسا ئەوە بە مەترسی دادەنێن لەسەر دەسەڵاتی پەرلەمان (چاودێری و یاسایی) بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن( حکومەتەوە)، لەو ڕوەوە وتی ” جارێ ئێمە زۆرترین پارێزبەندیمان هەڵنەگرتووە کەس نەچووە ژمارەی هەڵگرتنی ئەو پارێزبەندییانەی کە لە خولەکانی پێشوو کراون بیژمێرێت ئەگەر پێویست بێت من دەتوانم ئەوە بخەمە بەر دەستی خەڵک کە ڕاستە بە دەنگدان پارێزبەندی هەڵنەگیراوە بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران نێردراونەتە بەردەم دادگا بەڵام بە بێدەنگی، سەبارەت بەوەی ئێمە پارێزبەندیمان لەسەر زۆر پەرلەمانتار هەڵگرتووە دەمەوێت باسی (زۆر) بکەم زۆر ئەوە بۆ گەنم دەبێت بۆ ئارد دەبێت بۆ برنج دەبێت بەڵام وشەی (زۆر) بۆ پەرلەمانتار نابێت ئەوە بە ژمارەیە، ئێمە دوو میکانیزمان هەیە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی یەکێکیان لە 1-3 بۆ 30-6 بە دەنگدانە، لە 1-9 بۆ 31-12 بە دەنگدانە لەناو هۆڵی پەرلەمان، لە 1-1 بۆ 1-3 ، لە 1-7 بۆ 1-9 لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە، سەبارەت بە شێوازی یەکەم تەنها پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عمر) هەڵگیراوە بە دەنگدان نامەوێت زۆر باسی ئەوە بکەم چونکە لە قەبارەی خۆی لە کاتی خۆیدا زیاتر قسەی لەسەر کراوە، لە قەبارەی خۆی زیاتر گەورە کرا بە داخەوە، ئەوانی تری کە دەمێنێتەوە دەکەوێتە دەسەڵاتی ئێمە لە پشووی وەرزی یاساداندا ئێمە زیاتر لە 25 بۆ 30 داوای دادگاکانمان هەیە لەسەر ئەندامانی پەرلەمان کە داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی دەکەن لەسەریان.”

ئاماژەی بەوەشکرد، ” ئەگەر داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییەکە لەو ماوەدا بێت کە باسمکرد لە 1-1 بۆ 1-3 ، لە 1-7 بۆ 1-9 تەلەفۆنیان بۆ دەکەین دەڵێن بەڕێز پەرلەمانتار فڵان کەس لەسەر فڵان داوا بە ژمارە ئەوەندە لە فڵان دادگا ئەو داوایەت لەسەرە ئێستا لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە ڕەزامەندی بچیتە بەردەمی دادگا؟ یان وەڵامی دادگا بدەینەوە کە تۆ ناتەوێت بڕۆیتە بەردەمی دادگا؟ بێگومان تیایاندایە وتویەتی نامەوێت بڕۆمە بەر دادگا و وەڵامدەرەوە و یەکسەر وەڵامم داوەتەوە کە ناینێرین بۆ دادگا ، تیایاندایە نەخێر دەڵێت ئەم داوایە بە دوامەوە دەمێنێتەوە بۆ نموونە کاک بێستون فایەق داوای خولی پێشووی لەم خولەدا جوڵاوە هات بۆ لام و هەندێک ئیشمان لەسەر کرد، هەندێک پەرلەمانتار دەیەوێت نەکەوێتەوە ئەو کاتەوە ئێستا نفوزی هەیە و ڕەنگە ڕێزێکی زیاتری بگیرێت وە ڕەنگە خۆی بیەویت بابەتێکی دیاریکراو بسەلمێنێت حەزبکات بچێتە بەردەمی دادگا هەردوو حاڵەتەکە دوروستە، خۆیان دەڵێن بەڵێ تیایاندایە دەڵێت بەڵێ بمنێرە و نووسراودەکەم دەڵێم ڕەزامەندین بە هاتنی فڵان کەس بۆ بەردەمی دادگا.”

