فراكسیۆنی یهكگرتوو لهسهر لێبڕینی مووچه هۆشداری دهداتە حکومەت

لڤین:
فراكسیۆنی یهكگرتوو له پهرلهمانی كوردستان لهسهر بهردهوامیدان به لێبڕینی مووچه هۆشداری دهدات و دەڵێت: كۆی داهاتی ههرێم حكومهتی ههرێم مانگانه گهیشتۆته سهرو یهك ترلیۆن دینار، بۆیە ئێستا ھیچ پاساوێك نابینین بۆ بەردەوامی دان لەسەر تاوانی لێبرینی ھەر بڕێك لە مووچەی مووچەخۆران.
فراكسیۆنی یهكگرتوو، له پهرلهمانی كوردستان لهسهر بهردهوامیدان به لێبڕینی مووچه بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: دوای ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەنایاسایی لێبرینی برێك لە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی ئەنجامدا وەك یەکێك لەدەرھاویشتە خراپەکانی ئابووری شکست خواردووی سەربەخۆ و ڕێکارێکی چەوسێنەر بۆ ستەملێکراوترین چینی کۆمەڵگە، ئێستا ھیچ بیانوویەك نەماوە بۆ لێبرینی مووچە بەتایبەت کاتێك نرخی بەرمێلێك نەوت گەیشتووەتە سەروو شەست دۆلاری ئەمریکی.
دەشڵێت: ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 450 ملیۆن دۆلاری لە داھاتی نەوت وگاز بۆ دەمێنێتەوە و داھاتی ناوخۆی ھەرێمیش گەیشتۆتە سەروو 250 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە زیاتر لە ترلیۆنێك دینار مانگانە لە کاتێکدا کۆی گشتی پێدانی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی ھەرێم زیاتر نیە لە 882 ملیار دینار مانگانە بهپێی زانیاریه ووردبینی نەکراوەکانی وەزارەتی داراییشەوە.
دهقی بهیاننامهكه:
دوای ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەنایاسایی لێبرینی برێك لە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی ئەنجامدا وەك یەکێك لەدەرھاویشتە خراپەکانی ئابووری شکست خواردووی سەربەخۆ و ڕێکارێکی چەوسێنەر بۆ ستەملێکراوترین چینی کۆمەڵگە.
ئێستا ھیچ بیانوویەك نەماوە بۆ لێبرینی مووچە بەتایبەت کاتێك نرخی بەرمێلێك نەوت گەیشتووەتە سەروو شەست دۆلاری ئەمریکی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 450 ملیۆن دۆلاری لە داھاتی نەوت وگاز بۆ دەمێنێتەوە و داھاتی ناوخۆی ھەرێمیش گەیشتۆتە سەروو 250 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە زیاتر لە ترلیۆنێك دینار مانگانە لە کاتێکدا کۆی گشتی پێدانی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی ھەرێم زیاتر نیە لە 882 ملیار دینار مانگانە بهپێی زانیاریه ووردبینی نەکراوەکانی وەزارەتی داراییشەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کەلەیاسای بودجەی عێراقی ئەمساڵ، لە مادەی (11)دا بەروونی ئاماژهی بهوهداوه كه دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرە یاساییەکانی لەپێشینەی خەرجیەکانی تر بێت لەو داھاتەی که له یاسای بودجەی عیراق بەری دەکەوێت.
بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ھیچ پاساوێك نابینین بۆ بەردەوامی دان لەسەر تاوانی لێبرینی ھەر بڕێك لە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، هەموو فشارێكیش دەگرینە بەر لەگەڵ ھاوھەڵوێستەکانمان بۆ رێگریکردن لەم ستەمە.
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
لە پەرلەمانی کوردستان
6-4-2021