وەزارەتی پەروەردە: تا 8ی 4 دەرگای خوێندنگاکان ناکرێنەوە
لڤین:
وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم بە فەرمی بڕیاریدا جگە لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، سەرجەم قۆناغەکانی دیکەی خوێندن تا 8ی مانگی داهاتوو دەوام دەست پێنەکەنەوە.
وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خویندن و کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ٢٥ی٣ی٢٠٢١ بە ئامادەبوونی وەزیری پەوەردە و بریکاری وەزارەت و بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، لەبەر زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاماژە بە ھەڵسەنگاندنی چەند بڕیارێکدرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە جگە لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی – ناحکومی) سەرجەم قۆناغەکانی دیکەی خوێندن دەوام تا رێککەوتی ٨ی ٤ی ٢٠٢١، تەنھا بۆ ئەنجامدانی ھەڵسەنگاندنی بازنەی یەکەم و تاقیکردنەوەکانی ٢٠ نمرەی نوسینەکی لە قوتابخانە حکومییەکان و تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لە قوتابخانە ناحکومییەکان دەبێت.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە کە سەرجەم ئەو قوتابخانە حکومیانەی ھەڵسەنگاندنی بازنەی یەکەم و تاقیکردنەوەی٢٠ نمرەی نووسینەکیان کردووە دەوامیان تا ٨ی ٤ی ٢٠٢١ رادەگیرێت.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشداوە کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای کۆرۆنا ھەڵسەنگاندنی نوێ بۆ دۆخی تەندروستی دەکرێتەوە.