ئەمڕۆ پارەی جوتیاران دابەش دەكرێت

لڤین:

بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە شارەکانی هەولێر و دهۆك شایستە داراییەكانی ساڵانی ڕابردووی جوتیارانی هەرێم دابەش دەكرێت.

بەر لە پشووەکانی نەورۆز بڕی 268 ملیار و 892 ملیۆن و 500 هەزار دیناری پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ی جوتیاران لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە دابەشکردنی ئەو پارەیە بەسەر جوتیاراندا نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆوە سایلۆی هەولێر و دهۆك دەستیان كردووە بە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جوتیاران بۆ ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016 .

لە لایەکی دیکە بەڕێوبەرایەتی سایلۆی سلێمانی داوای لەو جوتیاران کردووە کە گەنمیان ڕادەستی سایلۆكە كردووە لە ڕۆژی دوو شەممەوە سەردانیان بكەن و ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ئەوجوتیارانەی ساڵانی ڕابردوو گەنمیان ڕادەست كردووە دەبێت وەكالەتەكانیان نوێ‌ بكەنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button