د.رێواز فایەق وتیشی” ئەوەی کە بڵێت دەچمە بەردەم دادگا پرسی پێدەکەین بە فەرمی بە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی دەڵێین و بە خۆیشی دەڵێین. کاک بەهمەن خۆی یەکێکە لەوانەی وتی بەڵێ دەمەوێت بڕۆمە بەردەمی دادگا، ئێ خۆی دەیەوێت بڕوات بڵێم نەخێر تۆ مەڕۆ ! هەروەها کاک عەلی حەمە ساڵح و کاک دابان داوایان لەسەر هاتبوو بە هەمان میکانیزم ئاگادارمانکردنەوە، سەرۆکی فراکسیۆنەکەیمان ئاگادار کردنەوە داواتان لەسەرە دەتانەوێت بڕۆن ئەوان خۆیان یەکسەر لە فەیسبوک بڵاویانکردەوە بێگومان حاڵەتی تری وامان زۆر بووە بەڵام بڵاونەبۆتەوە لە سۆشیال میدیا. هەیە نەچووە هەیە چووە خۆیان بڵاویانکردۆتەوە، هەر خۆیان نووسراوێکیان بۆ ناردووم (داوات لێدەکەین بمانێرە بۆ بەردەم دادگا) ، ئێ دەیانێرم ، ئەندامی پەرلەمانە و خۆی داوا دەکات بچێت لەبەر ئەوەی ئەوەی دەوترێت لە ڕاستیدا ڕاست نییە لە 25-26 داوا 4 حاڵەت ڕۆیشتووە سیانیان بە خواستی خۆی دانەیەکیشیان بە دەنگدان.”

سەبارەت بە پڕۆژە یاسای دەستوری هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی” ئێمە کە سەرەتا دەستمان بە ئیشکردن کرد ئەو هەوڵماندا کەسی یەکەمی هەموو حیزبە سیاسیەکانمان بینی باسی ئەوەمان لەگەڵ کردن کە دەستور گرنگە، ئەوانیش هەموو جەختیان لەوە کردەوە، باوەڕی خۆشم وایە ئەسڵەن نەنگیە بۆ هەرێمی کوردستان لە دوای تێپەڕبوونی پانزە ساڵ یان شانزە ساڵ بەسەر پەسەندکردنی دەستوری عێراقی ساڵی 2005 دەسەڵاتی داوە بە هەرێمی کوردستان و هەرێمەکان لە عێراق دەستورییان هەبێت ئێمە لەبەر ناکۆکی سیاسی نەمانتوانیووە دەستورمان هەبێت لە کاتێکدا بە بەردەوامی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان مەترسی لەسەرە و یەکێک لەو میکانیزمانەی لەو ئامڕازانەی دەتوانێت قەوارەکە تا ڕادەیەک بپارێزێت لەوەی دەسەڵاتی سێ دەسەڵاتەکەی کەمبکرێتەوە لە ڕێگەی یاساوە ڕەنگە دەستوری هەرێمی کوردستان بێت.”

د. ڕێواز دەشڵێت” بەڵام ئایا دەتوانین یان نا؟ لە ڕاستیدا لەم ژینگە سیاسیە ناخۆشەی کە ئێستا لە نێوان هێزەسیاسیەکاندا هەیە، ئەم بابەتە ئاسان نییە چونکە ئەسڵ ئەوەیە دەبێت دەستور جۆرێک لە سازانی سیاسی لەسەربێت لە نێوان هێزە سیاسیەکان و لە نێوان هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا بە جیاوازی پێکهاتە و بیروباوەڕی سیاسیانەوە ئێمە ئیشی خۆمان دەکەین هەوڵی خۆمان دەدەین بەڵام باوەڕمان وایە دەستور لە دۆخێکی ئارام و تەندروستدا دەکرێت ئێستا نە دۆخ ئارامە و نە تەندروستە جۆرێک لە شەڕێکی سارد لە نێوان هێزە سیاسیەکاندا هەیە، تەنانەت لە نێوان هێزە سیاسیە باڵا دەستەکانیشدا کە ئیشکردن لەسەر ئەم بابەتە ئاسان نییە، هەرچەندە لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا ئێمە بەردەوام لە پەیوەندین و لەسەر خەتین بەڵام هەردوولا باوەڕمان وایە کە دەبێت بگەینە خاڵە هاوبەشەکان زیاتر بکەین، وە دەبێت ئەو خاڵانەی کە ناکۆکی لەسەرە لانی کەم پێش ئەوەی بچینە ناو پرۆسەی ڕێکاری یاسایی دانانەوەی پرۆژەکە دەبێت لەسەر ئەو خاڵە ناکۆکانە ڕێکبکەوین.”

