سكاڵا لەسەر وەزارەتی تەندروستی تۆمار كرا

لڤین:

لەسەر هاوبەشی نێوان بەرپرسان و کۆمپانیاکان لەکڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکیەکان و بەهەدەردانی پارە، پزیشکێکی دەرمانساز لەداواکاری گشتی سکاڵای لەسەر وەزارتی تەندروستی حکومەتی هەرێم تۆمارکرد.

هاوبەشی بەرپرسان و كۆمپانیاكانی هەرێمی کوردستان لە كڕینی دەرمان نیگەرانی لێدەكەوێتەوە و لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ پزیشکێکی پسپۆڕی دەرمان و شارەزای کاروباری دەرمان، بە تۆمەتی “بە هەدەردانی پارە و گومان لە گرێبەستەکانی کڕینی دەرمان و پێداویستی و ئامێرە پزیشکییەکان” سکاڵای لەسەر وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی ئەو کەرتە تۆمار کرد، داواش دەکات لە رێگەی پیکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتەوە پێداچوونەوە بەو گرێبەستانە بکرێت.

د. دڵشاد محەمەد، پزیشکی دەرمانساز و شارەزای کاروباری دەرمان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “وەکو پزیشکێکی پسپۆڕ لەبواری دەرمان، سکاڵای خۆم لەسەر وەزارەتی تەندروستی لە 2005 و تاوەکو 2020 لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی تۆمارکردووە”.

ئەو پزیشکە داوای وردبینی لە دۆسیەی کڕینی دەرمان، پێداویستییە پزیشکییەکان، ئامێرە پزیشکییەکان و تەندەرینگ لە بواری دەرمانی شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە ماوەی ساڵانی 2005 بۆ 2020 دەکات و لەو بارەیەوە وتی: “سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و سەرجەم کەس و بەرپرسانی ناو وەزارەتی تەندروستی وەکو تۆڕی جاڵجاڵۆکە پەیوەندییان لەگەڵ یەک هەیە، بۆیە داوای وردبینی دەکەم لەسەر کڕینی ئەو دەرمان و ئامێرە پزیشکیانە”.

د. دڵشاد محەمەد، ڕوونیشیکردەوە، “بەڕێوەبەری گشتی، وەزیر، راوێژکاری ژمێریاری و یاسایی دەستیان لە بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر هەیە، هەر بۆیە داوای وردبینی و پێداچوونەوەمان بە گرێبەستەکانی کڕینی دەرمان و ئامێرە پزیشکییەکان کردووە”.

ئەوەشی وت کە “کاتێک کۆمپانیایەکی دەرمان تەندەری بۆ دەردەچێت لە پشتەوە وەزیرێک یان بەڕێوەبەرێکی گشتی یان راوێژکارێکی یاسایی یان ژمێریاری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لینکی لەگەڵ کۆمپانیاکەدا هەیە یان هاوبەشە لەگەڵی و پشکی لە کڕینی دەرمانەکە هەیە، بە نموونە ئەگەر نرخی کڕینی دەرمانێک دۆلارێک بێت، بەڵام چوار دۆلاری پێدراوە، بەمەش ئەو پارەیە بۆ ئەو کەسە دەگەڕێتەوە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button