ڕێنمایی نوێ بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە مانگی ڕەمەزان دەردەچێت

لڤین:

ئاماره‌كانی‌ توشبون‌و گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆناوه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ ڕو له‌هه‌ڵكشانه‌و وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، پێش مانگی رەمەزان لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوەو ڕێنمایی‌و رێکاریی نوێ دەردەکات.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماری رۆژانەی تایبەت بەڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوەو رایگەیاند، 1173 توشبوی نوێی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراون‌و لەو ماوەیه‌دا 4 توشبوی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە‌.

به‌رزبونه‌وه‌ی‌ ئاماره‌كانی‌ توشبون‌و گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆناوه له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هاتنی‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زان چه‌ند ڕۆژێكی‌ كه‌می‌ ماوه‌، له‌و مانگه‌دا تێكه‌ڵاوی‌ هاوڵاتیان له‌بازاڕو مزگه‌وت‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان زیاتر ده‌بێت.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، “بەخێرھاتنی مانگی رەمەزان دەکەین، رێکارەکان لەگەڵ مانگی رەمەزان دەگونجێنین، بۆیە پێش مانگی رەمەزان لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوەو رێکاریی نوێ دەردەکات كە لەگەڵ مانگی رەمەزان بگونجێت”.

وتیشی‌، “چونکە لەو مانگەدا ژیان دەکەوێتە شەوو ھاتوچۆ زیاتر دەبێت، بۆیە خۆمان ده‌گونجێنین‌و ھیوادارین خەڵک ھاوکاریمان بکات بۆ ئەوەی سەرکەوتوبین.”

هاوكات لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا له‌ڕژۆی‌ 2021/4/8وه‌و بۆ ماوه‌ی‌ چوار ڕۆژ قه‌ده‌غه‌ی‌ هاتوچۆی‌ لەکاتژمێر 08:00ی شەو تاوەکو 06:00ی بەیانی ڕاگه‌یاندووه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینرێت، بڕیاره‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ جێبه‌جێ ناكرێت‌.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button