لە عەین عیسا شەڕ و پێکدادانە و شەڕڤانان 16 چەکداریان کوشت
لڤین:
ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ناوچەی عەین عیسا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان شەڕڤانانی هەسەدە و تورکیا و چەکدارەکانی سەر بەو دەوڵەتە شەڕە و شەڕڤانان 16 چەکداریان کوشتووە و شەڕیش بەردەوامە.
تورکیا و چەکدارەکانی سەر بەو دەوڵەتە، ماوەی چەند ڕۆژێکە لەڕێگەی تۆپبارانکردن و پەلاماردانەوە هێرش دەکەنە سەر گوندەکانی ناوچەی عەین عیسا لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئاژانسی هاوارنیوز، بڵاویکردەوە نیوەشەوی ڕابردوو سوپای تورکیا و چەکدارەکانی سەر بەو دەوڵەتە، هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی معەلەک و سەیدا و هەروەها گەڕەکی باکووری ناوچەی عەین عیسا.
بە گوێرەی هەواڵەکە، هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە، وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە و لە ئەنجامدا شەڕ ڕوویداوە و تا ئێستاش شەڕ لە ناوچەی عەین عیسا بەردەوامە.
دوێنێش تورکیا و چەکدارەکانی سەر بەو دەوڵەتە، هێرشیان کردە سەر عەین عیسا و گوندەکانی دەوروبەری، لە ئەنجامی وەڵامی شەڕڤانانی هەسەدە- دا، ١٦ چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون.