سێشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

لڤین: سێشەممەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان کۆدەبێتەوە و بە گوێرەی کارنامەی دانیشتنەکەش بە ئامادەبوونی لایەن پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ لەبارەی دۆخی پارێزگای هەڵەبجە دەکرێت.
ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمان دەكات بۆ دانیشتنی ژماره (4)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لهخولی ههڵبژاردنی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان-عێراق، لهكاتژمێر (11)ی پێشنیوهڕۆی ڕۆژی سێشهممه ڕێكهوتی 2021/3/16.
بە گوێرەی راگەیەندراوێكیش کە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، بڵاوی کردوەتەوە، بەرنامەی کاری دانیشتنەکە بەمشێوەیە دەبێت: “خستنەڕووی كێشەو گرفتەكانی پارێزگای هەڵەبجە بەمەبەستی چارەسەركردنیان، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان-عێراق، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (66) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان”.