گەنجێک دوای هەفتەیەک لە دیار نەمانی تەرمەکەی دۆزرایەوە

لڤین: دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ، لە سنووری گەرمیان لەماڵ چووە دەرەوە و نەگەڕایەوە، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
لەبارەی ڕووداوەکەوە موقەدەم عەلی جەمال قدووری، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کەسوکاری ئەو گەنجە بەناوی (ع.س.ع) لەدایکبووی ساڵی 2004 دانیشتووی گردەگۆزینەی سەر بە قەزای کەلار پۆلیسیان ئاگادارکردەوە کە ناوبراو لەماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە.
وتیشی بەیانی ئەمڕۆ ئەو گەنجە بە کوژراوی لە پشت باخەکانی نزیک شەقامی پشتێنەی نێوان ناحیەی ڕزگاری – گردەگۆزینە دۆزرایەوە و بەمەبەستی پشکنین تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە، پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لەسەر ڕووداوەکە کردوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردوە.