حوکمداری کوردی هاوشێوەی سیستەمی تیمار !!

سوڵتانە عوسمانیەکان زەوی و زاری دەوڵەتیان بە بەشێک لە بەیتوماڵی خۆیان دەزانی و بەپێ ی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەسەر دەستوپێوەندەکانیاندا دابەشیان دەکرد.
لەبەر ئەوەی ئابووری عوسمانی زیاتر لەسەر کشتوکاڵ بوو و سەرچاوەی داهاتی سەڵتەنەت بوو، سیستەمێکیان داهێنابوو ناوی تیماربوو . لەسەرەتای دەوڵەتی عوسمانیەوە تا ساڵی 1839 ئابووری و بودجەی وڵات بەسترابوویەوە بە سیستەمی تیمارەوە . لەو ساڵەدا پیاداچوونەوە بە سیستەمی موڵکایەتیدا کرایەوە و سەرلەنوێ بە یاسایی تاپۆ زەوی و زارەکانی دەوڵەت دابەشکرایەوە.
سیستەمی تیمار بەخشینی زەویە کشتوکاڵیەکان بوو بەو کەسانەی سوڵتانەکان بە نزیکی خۆیانیان دەزانین. لەبەرانبەردا ئەوانیش بەشێک لە داهاتیان دەدا بە سوڵتان و مەسرەفی ئەو سوپا و سەربازانەشیان دەکێشا کەلە سنووری زەویەکانی ئەواندابوون. لەیەک کاتدا هەم سوڵتان سودمەندبوو و هەم پیاوانی سوپا. زەرەرمەندی یەکەمیش ئەو خەڵکانەبوون ( جوتیارەکان) کە لەسەر زەویەکان ئیشیان دەکرد . وەک کۆیلە بە خێزانەوە لەزەویەکاندا بەکاردەهێنران لەبەرانبەر کەمێک وەک نانەسکی لەو داهاتەی ئەوان هێزی بەرهەمهێنانی بوون.
سیستەمی ئابووری هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە، سەرچاوەکانی داهاتی وڵات وەک تیمار دەبەخشن بەو دەستەبژێرەی نزیکن لەخۆیانەوە لەبەرانبەر بەشێک لەو قازانجەی دەستیان دەکەوێت، لەهەمان کاتدا دەستەبژێرەکەی خاوەن تیماری هەرێمیش تێکەڵاویەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ هێزە چەکدارەکاندا هەیە، لەیەک کاتدا هەم سوڵتان ڕازیدەکەن و هەم و سوپا . خەڵکەکەش بێبەش لە سامان و داهاتی وڵات تەنیا ڕۆڵی جوتیارە بێدەرەتانەکانی سیستەمی تیمارەکەی سوڵتان دەبینێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button