ئێمە و ئێوە ( تەفاوت و تەمەییز)

ئەو هێڵەی بەنێوانماندا کێشاوتانە بەتەنیا ئێمە و ئێوەیەکی سادەی جیاواز نی یە ! بەڵکە دیاریکردنی تەفاوت و تەمەییزی ئێوەیە لە ئێمە ..

حکومەت بۆ ئێوەیە، متەمەیزن بەوەی خۆتان و کوڕ و کچەکانتان، حاکم و وەزیر و بەڕێوەبەری حکومەتن. تەفاوتمان لەوەدایە دەبێت ئێمە باج و سەرانە بدەین بە ئێوە بۆ ئەوەی خۆش بژین و ئێمەش بەبێ موچە و داهات خزمەتتان بکەین..

سوپا بۆ ئێوەیە  متەمەیزن بەوەی دەبێت ئەو سوپایە ببنە حیمایەی خۆتان و کچ و کوڕەکانتان. هەرکات پێویستان بوو بە تەواوی تفاقی عەسکەرەیەوە، سەربازەکان بێنە مەیدان، بەدۆشکە و چەکی قورسترەوە شەڕ بۆ منداڵەکانتان بکەن.

تەفاوتەکە لەوەدایە، ئێمەش دەبێت دەستمان بەدڵمانەوە بێت داخۆ منداڵی کاممان بە فشەکی منداڵەکانتان دەکوژرێت!!سامانی وڵات بۆ ئێوەیە. متەمەیزن بەوەی نەوت و گومرگ و زەوی و بازاڕ هی ئێوەیە.

ئێمەش مەئموری جێبەجێکار و کۆکەرەوەی سامانەکەتان بین. تەفاوتەکەش لەوەدایە، ئەگەر پیشە و کارێکی مەمرە و بژیتان بۆ خەڵک هێشتبێتەوە ، بە باج و ڕسومات و غەرامەکردن ئەوەشیان لێدەسەننەوە.

هەرچۆنێک بێت ، ئێمە و ئێوە، عادەتمان بەو ناعەدالەتیەی تەفاوت و تەمەییزەی نێوانمانەوە گرتووە، بەینی خۆمان پاراستووە، هێشتا کارەساتە گەورەکە ڕووینەداوە. کارەسات لە ئێستەوە دەستپێدەکات!! چۆن بتوانین منداڵەکانمان لە منداڵەکانتان بپارێزین؟!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button