پێشبینی دەکەیت لەم خولەی پەرلەماندا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستور؟ لەوەڵامدا د.ڕێواز فایەق وتی” ئومێددەکەین ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین، کەس نییە حەز نەکات لە زەمەنی ئەودا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستور. سەرۆکی پەرلەمان بێت یان هەر کەسێکی تر دڵنیام یەکێک لە ئاواتەکانی ئەوەیە بەڵام ئیتر هەلومەرجەکان یەکجار گەورەترن لە خواست.”

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەیسی زیندانیکراوانی ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی بادینان وەڵامی پرسیارەکەی دەنگی ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند” وەک باوەڕی خۆم باوەڕی تەواوم بە ئازادی ڕادەربڕین هەیە، ئەو حزبەشی لێوەی هاتووم باوەڕی تەواوی بە ئازادی ڕادەربڕین هەیە بەڵام بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی هەڵسەنگاندنی خۆم وایە بەرەو پاشەکشەیە نەک بە تەنها لەناو هەرێمەکەدا تەنانەت لەناو حیزبە سیاسیەکانیشدا قسەکردن خەریکە وای لێدێت ئازادی ڕادەربڕین نامێنێت لە ناو حیزبی سیاسییشدا نامێنێت لە ناو خێزانیشدا خەریکە وەکو پێویست نامێنێت، واتە ئەمە بە داخەوە ئێمە بەرەو پاشەکشێ دەبات بە گشتی، بۆخۆم توێژەر نیم لەو مەجالەدا ئەنجامەکە دەبینم دەبێت توێژەر پێمان بڵێت بۆ ئێستا ئازادی ڕادەربڕین بەردەوام بەرەو پاشەکشێ دەچێت؟ باوەڕی خۆم وایە بەشێکی پەیوەندی بە میدیاوە هەیە بەشێکی پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسیەوە هەیە بەشێکی پەیوەندی بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوە هەیە، ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی دە ساڵ پێش ئێستا وەکو ئێستا بوو؟ میدیا وەکو ئێستا بوو؟ واتە هەندێک میدیا بوونەتە مایەی ئەوەی پاساو دەدەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەست بۆ ئازادییەکانیش ببات.”

د. ڕێواز فایەق ئاماژەی بەوەشکرد، “دەمەوێت بە دیاریکراویی لەسەر ئەوانەی بادینان قسە بکەم، چونکە ئەوە بابەتێکی زۆر زۆر گرنگە، کێشەی ئێمە چیە لە هەرێمی کوردستان شتێک هەیە ناوی پڕەنسیبی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە نەک کێشەیە ئەمە ئەسڵە پڕەنسیبێکی دەستورییە و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە لەناو یاساکانی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی لەناو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا بە دیاریکراوەیی هاتووە هەر بابەتێک بچێتە بەردەمی دادگا ئێمە دەبێت یەکسەر لێپێچینەوە و بەدواداچوون لەسەری ڕاگرین ئەم بابەتانە لە ڕێگەی دادگاوە دەکرێن جا بە فیعلی ئەمانە بابەتی تاوانکاری- سزایین و دەبێت ببرێنە دادگا یان بابەتی ئازادی ڕادەربڕینن ئەوە دەوەستێتە سەر دەسەڵاتێکی تر کە ناوی دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان ، دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان کە دەیان نیشانەی پرسیاری لەسەرە وەکو چۆن نیشانەی پرسیار لەسەر پەرلەمان، وەک چۆن نیشانەی پرسیار لەسەر حکومەتە ،نیشانەی پرسیار لەسەر میدیایە لەسەر کۆمەڵی مەدەنییە لەسەر هەموو دامەزراوەکانی ترە جێی داخە من وا دەڵێم بەڵام ئەوە دادگایە یان دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان دەبێت بۆخۆی ئەم بێ متمانەیەیی بەرامبەری دروست بووە بۆ خۆی جارێکی تر لە نێوان خۆی و هاوڵاتیاندا دروست بکاتەوە چونکە ئێمە هەموومان کە خەسمین دەچینە بەردەمی دادگا ئەگەر متمانەمان بە ئەو نەمێنێت مەترسیەکە لەوەدایە.”

