دڵنیایی دەدات

قوباد تاڵەبانی بەیاننامەیەکی توندی بلاو کردەوە

لڤین:

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دڵنیایی دەداتە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە زەوییەکانیان پێدەدرێت و دەڵێت، “هیچ کەس و هێزێک نییە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە”.

دەقی روونکردنەوەی قوباد تاڵەبانی:

دڵنیاییەک بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لەھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان

لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە.

ئەو زەوییانەی وەری دەگرن هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بەئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراون و رێکارەکان لەکابینەی نۆیەمدا تەواوکراون، کە ناوەڕۆکی سێ فەرمانەکە بریتییە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر ١١١٤٢ کەس لە کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان.

بۆیە دووبارە دڵنیاتان دەکەمەوە بە هیچ شێوەیەک قابلی قەبوڵ نابێت ڕێگریتان لێ بکرێت بۆ وەرگرتنی مافێکی ڕەوا و یاسایی ئێوەی دڵسۆز و قوربانیدەر.

هەمیشە دڵسۆزتان
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button