بڕیاردەری لیژنه‌ی کاروباری کۆمەڵایەتی:

دۆخی تەندروستی زیندانیان لە هەولێر خراپە

لڤین:

بڕیاردەری لیژنه‌ی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایدەکات، دۆخی تەندروستی زیندانیان لە هەولێر خراپە و هەندێکیان توشی نەخۆشییەکانی پێست و سووربوونەوە بوون، دەشڵێت: داوای زیندانیە سزادراوەکانی بادینان ئەوەیە دۆسیەکەیان بگەیەنن بە نەتەوە یەکگرتووەکان تا پێداچوونەوە بەحوکمەکەیاندا بکەن.

بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنه‌ی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكی كردن لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، پاش ٢٧ رۆژ لە داواکاری بۆ سەردانیکردنی زیندانیکراوانی بادینان رێگەیان پێدراوە لیژنەکەیان سەردانیان بکەن، دەشڵێت: “بارودۆخی زیندانییەکان زۆر خراپە و لە هۆڵێکدا ١٣٥ کەسی تێدایە و بەشێک لە زیندانیکراوەکانیش توشی نەخۆشی جۆراوجۆربوون و بارودۆخی دەرونی زۆربەشیان باش نییە و رووخاون.”

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەیەک پاکێج و بەجیاجیا سەردانی هەر پێنج زیندانییەکەی بادینایان کردووە و زیندانییەکان ئەو تۆمەتانەیان رەتکردوەتەوە کە ئاڕاستەیان کراوە، هاوکات، وتەی یەکێک لە زیندانیکراوەکانیش دەگێڕێتەوە کە تۆمەتبار کراوە بەهەڵگرتنی چەک بەڵام تۆمەتبارەکە وتوویەتی: “هەرگیز نەمهێشتووە منداڵەکەشم تەنانەت دەمانچەی پلاستیکیش بەکاربهێنێت لەبەر ئەوەی جۆرێک لە توندوتیژی لە مێشکیدا تۆمار نەبێت.”

بەوتەی بەدریە ئیسماعیل، یەکێکی دیکە لە گیراوەکان وتوویەتی: “من تۆمەتبار کراوم بەوەی گوایە ئاسایشی هەرێمی کوردستانم تێکدابێت، من ١٤ ساڵە هۆشیاری خەڵک دەکەم بە ئەندازەی باڵەمێشولەیەک زیانم بەهیچ کەسێک و تاکێکی کۆمەڵگە نەگەیاندووە کەی ئەوە رەوایە، کاتێک دادوەر حوکمەکەمی خوێندەوە یەکسەر توشی بورانەوە بووم و لەهۆش خۆم چووم.”

یەکێکی دیکە لە سزادراوەکانی بادیانا باسی لەوەکردووە، “من ئەگەر هەڕەشەم بەخێزانەکەم لێبکرێت ئامادەم سەری خۆم دابنێم، کێ لەئێوە ئامادەیە هەڕەشەی بەخێزانی لێبکرێت و ئەو شتەی بەرامبەری رووبەڕووی دەبێتەوە قبوڵی نەکات.”

بڕیاردەری لیژنه‌ی کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی داواکاری گیراوەکانیشەوە دەڵێت: داوای ئەوان بۆ دەرەوە یەکەم شت ئەوەیە کە داوای ئەوان بگەیەنن بە نەتەوە یەکگرتووەکان تا پێداچوونەوە بەحوکمەکەیاندا بکەن بە گشتی داوای تەمیزی حوکمەکەیان دەکرد و داوای بینینی کەسوکاریان و پارێزەرەکانیان دەکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button