دەربارەی قسەی چەند پەرلەمانتار و چاودێرکی پرۆسەی دادگاییکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەوانانی بادینان؟ سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی” لە کاتی خۆشیدا من وتم ئەوەی کە پەرلەمانتاران لەسەر پرۆسەی دادگاییکردنەکە باسی دەکەن ڕاست بێت و یەکلایی کەرەوە یان ئەوەی کە قسەی کۆتایی دەکات دەبێت دادگای پێداچونەوە بێت لە هەرێمی کوردستان ڕەنگە هەموو ئەو شتانەی کە کردوومانە سەبارەت بە ئەوانەی بادینان لە ڕاگەیاندن قسەمان لەبارەوە نەکردبێت بەڵام ئەوەی توانیومە و ئەوەی لە سنووری پەیوەندییەکانی خۆم بووە بەکارمهێناوە بەشێکی کەمە دەبوو زۆر زۆر لەوە زیاترمان بکردایە بەڵام ئەوەمانکردووە. ئەسڵ ئەوەیە دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان ئەرکی ئێمەشە، ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێمیشە، ئەرکی حیزیبە سیاسیەکانیشە، ئەرکی کۆی دامەزراوە دەستورییە لە هەرێمی کوردستان کە دەستگیرۆیی دەسەڵاتی دادوەری بکەین بۆ ئەوەی متمانەی بگەڕێنێتەوە خۆ ئەگەر متمانەی فیعلی بە دەسەڵاتی دادوەری و بە دادگا لە هەرێمی کوردستان هەبووایە کەس نەیدەتوانی گومان بخاتە سەر بڕیاری دادگا بە زیندانیکردن یان بە حکومدانی ئەو بەڕێزانەی بادینان بەڵام ئەوە نەبوونی متمانەیە وا دەکات ئەگەر بەشێک لەو شتانەی دەوترێن 5% ئەو شتانەشی کە دەوترێن ڕاست بن مرۆڤ هەر هەست بە ئارامی و سەقامگیریەکی دەرونی ناکات یان ناتوانێت بڕوا بە خۆی بکات بابەتەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە دادگایە و پەرلەمان ناتوانێت قسەی لەسەر بکات.”

ئەی بۆچونتان چیە لەسەر تۆمەتبارکردنی ئەو ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانە بە سیخوڕ و تۆمەتی ئەمنی کە دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە هەمان شێوە ئاماژەی پێکردووە؟ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامدا وتی، ” ئێمە ناتوانین چاودێری ئەوە بکەین واتە ئیشی ئێمە نییە چاودێری دادگا بکەین چۆن یاسا جێبەجێ بکات هەمووی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ تەقدیری دادوەر و دەستور و یاسا ئەو دەسەڵاتەی پێداوە و سوێندی خواردووە کە چۆن یاساکەی پەرلەمان دەریدەکات جێبەجێی دەکات، ئەوەی لە ناو چاکسازییەکاندا دۆخیان چۆنە لە ڕاستیدا ئەمە قسە دەکرا کە دۆخیان چۆنە ئێمە لیژنەیەکی تایبەتمەندی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤە ناردمانن بۆ زیندان بۆ ئەوەی ئەو بەڕێزانە ببینن، بینویانن ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن و دەیدەن بە ئێمە کە ڕاپۆرتەکەیان هاتە بەردەستمان ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە وەزارەتی ناوخۆ لە وەزارەتی داد لە وەزارەتی کۆمەڵایەتی ئاگادار دەکەینەوە لە خراپی دۆخی زیندانییەکان ئەگەر ئەوان لە ناو ڕاپۆرتەکەیان ئاماژەیان بەوە دابوو کە بەڕاستی دۆخیان خراپە.”

باسی لەوەشکرد، ” بێگومان ئەگەر کەیسەکەیان پەیوەندی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە هەبێت بە کەیسی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، نەخێر نایاساییە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کردەیەکی دیاریکراو چ ماددەیەکی یاسایی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت ئەوە لە دەسەڵاتی دادوەرە و دادگایە واتە ئەو هەڵیدەسەنگێنێت ئەو کردەیەی کە ڕۆژنامەنووسێک کە چالاکوانێکی کۆمەڵی مەدەنی کردوویەتی بە ڕاستی دەچێتە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین یان دەچێتە چوارچێوەی کاری سیخوڕی؟ ئەوە ئیشی دادگایە و دادوەرە ئەگەر بە ڕاستی ئازادی ڕادەربڕین بێت و ئەوان بردبێتیان بە ماددەیەکی تر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردبن و بە ماددەیەکی تر حەواڵەیان کردبن بۆ دادگای تاوانەکان ئەوا نایاساییە.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button