کارمەندانی ئاوی دوكان – سلێمانی بایکۆتیان دەستپێکرد

لڤین:
کارمەندانی فەرمانگەی ئاوی دوكان – سلێمانی بایکۆتی دەوامیان دەستپێکرد و ناردنی ئاویان ڕاگرت و داوادەکەن بکرێن بە هەمیشەی و ئەو مووچەی چوار مانگە پێیان نەدراوە پێیان بدرێت.
كارمەندانی پڕۆژەی (ئاوی دوكان- سلێمانی هێڵی 2) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی کرد.
لەیاداشتەکەیاندا هاتبوو، ئەوان کە ژمارەیان 65 کارمەندە و خاوەنی بڕوانامەن بەڵام “لە ئێستادا پاش زیاتر لە 10 ساڵ خزمەتکردنمان وەک کرێکار ناومان دەهێنرێت، لەکاتێکدا لەکاتی قەیرانی دارایی و هەبوونی کۆرۆنادا بەوپەڕی بەرپرسیارێتی کارمان کردوە و تا ئێستاش نەکراوین بە هەمیشەیی و ماوەی چوار مانگیشە مووچەمان وەرنەگرتووە”.
کارمەندەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، “لەماوەی رابردوودا چەند جارێک سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە بەڵام بەدەم داواکارییەکەمانەوە نەهاتوون”.
ڕاشینگەیاندووە “تاوەکو سەرجەم کارمەندەکانمان نەکرێن بە هەمیشەی و هەموو شایستە یاسای و دارایی و خزمەتی چەند ساڵەی کارمەندەکانمان نەگێڕدرێتەوە کارەکانمان رادەوەستێنین”.